تۆپبارانەکەی ئێران و هەڵوێستی یەکێتیی!
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەروەکو وتەبێژی یەکێتی بۆچوونی سەرەتایی یەکێتی ڕاگەیاند، تۆپبارانێکی سەختی بارەگاکانی هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستان، لەناوچەی (بلەکێ)وە کراو،وردە وردە زیانەکانی تۆپبارانەکە لەم سەعاتانە دەرکەوتن.
ئێستا زانیمان کە (16) تێکۆشەری سەرکردەو کادر شەهید و دەیانیش لەژن و مناڵ و پیاو بریندار بوون.
ئەم هەواڵە، بۆ هەموو کوردێک و ئازادیخوازان، دڵتەزێن بوو. هەڵوێستی یەکێتی، هاوپێناوە لەگەڵ سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە خاکی هەرێم بۆ هیچ جموجۆڵێکی سەربازی دژی وڵاتانی دراوسێ بەکار نەیەت. ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی، چەندینجار لەلایەن نوێنەری ڕەسمی یەکێتییەوە، بەهەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاگەیەندراوە. حکومەتی هەرێمیش، بڕیاری پێشێل نەکردنی یاساو ڕێسای ئەمنی بەلایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندووە. بەڵام، بەپێچەوانەی سیاسەت و بڕیاری حکومەتی هەرێم، تێکهەڵچونی عەسکەری، پەیتا پەیتا ڕویداوە. کار گەیشتە ئەم کارەساتە دڵتەزێنەی ئەمڕۆ.
وەکو هەمیشە، یەکێتی نایشارینەوە، لەهیچ بەشێکی کوردستان، نە خەباتی چەکداری، ستراتیژی ڕزگاریی و دیموکراسی بەدی دێنێ و نە سیاسەتی تۆپباران و بۆردوومان و نکوڵی کردن لەمافە سیاسییەکانی کوردستان، کۆتایی بەخەباتی ئازادیخوازی نەتەوەی کوردستان دێنێ!
مێژوو سەلماندویەتی، گەلانی ستەملێکراو، لەخەباتی جۆراوجۆریان بەردەوام دەبن، بەتۆپباران و لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی وەکو (رامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی) هەرگیز، کۆتایی بەکێشەی مافی چارەی خۆنوسین نەک نایەت، بەڵکو گەرمتر جۆشی دەدات. بۆیە، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، پرەنسیپی خۆی دووپاتدەکاتەوە کەوا:
مێزی دانوستاندن و ئاشتی و ڕێککەوتنی سەلماندنی مافە دیموکراسییەکان، تاقە ڕێگای تاقیکراوی دروستە. ئەم کارەساتەی (8)ی ئەیلولیش، ئومێد دەخوازین، ببێتە پەندی سیاسی بۆ درێژەپێنەدانی سیاسەتی نەگونجاو لەگەڵ سەردەمەکەدا، لەلایەن هەموو لایەکەوە.
هەڵبەتە، هەموولایەک دەزانێ، ئێمە کوردین و هەست و سۆزی نەتەوەیی، میراتێکی هەزاران ساڵەیە بۆمان ماوەتەوە، چۆن کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەر هەستی مەزهەبی، ناتوانێ دەستبەرداری شیعەکانی لوبنان، یەمەن، سوریا، عیراق، ئەفغانستان و پاکستان بێ، لەو پێناوەشدا، لەگەڵ وڵاتانی گەورەو ئیقلیمی لەشەڕو لەململانێدایە، ئێمەش ناتوانین بێبەری بین لەهاوسۆزی و هاوئامانجی نەتەوەیی و دیموکراسی، بەوشێوە خەباتە مەدەنی و ئاشتیخوازییەی باوەڕمان پێیەتی.
-هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی (8)ی ئەیلول
-هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#08-09-2018#