کەمینەکان؛ ناسنامە، یاسا، هەرێمی کوردستان
(ناساندنێکی کورت)
ئارام سدیق
ئەگەرچی کورد لە هەرێمی کوردستاندا زۆرینەی ڕەهایە و ئایینی ئیسلامیش ئایینی زۆرینەیە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، کە هەرێمی کوردستان تەنیا لە یەک ئایین و یەک نەتەوە پێک نەهاتووە، لەپاڵ نەتەوەی کورددا کەمینەکانی دیکە بوونیان هەیە و لەپاڵ ئایینی ئیسلامیشدا چەندین ئایینی دیکە لە دێرزەمانەوە لەم ناوچەیەدا پەیڕەوکاریان هەیە. بۆیە ئاگاداربوون لە ڕەوش و ژیان و عادات و کەمینەکانی دیکە، کە لەپاڵ کورددا ژیان دەگوزەرێنن کارێکی گرنگە. گرنگە بەو پێیەی وشیاری مامەڵەکردن و هەستی قەبوڵکردنی جیاوازی لەنێوان تاکەکاندا دەچێنێت. ئەمە بێجگە لەوەی دەشێت ببێتە هۆی پردی پەیوەندی نێوان ئایینەکان و پیشاندانی نموونەیەکی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە کە هەمووان هەست بەئارامی و ئاساییش بکەن.
ئەم چەند ڕۆژەی پێشوو پەڕتووکێکی دڵشاد حامید دەروێشم خوێندەوە لەسەر کەمینەکان. پەڕتووکەکە توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە لەسەر کەمینەکان، بەڵام نووسەر دواتر بۆ بڵاوکردنەوەی بەشێوەی پەڕتووک پێداچوونەوەی بۆ کردووە و دەوڵەمەندی کردووە و پەڕتووکەکە لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس و ماڵی سوهرەوەردییە و لە دوتوێی 116 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەم نووسینە کورتەدا هەوڵ دەدەم ناساندنێکی کورت بۆ پەڕتووکەکە بکەم، کە بەلای منەوە پەڕتووکێکی گرنگ بوو و جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن و خوێندنەوەیە.
بەر لە هەر شتێک دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە قسەکردن لەسەر کەمینەکان لە توێژینەوەیەکی لەم چەشنەدا زۆر قورسە، چونکە دەشێت لەسەر هەر یەک لەم کەمینانە و ئایین و باوەڕ و مێژوویان چەندین توێژینەوە بکرێت. بەڵام نووسەر لەم پەڕتووکەدا کە لەژێر ناونیشانی: کەمینەکان/ (ناسنامە، یاسا، هەرێمی کوردستان) . چاپوبڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئاماژەی بە ئەو سێ لایەنە کردووە کە بۆی گرنگ بوون کە ئەوانیش یەکەمیان ناسنامەی کەمینەکانە و دووەمیان ئەو یاسا پەیوەندیدارانەیە بۆ کەمینەکان بەردەستە. هاوکات سێیەمیشیان بوونی و کاریگەریی ئەم کەمینانەیە لە هەرێمی کوردستاندا. نووسەر ویستوویەتی لەم توێژینەوە کورتەدا بە چڕوپڕی باس لە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و سەرەتای توێژینەوەکەی بە ناساندنی کەمینەکان دەست پێ دەکات و ئاماژە بەو یاسایەی پەڕڵەمانی کوردستانیش دەکات، کە لەبری وشەی کەمینە وشەی پێکهاتەیان پێشنیار کردووە.
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەیدا نووسەر ئاماژەی بە کەمینە ئایینییەکان کردووە، کە تێیدا باسی لە هەریەک لە کریستیانیەکان، ئێزیدی، سائیبەی مەندائی، کاکەیی، بەهائی و کەمینەکانی دیکە کردووە. لەم بەشەدا نووسەر بە چڕی و کورت و پوختی ئاماژەی بە سوورتە ئایینییەکان و بیروباوەڕ پەڕتووکە پیرۆزەکانیان و گرنگترین سرووتەکانیان کردووە. لەم بەشەدا خوێنەر بە چڕی و پوختی وێنەیەکی سەرەتایی لەسەر ئەم ئایینانە دەست دەکەوێت، کە بەلای منەوە ئەمە یەکێکە لە گرنگییەکانی توێژینەوەکە. هاوکات لە مەسەلەی کەمینە نەتەوەییەکاندا نووسەر خۆی لەوە بواردووە و نەچۆتە سەر ئەو کەمینە نەتەوەییانەی کە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.
لە دواتردا نووسەر ئاماژە بۆ بایەخ و ڕەنگدانەوەی کێشەی کەمینەکان دەکات لە پەیماننامە و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان و لێرەشدا نووسەر بەوردی ئاماژەی بە چەندین پەیماننامە و ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی کردووە لەسەر مافی کەمینەکان. هاوکات باسی لە ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە چ مافێکی بە کەمینەکان ڕەوابینیوە و لەوێدا ئاماژەی بە مافی کۆمەڵایەتی و مافی شادبوون بە کولتوور و کافی پیادەکردنی بیروباوەڕی ئایینی و مافی بەکارهێنانی زمان و مافی خوێندن و مافی چێکردنی پەیوەندی سنووربەزێن لەتەک کەسانی سەر بە هەمان کەمینە و مافی جیاکارینەکردن و چەندین مافی دیکەی سەرەتایی کردووە کە لە ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ کەمینەکان فەراهەم کراون.
لە بەشێکی دیکەی ئەم پەڕتووکەدا باس لە کەمینەکان کراوە لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا و لەم بەشەدا نووسەر بەوردی باسی لەو دەستوور و یاسایانە کردووە کە مافی کەمینەکانی تێدا چەسپێنراوە و دواتریش هاتۆتە سەر یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015 کە تایبەتە بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانی ئێراق. هاوکات ئاماژەی بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2014یە لەوێشدا دیسان ئاماژە بەو زمانانە کراوە کە کەمینەکان پێی دەئاخڤن و لە دوای زمانی کوردییەوە کە زمانی فەرمییە دەشێت ئەو کەمینانە زمانی خۆیان بخوینن و ڕێگری نییە لە بەڕێوەبەراییەتەکانی خۆیاندا دەشێ ببنە زمانی فەرمیی.
ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە کە توێژینەوەی لەم چەشنە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەشێت ئەم توێژینەوانە دەروازەیەک بن بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی زیاتر و ڕێزگرتنی تایبەتمەندی ئەو کەمینانە و قەبووڵکردنی ئەوان بە تایبەتمەندییەکانی خۆیانەوە، نەک وەکوو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت. دەست خۆشی بۆ نووسەر و بەهیوای بەردەوامی.