- هەڵمەتی ئاسایشی #گەرمیان# و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کیوماڵکردنی گوندی ئیسلاحی سەر بە شارەدێی #جەلەولا# بەردەوامه و بەیانی ئەمڕۆ چەکدارێکی دیکەی #داعش# کوژرا.
- بەرێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی #کەرکووک# ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ژمارەیەک چەکداری داعش لەگوندێکی دوبز سەر بە پارێزگای کەرکووک، حەوت کەسیان سەربڕیوە کە سەرجەمیان عەرەبن.[1]
- لە سێ گوندی بێمبۆ، سورونیس و دێبانی سەربە شارۆچکەی #شەمزینان#ی جولەمێرگ، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا، بە بیانووی ئەوەی سوپای تورک دەیەوێت لەو ناوچانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات.
- ژمارەیەک کرێکاری کورد کە بۆ کارکردن لە #ئامەد#ەوە دەچوون بۆ ساکاریا، تووشی ڕوودواێکی هاتوچۆ بوون و لە ئەنجامدا حەوت کرێکار گیانیان لە دەستدا و 20 کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
- ئەندامانی لقی بەلجیکای کۆنگرەی دیموکراتی گەلان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە سووتاندنی دارستانەکانی شاری #دێرسیم#ی باکوری کوردستان لەلایەن سوپای تورکەوە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.
- سوپای تورک و چەتەکانی سەربە تورکیا، شەوی ڕابردوو، لە شاری عەزازەوە، ناوەندی شاری #عەفرین#یان کردە ئامانج و تۆپبارانیان کرد، لەو تۆپبارانەدا ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک هاوەنی بەرکەوت و سووتا.[2]
- درەنگانێکی شەوی ڕابردوو جارێکی تر تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانکردەوە بە تۆپبارانکردنی سنوری شارەدێی #حاجی ئۆمەران#، بەڕێوەبەری شارەدێکەش ڕایدەگەیەنێت کە تۆپبارانەکە هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
- گەریلاکانی #هەپەگە# لە گردی شەکری سپی لە ناوچەی شەمزینان سەربە #جولەمێرگ# دژی سەربازانی سوپای تورکیا چالاکییەکی فراوانیان ئەنجامداوە و ئەوەی کە زانراوە، بەهۆی چالاکیەکەوە 11 سەرباز کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.
- لەم هەفتەیەدا نرخی گۆشتی مریشک به ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەجۆرێک نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مریشک گەیشتۆتە سێ هەزار و 500 دینار، خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەریش ئاماژە بەوەدەکات، بەرزبوونەوەی نرخەکە پەیوەندی بە وەرزی گەرماوە هەیە.[3]
🔞 تێبینی: ئەم تۆمارە هەندێک وێنە یان فیلمی لەگەڵ پەیوەستکراوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدانی باری دەروونیتان. تکایە ئاگاداربە..