هاونیشتمانیانی بەڕێز
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەر چوار پارچەکەو تەواوی گەلانی عیراق
سڵاوتان لێبێت
بەناوی خانەوادەو تەواوی کەسوکاری سەرۆک #مام جەلال#، مامی خۆشەویستتان، سوپاسی یەکە بەیەکەتان دەکەین بۆ دەربڕینی خەم و پەژارەتان لەدوای کۆچی مام.
وەک چۆن لەسەر گۆڕە پیرۆزەکەی سەرۆک مام جەلال ئاماژەم پێدا، لێرەش دەیڵێمەوە بۆ خۆتان خۆشبن، چونکە ئێمە باش دەزانین کە مام تەنها هی ئێمە نەبوو، مام تەنها هی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبوو، مام تەنها هی کوردستانیش نەبوو، بەڵکو مام ڕابەرێک بوو کە دەیتوانی سنووری بنەماڵەکەی، حزبەکەی، نەتەوەکەی و وڵاتەکەی ببەزێنێت و ببێتە موڵکی هەمووان، تەنها دەربڕینی ئەم هەموو پرسەنامەیە لەلایەن حکومەتەکانی وڵاتەکانی جیهان نیشانەی ئەوەیە کە مام لەخانووە قووڕەکانی کوردستانەوە تا پایتەختەکانی وڵاتە گەورەکانی جیهان کاریگەریی هەبوو.
دۆستانی سەرۆک مام جەلال
بەپێزانینێکی زۆرەوە ئەو فرمێسک و خەم و پەژارەیەی کە دەرتان بڕی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، کەمێک لەبرینە قووڵەکەی ئێمەی ساڕێژ کرد، هەر لێرەشەوە دەمانەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکەین کە ئەرکیان کێشاو هەستان بە ڕێکخستنی مەراسیم و پرسەکان بۆ مامی خۆیان، لە جەنابی کاک مەسعودەوە تا سەرۆکی حکومەت و هەموو دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت فەرمانگەی پرۆتۆکۆلی هەرێم و پاسەوانانی شەرەف بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی پێشوازی لەتەرمی مام جەلال، تا لیژنە هاوبەشەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی پرسەکان لەسەرتاپای هەرێمی کوردستان و بەغداو جیهان.
دەمەوێت سوپاسی ڕێکخستنەکانی لایەنەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیان بکەم بۆ بەشدارییان و بەڕێوەبردنی پرسە مێژووییەکان لەهەولێری پایتەختەوە تا سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی، لەکەرکوکی قودس تا دهۆکی ڕەنگین، لەخانەقینی لە دڵا شیرین و گەرمیانی پڕ ورەو ئازایەتی بۆ ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، تا هەڵەبجە کە بەچەکی کیمیاییش شەهید نەکرا، بۆ کۆیەی حاجی قادرو هی کاکی کاکان، هەموو شوێنەکانی دیکە، سوپاسی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ ماندووبوونیان لەبەشداریی پرسەکاندا.
سوپاسی مامۆستایانی ئایینی دەکەین، سوپاسی سەرجەم میدیاکانی کوردستان دەکەین کە گرنگییەکی تەواویان بەم بۆنەیە داو دەستی ماندووبوونی یەکەبەیەکەی کارمەندەکانیان دەگوشین. ئێمە دەزانین فرمێسک و ماتەمینی کارمەندانی میدیاکانی کوردستان ئاوێتەبوونی پەیوەندییەکانی چەند ساڵەی نێوان مام و ئازادی، مام و میدیایە.
سوپاسی بەرپرسان و گەلانی عیراق دەکەین لەسەرووی هەموویانەوە سەماحەتی سەید سیستانی بۆ هاوخەمییان، بەڕێزان سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان بۆ پێشنیازی بەستنی مەراسیمی ڕێزلێنان لەبەغدا.
سوپاسی ئامادەبوونی جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتی مەلیکی ئوردن دەکەین بۆ بەشدارییان لەمەراسیمی پێشوازی، سوپاسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی جەنابی سەرۆک کۆماری تورکیا، لەگەڵ هەموو بروسکەی ماتەمینی دەوڵەتان و دۆستانی مام بەباڵیۆزو سەر کونسوڵ و نوێنەرانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین.
سوپاسی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەو دژەتیرۆرو ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن و پۆلیس و هێزەکانی تری ناوخۆ دەکەین کە بەسەلامەتی بەشداربووانی پرسەو مەراسیمەکانیان وەک بیلبیلەی چاویان پاراست.
سوپاسی کوردانی باکوورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکەین کە بەسازدانی پرسەکانیان، بە کردار سەلماندیان کە مام هی هەمووان بوو، سوپاسی کوردانی خۆشەویستی هەندەرانیش دەکەین بۆ خەمخۆرییان.
سوپاسی هەموو ئەو قارەمانانە دەکەین کە هاوخەباتی مام بوون کە هەندێکیان وەک کاک نەوشیروانی ڕەحمەتی، د.قاسملو، سەید محەمەد باقر حەکیم بەداخەوە ئەمڕۆ لەگەڵمان نین، سوپاسی سکرتاریەت و ستاف و دەستەی پاسەوانی و لیواکان و کوڕەکانی ماڵی مام کە هەمیشە بەپێشمەرگەکانی ماڵەوە ناوی دەهێنان، سوپاسیان دەکەین بۆ خزمەتی شەوو ڕۆژی دەیەها ساڵیان.
سوپاسی تیمی پزیشکیی تایبەتی مام دەکەین کە بۆ نزیکەی دە ساڵە شەوو ڕۆژ لەخزمەتی بوون، بەتایبەت لەم پێنج ساڵەی ڕابردوو بەهاوکاری تیمی پزیشکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەرکی خۆیان هەستان و ئەوەی پێیان کرا، کردیان.
لەدڵی ئێمە هەمووتان هەمیشە ئەندامن لەخانەوادەی مام. گەورەترین شانازییە بۆ ئێمە کە بەچاوی خۆمان بینیمان مام لەژیانی سەختی شاخ و پێشمەرگایەتییەوە، خەباتی گواستەوە بۆ شۆڕشی مەیدان و لەئەشکەوتەکانی کوردستانەوە گەیشتە کۆشکی ئاشتی و هەڵبژێردرا وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لەمێژووی عیراقدا.
روونە بۆ هەموو لایەک ئەو کەلێنە گەورەیەی کە لەغیابی مام دروست بوو، بەیەک، یان دوو کەس پڕنابێتەوە، بەڵکو بەتەبایی و یەکڕیزیی گەلەکەمان دەتوانین نەهێڵین دووری مام زۆر بەمیللەتەکەمانەوە دیار بێت.
ئەرکە لەسەر هەموومان کە ڕێبازە پیرۆزەکەی مامی هەمووان بەرنەدەین، دوور لەسیاسەتی ڕق و کینە خەبات بکەین بۆ یەکخستنەوەی ڕیزەکانی گەلەکەمان و تێپەڕاندنی دۆخە نالەبارو نەخوازراوەکان.
هەروەک چۆن مام دەیتوانی ئێران و ئەمریکا پێکبهێنێ، سووننەو شیعەو هەموو پێکهاتەکانی عیراق نزیک بکاتەوە لەیەک، با پەند لەئەزموونی وەربگرین و پشت بەڕێبازی مام ببەستین.
بە نەسرەوتن تا سەرکەوتن، پێکەوە بەسەرکەوتوویی ئەم قۆناغە نوێیە بەڕێوە ببەین.
دووبارە لەجیاتی خانەوادەو کەسوکاری سەرۆک مام جەلال سوپاسی بێپایانتان ئاڕاستە دەکەین و دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەریەکەمان ڕێبازەکەی مامی گەورەتان دەپارێزین.
دروود بۆ گیانی پاکی هەڤاڵ مام جەلال و شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان.
هەرشادو سەربەرزو سەرکەوتوو بن.
09-10-2017