توندووتیژییەکانی سەر ژنان لە باشوری کوردستان بەردەوامە، ژنان هۆکارەکەی دەگەڕێنەوە بۆ پیاوسالاری، نەبوونی یاسا بۆ سزادانی بکەرانی توندوتیژیی و کوشتنی ژنان، هەروەها کلتور و لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابوریش بە بەشێکیتری هۆکاری توندوتیژییەکان دەزان.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان، له سەرەتای ئەمساڵەوە تاکۆتایی مانگی نۆ، حەوت هەزار و 573 حاڵەتی توندوتیژیی لە جۆرەکانی کوشتن و خۆکوشتن، سووتان و خۆسووتاندن، توندوتیژیی جنسیی بەرامبەر بە ژنان تۆمارکراوە لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزە کە لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا تۆمارکراوە، لەوبارەیەوە ژنان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و باسی هۆکار و چارەسەرەکان دەکەن.
شەهلا جەمال، پارێزەر، هۆکارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنانی گەڕاندەوە بۆ، ئەوەی کە یاسا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، هەروەها بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت و لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابوری.
بۆ چارەسەرسەرییەکان شەهلا وتی: دەبێت بەیاسا دیاردەی چەکی بەرەڵا 'بێ مۆڵەت' چارەسەر بکرێت و چەک بگەڕێندرێتەوە بۆ دەوڵەت و تاوانباران سزای خۆیان وەربگرن، هەروەها ئەنجامدانی سیمینار چارەسەرێکی باشە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا.
نازەنین عبدولباقی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی گشتی ئەوقافی #سلێمانی#، باسی لە بەشێکی دیکەی توندوتیژییەکان کرد و وتی: هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ لێکتێنەگەشتن لە نێوان خێزانەکان، هەروەها پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و بەهەڵە بەکارهێنانیان.
نازەنین باسی لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان کرد و، وتی: بەشێک لە ڕێکخراوەکان ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکان، بەڵام بەشێک لە ڕێکخراوەکانیش هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە.
هەروەها دیدار ئیبراهیم توێژەری کۆمەڵایەتی، وێڕای هاوڕوابوونی لەسەر هەمان ئەو هۆکارانەی باسکراون کە بوونەتە هۆکاری بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان، باسی لەوهشکرد، کە بابەتی توندوتیژی پەیوەندی بە کلتورەوە هەیه و ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی لە باشوری کوردستان زیاتر کلتورێکی پیاو سالاریی بەڕێوەدەبرێت، هەروەها بەشێک لە ژنان کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت ناچێتە دادگا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قسەی کۆمەڵگا نەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژییەکان زیاتر بێت بەرامبەر بە ژنان.
ئەو توێژەرە ئەوەشی وت: نەبوونی هۆشیاری ژنان بەرامبەر مافەکانی خۆیان هۆکارن بۆ ئەوەی پیاوان توندوتیژیان بەرامبەر بکەن و مافەکانیان پێشل بکەن.[1]
#12-11-2018#