رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس ۆچ) هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تۆمەتباردەکات بە ئەشکەنجەدانی 17 منداڵ لەکۆی 183 منداڵ کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە داعش دەستگیرکراون، دیندار زێباریش جەختدەکاتەوە هیچ کەیسێک وەکو داوای یاسایی پێشکەشنەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئه و منداڵانە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2016وە دەستگیرکراون ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی بەندکردنیاندا ئەشکەنجەدراون یان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە.
ئاشکراشیکردووە، دەستگیرکراوەکان لانی کەم بریتین لە 183 مێردمنداڵ کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە داعش بەندکراون.
منداڵەکان کە تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 17 ساڵیدایە لەلایەن "هێزەکانی ئاسایشەوە" ڕوبەڕووی "سوتاندن بە جگەرە یان وەستانیان لەسەر یەک قاچ و لێدانیان بە بۆکز و شەق و سۆندە و کێبڵ و لێدانی تەزوی کارەبا" بونەتەوە وەک ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکە ئاماژەی پێداوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هیچ کام لە منداڵەکان لەکاتی لێکۆڵینەوە پارێزەریان بۆ دابیننەکراوە و زۆریان لەدوای دەستگیرکردنیان ڕێگەی پەیوەندیکردنیان بە ئەندامانی خێزانەکانیانەوە پێنەدراوە کە لە هەندێک حاڵەتدا بۆ ماوەی چەند مانگێک بووە.
لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وتی ''نیگەرانیە شەرعیە ئەمنیەکان بیانوو نادەنە هێزە ئەمنیەکان لە منداڵان بدەن و تەزوی کارەبایان لەسەر بەکاربهێنن. ژمارەیەکی زۆر له و منداڵانەی لە دەست داعش هەڵدێن قوربانین و پێویستان بە یارمەتیە، بەڵام سەرەڕای ئەمە ڕوبەڕوی مامەڵەی خراپی زیاتر بونەتەوە'.'
هیومان ڕایتس ۆچ ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حکومەتی هەرێم لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل ئەنجامبدات له و تۆمەتانەی پەیوەستە بە ئەشکەنجەدانی منداڵان و سزای هەموو ئه و بەرپرسە ئەمنیانە بدات کە لەپشت ئه و کارەوەن.
لەسەرەتای کانوونی یەکەمی ڕابردوو توێژەرانی هیومان ڕایتس ۆچ سەردانی سەنتەری چاکسازی ژنان و منداڵانیان لە هەولێر کردووە و چاوپێکەوتنی تایبەتیان لەگەڵ 19 گومانلێکراو بە تیرۆر ئەنجامداوە کە سەرجەمیان کوڕ بوون و تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 17 ساڵدا بووە.
نۆ لە منداڵەکان ڕایانگەیاندووە کە تەزوی کارەبایان لێدراوە. یەکێکیشیان کە تەمەنی زۆر کەم بووە وتویەتی ''هەستیکردوە چاوەکانی دێنە دەرەوە'' کاتێک لێکۆڵەرێک بە ''ئامێرێکی کارەبایی'' ئەشکەنجەیداوە.
هاوکات منداڵێکی تری تەمەن چواردە ساڵ ئاماژەیداوە بەوەی "ئەفسەرێک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەستاوە بە هێنانە خوارەوەی پانتۆڵەکەی و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی کردۆتەسەر ئەگەر دان بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش نەنێت".
هیومان ڕایتس ۆچ دەڵێت لە ڕێکەوتی 27ی کانوونی یەکەم نووسراوێکی ئاراستەی مەسعود بارزانی کردوە و تێیدا داوای کۆمێنتی لەسەر ئەم تۆمەتانە کرد.
لە وەڵامێکدا لە ڕێکەوتی 10ی کانوونی دووەم، دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هیومان ڕایتس ۆچ ئاماژەی بە یاساو پرۆسەی لێکۆڵینەوەی تاوانی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە کردووە کە حکومەت ڕەچاویان دەکات، بەڵام ئاماژەی بە هیچ تۆمەتێکی دیاریکراو نەکرد.
زێباری ڕایگەیاندووە هەرێم ''پابەندە بە بەدواداچوونی ئەم بابەتە" وتیشی ''هیچ کەیسێک وەکو داوای یاسایی پێشکەش نەکراوە لە دژی پرۆسەی دەستگیرکردن و مامەڵەی خراپ لەکاتی دەستگیرکردندا لەلایەن ئاسایشەوە لەدژی هاووڵاتیانی مەدەنی''.
لاما فەقیە ڕاشیگەیاند ''دەبێت بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بدەن لە لەشساغی و باشی ڕەوشی ئه و منداڵانەی لە دوای ژیان لەژێر دەستی داعش دەستگیرکراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ نەکەن''.
- 29-01-2017