لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تائێستا لانیکەم 75 لەسەدی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لەسوریاو عێراق کوژراون کە دەکاتە نزیکەی 50 هەزار چەکدار.
برێت ماکگۆرک نوێنەری تایبەتی باراک ئۆباما لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشکرای دەکات کە ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعشیان کوشتووە کە زیاترە لەو ژمارە چەکدارەی ئێستا لەبەرەکانی شەڕی ئەو ڕێکخراوەدان. ژمارەی کوژراوەکانیش لەساڵی 2014ەوە بە 50 هەزار چەکداری داعش مەزەندە دەکرێن.
ئەو وتانەی برێت ماکگۆرک لەمیانەی کۆبونەوەیەکیدا هات لەکۆشکی سپی لەگەڵ باراک ئۆباماو ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەمەریکی بۆ تاوتوێی دواین گۆڕانکارییەکانی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ماکگۆرک ئاماژەی بەوەکرد کە داعش چی تر ناتوانێت ڕیزەکانی پڕ بکاتەوە و ژمارەی چەکدارەکانی بەردەوام لەکەمبوونەوەدایە.
"ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە ئامادەن بۆ شەڕ لەناو عێراق و سوریادا لەئێستادا لەنزمترین ئاستیدایە بە بەراورد بەهەرکاتێکی دیکە" ماکگۆرک وای وت و ئاماژەی بەوەشکرد کە چەکداری بیانی ناتوانێت پەیوەندی بکات بەداعشەوە بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە توندەی لەسەر سنورەکان هەیە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەرکردایەتی ئەمەریکا و ئەندامێتی زیاتر لە 60 وڵات، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014وە هاوکاری هێزە شەڕکەرەکانی دژ بەداعش دەکەن لەعیراق و سوریا، بەبۆردومانی ئاسمانی و ڕاوێژ و ڕاهێنان.
لەو ماوەیەدا هاوپەیمانان 17 هەزار هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر پێگەکانی داعش ئەنجام داوەو زۆرینەیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە ئەنجامدراوەو تەنها 4 هەزارو 500 هێرشیان ئەندامەکانی دیکەی هاوپەیمانیەتیەکە ئەنجامیان داوە.
- 14-12-2016