بەداخەوە پێشنیوەرۆی ئەمرۆ 17ی خەرمانان بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەنزیک شاری #کۆیە#، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە موشەکباران کرا کە بەهۆیەوە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادر و #پێشمەرگە#ی هەردوو حیزب شەهید و برینداربوون.
هەر ئەمرۆ ڕژیمی پەت و سێدارەی ئیسلامی سەرەڕای ناڕەزایی بەرینی ناوخۆیی و جیهانیی، سێ زیندانی سیاسی ناسراوی کورد، ڕامین حسەین پەناهی، لوقمان مورادی و زانیار مورادی لەسێدارەدا.
تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی یەکەمجار نیە و دواجاریش نابێت کە ڕووبدات و ڕژیم هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاریەوە دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستان نیشانداوە و هەرجارە و بەشێوازی جیاجیا دژی خەڵکی کوردستان تاوانی دژە مرۆیی ئەنجامداوە.
ئێمە سەرەڕای مەحکومکردنی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەربارەگاکانی حیزبی دیموکرات و لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسی کورد، دڵنیاین ئەم کردەوە تیرۆریستییانە لەلایەن جەماوەری خەڵکی خەباتکاری کوردستانەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە و ڕژیمی ئیسلامی وەڵامی خۆی وەردەگرێتەوە.
ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار بۆ پارێزگاری لە بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانین و داواکارین ڕاشکاوانە ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم هێرشەی ئێران بۆ بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان دەرببڕن.
ئەو هێرشە دڕندانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی دوو حیزبی دیموکرات و بۆ سەر بنەماڵە و ژن و منداڵی پێشمەرگە جارێکی دیکە دەخوازێ کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک چارەنوسیان هەیە و پێویستە هاوکاری و کۆبوونەوە لە ژێر چەترێکی یەکگرتوو بخرێتە ئەولەویەتی کارمان تا بە هەموو تواناوە وزە گەلی کورد ڕێکبخرێ بۆ بەربەرەکانێی جیدی لەگەڵ کۆماری تیرۆر و سێدارە. دڵنیاین گەلی کورد بەسەر ئەو پەلەقاژەی سەرەمەرگی کۆماری ئیسلامیدا زاڵ دەبێ و چارەنوسی خۆی بە باشی دیاری دەکات.
بەم بۆنەوە لەلایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێیانی گیانبەختکردوانی هەردوو حیزبی دیموکرات و سێ هەڵسوڕاوی سیاسی کورد دەکەین و هیوا زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی هێرشەکەی کۆیە دەخوازین.
مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی
بژی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
17ی خەرمانانی 1397 - #08-09-2018#