دەقی ڕوونکردنەوەکە..
کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ناوەندە میدیاییەکان
هاونیشتیمانیانی ئازیز، وەک نوسینگەی ڕۆژنامەوانی #مەحمود سەنگاوی# لە ڕوانگەی هەستکردن به و بارودۆخە نالەبار و ناهەموارە سیاسیەی کە ئێستا گەلەکەمان تووشی هاتووە لە پێشتردا لە هەمبەر هەواڵی بێ بنەما و ساختەیی چەند میدیایەکی سێبەری سەر بە لایەنێکی دیاریکراو بێ دەنگ بووین، بەڵام تەشهیر و هەواڵەبێ بنەماکانیان چیدی جێگای قبوڵکردن نییە و پێویستە سنورێکی بۆ دابنرێت چ بە وەڵام دانەوە یاخود بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەریان. لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هەواڵیی بێ بنەما لە وێبسایتەکانی هەواڵ پرێس و باس نیوز بڵاوبۆتتەوە کە دوورن لە ئاکاری ڕۆژنامەگەریی بەرپرسانە و سەرکەوتوو.
لە وێبسایتی هەواڵ پرێسدا و لە ژێر ناونیشانی مەحمود سەنگاوی دەڵیت #پەکەکە# دەستی بڕوات بینای مەکتەبی سیاسیشمان لێ دەستێنن بڵاوکراوەتەوە کە مەحمود سەنگاوی بە هیچ جۆرێک هیچ لێدوانێکی بۆ وێبسایتی ناوبراو نەداوە و سەرلەبەری هەواڵەکەیان دوورە لە ڕاستییەوە، لە هەواڵەکەدا هاتووە کە زانیاریەکانیان لە سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، ئەم دەستەواژە سواوە کە تەنها میدیا سێبەرییەکان بەکاریدەهێنن بووەتە ئاماژەییەک بۆ نیشاندانی ساختەیی هەواڵەکە.
هەروەها، لە وێبسایتی باس نیوزدا بە ناڕاستەوخۆ هێزی #پێشمەرگە#ی فەوجی تایبەتی مەحمود سەنگاوی بە کوشتنی کەسێک تۆمەتباردەکەن لە سنووری شارۆچکەی سەنگاودا.
لەهەواڵەکەدا هاتووە کە ئاسایشی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هێزەکەی مەحمود سەنگاوی تۆمەتباردەکەن بەبێ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی دیاری زانیارییەکە، هەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا وەک سەرجەم هێزەکانی دیکەی پێشمەرگە لە ئەرک و فەرماندان و هیچ پەیوەندیەکیان بە بازگە و کاری ئەمنی هێزکانی پۆلیس و ئاسایشەوە نیە، وەک نوسینگەی ڕۆژنامەوانی مەحمود سەنگاوی سەرلەبەری هەواڵەکەیان بە ناڕاست و بێ بنەما لەقەڵەم دەدەین.
لێرەوە ڕایدەگەینین لە ئەگەری بەردەوامبوونی بڵاوکردنەوەی ئەم چەشنە هەواڵە چەواشەکارانەدا لەلایەن هەردوو وێبسایتی هەواڵ پرێس و باس نیوزەوە لە جاری داهاتوودا سکاڵایی یاساییان لەسەر تۆماردەکەین.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی
#02-12-2018#