دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەهۆی قەیرانی دارایی و سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، داهات و خەرجی و ئاستی خۆشگوزەرانی تاک و خێزانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە، ڕێژەی هەژاریش بەردەوام ڕووی لەبەرزبوونەوەیە، بەپێی ئامارەکان داهاتی خێزان بۆ (700) هەزار دینار کەمبووەتەوە.
ژمارەکان
مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە ئامارەکانی خەرجی و داهات و ئاستی بەرز و نزمی ڕێژەی هەژاری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "زۆرترین توێژینەوە و ئامار ئەنجام دەدەین، بەتایبەت لەسەر باری کۆمەڵایەتی و ئابوری خێزان، لە دوای ساڵی 2003وە تێکڕایی خەرجی هەر خێزانێک زیاتر لە 2 ملیۆن دیناربوو، بەڵام لەئێستادا بۆ 700 هەزار دینار دابەزییوە، واتە 1 ملیۆن و 300 هەزار دینار خەرجی خێزان کەبووەتەوە".
بەوتەی ناوبراو، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی داعش و کێشە ئابوری و سیاسییە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی ئاماری پارێزگای سلێمانی ئاشکراشیکرد "پێش قەیرانی دارایی (2%)ی دانیشتوان لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، لەئێستادا ڕێژەکە بۆ (12.5%)ی دانیشتووان بەرزبووەتەوە، هاوکات، هەر تاکێک نەتوانێت لە مانگێکدا 140 هەزار دینار خەرج بکات دەچێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و بەهەژار دادەنرێت".
تەنها 621 هەلی کار دابینکراوە
داهات و خۆشگوزەرانی پەیوەندی بەبوونی کارەوە هەیە، ئەگەر کار نەبێت داهاتیش نابێت، محمەد هاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەبارەت دابینکردنی کار و ڕاهێنانی گەنجان بۆ وەرگرتنی پسپۆڕی لە پیشە جیاوازەکاندا بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، تەنها لەمساڵدا 621 هەلی کارمان دابینکردووە، زیاتر لە 8 هەزار قەرزی بچوک دراوە، بەڵام دابەزینی ئاستی خۆشگوزەرانی و داهاتی تاک پەیوەندی بە کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە نییە، بەڵکو وەزارەتی دارایی و ئابوری لێی بەرپرسە بەو پێیەی ئەوان بودجە تەرخان ناکەن.
پسپۆڕێکی بوار ئابوریش ئاماژە بە هۆکارەکانی کەمبونەوەی داهات و خۆشگوزەرانی خێزان و تاکەکان دەکات. د. خالید حەیدەر، مامۆستای ئابوری لە زانکۆی سلێمانی، بۆ دواڕۆژ باس لەوە دەکات، هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پاشەکەوتی مووچە کە بە زۆرەملێ و نایاسایی کراوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ کەمبونەوەی ئاستی داهاتی تاک، تەنها فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، جگەلەوەی حکومەت کاریگەری هەبوو لەسەر ئاستی بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵک، لەهەمانکاتدا کەمبوونەوەی خەرجییەکانی خۆی لەبواری وەبەرهێناندا وایکردووە ئەو کەسانەی لە پرۆژەکاندا کاریانکردووە داهاتیان دابەزێت، لەهەمانکاتدا کۆمەڵێک خەڵکی زۆر بێکاربن، سەرئەنجام ڕێژەی هەژاری زیاد دەکات.
خۆشگوزەرانی نەماوە
لەئێستادا داهاتی تاک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و خۆشگوزەرانی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ نزمترین ئاست دابەزییوە، سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی هەرتاکێک بەو داهاتە دیاریکراوەی هەیەتی و چۆن داهات و خەرجی خۆی ڕێکبخات د. خالید حەیدەر پێیوایە، پێشتر بەهۆی ئەوەی دابەشکردنی داهات لەسەر خشتەیەکی مانگانە و پارەیەکی گونجاو بووە ئەتوانرا خۆش بژیت و خۆشگوزەرانی هەبوو، ئەم داهاتەی ئێستا بەشی خەرجییەکانی تاک ناکات، بۆیە لەسەرەتای قەیرانی داراییەوە تاک پەنای بۆ قەرزکردن برد، بەڵام لەئێستادا کار گەیشتووەتە فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ تا بڕێک پارەی دەستبکەوێت و دابەشی خەرجی و پێویستیەکانی مانگانەی بکات، ئەمەش بە ناڕێکی و نائاسایی دابەشدەکرێت، قورسە تاک بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵە بەو داهاتە کەمەی کە هەیەتی بکات، خۆشگوزەرانی نەماوە، تا ئەو ئاستەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە هێڵی هەژارییەوە نزیکبونەتەوە، ئەوەی کە هەیە 21%ی هاوڵاتیان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین لە عێراقدا، ڕێژەکە لە هەرێمی کوردستان زیاترە، چونکە کە داهات نەبوو ئاستی خۆشگوزەرانی بەرەو مام ناوەندی دەچێت و دواتر بۆ هێڵی هەژاری دادەبەزێت.
- 11-10-2016