بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، نزیکەی یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی عەرەبی سووریا لە ڕۆژئاڤای کوردستان نیشتەجێن (جزیرە 500 هەزار، کۆبانی 100 هەزار و عەفرین 650 هەزار ئاوارە) کە زۆربەیان لە شارەکانی سووریاوە ڕوویان لە ڕۆژئاڤا کردووە.
ساڵی 2012، حکومەتی سووریا لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کشایەوە و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە. پەیەدە وەکو هێزێکی کوردی ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و توانی ئەو ناوچانە لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان بپارێزێ، دواتر دەسەڵاتی خۆی و ئاسایش و هێزی چەکداری بەشێوەیەکی سیستماتیک ڕێکخست و لە هەموو ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان بووە دیفاکتۆ.
هەرچەندە ئەو دەسەڵاتەی لەوێ هەیە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) و ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە بە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریا تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام پەیەدە ئەوە ڕەتدەکاتەوە و بەردەوام دەڵێت ئەوان سیاسەتی هێڵی سێیەم پەیڕەو دەکەن، واتە دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەت و لایەنگریی ئۆپۆزیسیۆن.
بەهۆی ئەو ئارامییەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتە ئاراوە، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی عەرەب لە پارێزگاکانی دیکەی سووریاوە کە کەوتنە بەر شەڕ و پەلامار، پەنایان بۆ ئەوێ هێنا. بەڵام لە هەمانکاتدا، نزیکەی ملیۆنێک کوردی دانیشتووی ڕۆژئاڤاش ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە باشوور و باکووری کوردستان و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە.
سەرکردەکانی ئەنەکەسە دەڵێن سیاسەتی پەیەدە لە دژی لایەنگرانیان بووەتە هۆی ئەوەی کورد لە ڕۆژئاوا کۆچبەر بن و عەرەبی پارێزگاکانی سووریا لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ ببن. هەندێک لەوان ئەمە بە قۆناغی دووەمی بە عەرەبکردنی ڕۆژئاڤای کوردستان دەزانن.
پارێزەر ئومێد کیکانی، دەربارەی ڕەوشی ڕۆژئاڤای کوردستان دەڵێت قەیرانی سیاسی سووریا و نەمانی ئارامی و دامودەزگای دەوڵەت و تێکچوونی ڕەوشی ئابووری هۆکار بوون بۆ ئەوەی خەڵک لە ڕۆژئاڤای کوردستان کۆچبەر ببن. سیاسەتی پەیەدەش، هۆکارێکی دیکە بوو کە وایکرد گەلێ لە لایەنگری ئەنەکەسە ڕۆژئاڤا جێبهێڵن.
بەرپرسانی پەیەدە و لایەنگرانیان دەڵێن هیچ مەترسییەک لەسەر بەعەرەبکردنی ڕۆژئاوای کوردستان نییە و مانەوەی ئاوارەکان لەوێ کاتییە.
سەربەست قەرەچۆلی، جڤاکناسێکی ڕۆژئاوای کوردستانە دەڵێت: ئێمە ناتوانین بڵێین پەیەدە و ڕێڤەبەریی خۆسەر بەشێوەیەکی سیستماتیک گەلی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان کۆچبەر دەکەن و خەڵکی عەرەبی پارێزگاکانی دیکەی سووریا لە شوێنیان نیشتەجێ دەکەن.
قەرەچۆلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەبەر ڕەوشی ئارامی ناوچە کوردییەکان، خەڵک لە پارێزگاکانی دیکەی سووریاوە دێنە کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش ناتوانێ پێشوازی لە ئاوارەکان نەکات.
ئێستا دەنگۆیەک هەیە لەبارەی ئەوەی عەرەبەکانی پشتێنەی ئەمنی کە زۆربەیان خەڵکی ڕەققەن، دوای ئازادکردنی ڕەققە بنێردرێنەوە ئەوێ. قەرەچۆلی گوتی ئاگای لەو بابەتە نییە، بەڵام دەڵێت تاوەکو کێشەی سووریا کۆتایی نەیەت کەس ناتوانێت باسی تەعریب بکات.
هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان کە ئەنجوومەنێکی نزیک لە پەیەدەیە، ترس لە بەعەرەبکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناواقیعی دەزانێ و دەڵێت: ڕژانی خوێنی گەنجان و ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوە نییە خاکی خۆمان بدەینە کەس وەک هەندێ کەس بانگەشەی دەکەن.
هۆشەنگ دەروێش هەروەها گوتی ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، هەر کاتێک شەڕ تەواوبوو دەبێ بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانەی لە چوارچێوەی پشتێنەی عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێکراون. هۆشەنگ دەروێش گوتی ئەوانەی خەڵکی شارەکانی ڕۆژئاوا نین، پێویستە بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێی هاتوون، بەڵام ئێستا دۆخێک دروستبووە هاوشێوەی کەرکووکە، زۆر لەبار نییە بۆ گەڕاندنەوەیان بە زۆر، بەهۆی ئەوەی ناوچەکانیان شەڕ و ترسی تێدا بەردەوامە.
پشتێنەی عەرەبی
ساڵی 1965 حکومەتی سووریا بڕیاری بەعەرەبکردنی هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاڤای کوردستانی لەژێر ناوی پشتێنەی عەرەبی دەرکرد. پشتێنەکە لە جزیرەی ڕۆژئاڤای کوردستان بە درێژایی 300 کیلۆمەتر و بە پانایی 10-15 کیلۆمەتر لە سنووری باشووری کوردستان تاوەکو سەرێکانیێ درێژ دەبێتەوە.
حکومەتی سووریا پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی فوراتی بۆ بە عەرەبکردنی جزیرە وەکو هەلێک قۆستەوە. ئەوانەی زەوییەکانیان ژێرئاو کەوت، گوازرانەوە سەر سنوورەکانی تورکیا. حکومەتی سووریاش 700 هەزار دۆنم زەویی گوندەکانی جزیرەی بەسەر 4000 بنەماڵەی عەرەبی غەمر ئەو عەرەبانەی زەوییەکانیان ژێرئاو کەوتن دابەش کرد و 42 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بۆ دروستکردن.
لەو ساڵانەی جەمال عەبدولناسر ببووە سەرۆککۆماری عەرەبیی یەکگرتوو کە لە میسر و سووریا پێکهاتبوو، شەش کۆمەڵگەی بۆ عەرەبەکان لەسەر 100 هەزار دۆنم زەویی کوردی جزیرە دروست کرد کە بریتی بوون لە تووێنە، تل تەویل، مەناجر، قەسرک، سەفح و شەمۆکە و عەرەبی دەوروبەری حەلەب و حەما و دوورزییەکانی سوێدا لەو کۆمەڵگایانەدا نیشتەجێ کران. ئێستا لە جزیرەی ڕۆژئاڤای کوردستان 48 کۆمەڵگەی عەرەبی لەسەر زەوی و جوگرافیای کورد هەن.
ئەوە لەکاتێکدا بوو کە حکومەتی سووریا لە ساڵی 1962 لە ڕێگەی سەرژمێریی گشتییەوە ناسنامەی لە نزیکەی 150 هەزار کوردی جزیرەی ڕۆژئاڤای کوردستان وەرگرتەوە. ساڵی 2011 و دوای سەرهەڵدانی قەیرانەکانی سووریا، حکومەتی دیمەشق بۆئەوەی کورد لە ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان دووربخاتەوە، مەرسوومی دانەوەی ناسنامەی بە بیانییەکانی جزیرە پەسەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەشێک لە کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە ناسنامەی سووری بێبەشن کە لە سووریا بە (مەکتووم) ناسراون. بەگوێرەی هەندێ ئامار، هێشتا نزیکەی 3000 ماڵباتی مەکتوومی کورد لە جزیرە دەژین.
رووداو
21-06-2017