کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ڕایگەیاند، بڕی 35 ملیۆن دۆلاری وەک شایستەی دارایی لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی خاو لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لەحکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای DNO ی نەرویجی بواری نەوت و گاز لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە شایستەداراییەکانی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لەحکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردوە، کە پارەکە لەنێوان DNO و هاوبەشەکەی، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی دابەش دەکرێت، تێیدا 29.73 ملیۆن دۆلار کە لەبری کاری مانگانە وەرگیراوەو 5.82 ملیۆن دۆلاریش لەبری قەرزەکانی پێشتر وەرگیراوەتەوە.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیە نەرویجییەکە ئاشکرایکردوە، بەرهەمی کێڵگەی نەوتی تاوکێ بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2016 ڕۆژانە 115 هەزارو 363 بەرمیل بووە، کە 115 هەزارو 81 بەرمیلی لەڕێی تورکیاوە هەناردەکراوە.
ئه و ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدیایە، 30ی کانوونی دووەمی ڕابردوو، هەردوو کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی و گینێل ئینێرجی، لە وێبسایتی فەرمی خۆیان ڕایانگەیاندبوو، بڕی هەشت ملیۆن و 41 هەزار دۆلاریان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
ئه و بڕپارەیە، لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگەی تاوکێ بووە بۆ بازاڕەجیهانییەکان لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2016 دا.
دووکۆمپانیاکە ئەوەیان خستبووەڕوو، بە وەرگرتنی ئه و بڕەپارەیە کۆی شایستە داراییەکانیان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو تەواوبووە، کە بریتی بووە لە لە 38 ملیۆن و 41 هەزار دۆلار، پێشتر لەساڵی ڕابردوو بڕی 30 ملیۆن دۆلاری وەرگیرابوو.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ-ی نەرویجی ساڵی 1971دامەزراوە و لەساڵی 1998 ەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات و یەکەمین کۆمپانیای نەوتی بیانییە ساڵی 2004 هاتە هەرێمی کوردستانەوە.
دی ئێن ئۆ، ساڵی 2007 دەستیکرد بەبەرهەمهێنان لەکێڵگەی نەوتی تاوکێ و ساڵی 2015 ئاستی پێوانەیی بەرهەمهێنانی له و کێڵگە تۆمارکرد و بەرهەمهێنانی گەیشتە 144 هەزار و 500 بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا.
- 07-02-2017