بەبڕیاری دەستەی دەستپاکی عێراق لە #کەرکووک# کارکردن لە 179 پڕۆژەی خزمەگوزاری ڕاگیرا. بەپێی ئه و ڕاگەیێندراوەی کە دەستەی دەستپاکی بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەکان جگە لەوەی ماوەیەکی زۆرە جێبەجێکردنیان تەواو نەبووە، گەندەڵی داراییشی تێدایە و ژمارەیەک بەرپرسی لەسەر دەستگیرکراوه.
ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆری میدیای ڕووداوی ڕاگەیاند: ئه و هەموو پارەیە بۆ کەرکووک دێت نەدەزانی بڕەکەی چەندە و نە لەسەری کۆدەبینەوە و نە دەزانین چۆن خەرج دەکرێ، ئەمە ئه و کێشانەیە کە گەیشتوونەتە دەستی دەستەی دەستپاکی کەرکووک، ڕاکان سەعید خۆی پڕۆژەکان هەڵدەبژێرێت و خۆشی بڕیاری لەسەر دەدات و جێبەجێی دەکات، لەم کارانەش دەستەی دەستپاکی بەغدا ئاگاداره.
هێشتا کاتی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان دیاری نەکراوە، 86 پڕۆژەیان ڕێژەی کارکردن تێیدا سفرە، پرۆژە وەستێنراوەکان لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ و قوتابخانە و دروستکردنی نەخۆشخانە و یاریگای وەرزشیە، پڕۆژەیەکی ئاو کە 140 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە 18%ی جێبەجێ کراوە، نەخۆشخانەی 600 قەرەوێڵەیی 170 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە و چوار ساڵە جێبەجێ نەکراوە.
شەش پرۆژە له و پڕۆژانەی ڕاگیراون، سەر بە فەرمانگەی شارەوانی کەرکووکن و ماوەی ساڵێک زیاترە بەردی بناغەیان دانراوە و بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەبەڵێندەر دراون و شارەوانی کەرکووکیش لێی بێ ئاگایه.
سەردار عەلی، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکووک دەڵێت: ئه و بودجەیەی کە بۆ پارێزگای کەرکووک هاتووە کە هێشتا نازانین بودجەی پەرەپێدانە یان بودجەی پترۆدۆلاره، ئەوە خۆیان خەرجی دەکەن و تەنانەت ئه و پڕۆژانەی کە تایبەتە بە شارەوانیش ئەوان جێبەجێی دەکەن، ئێمە هیچ بۆمان نییە تەداخوڵ بکەین و بزانین چۆن و بە چ شێوەیەک جێبەجێ دەکرێت.
راگرتنی ئەو 179 پرۆژەیە لەکاتێکدایە، مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو دەستەی دەستپاکی کەرکووک لەسەر دیارنەمانی 47 ملیار دیناری دیکە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئیدارەی کەرکووک کردبووەوە، کەبۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تازە کۆنترۆڵکراوەکان بە ئیدارەی کەرکووک درابوو.[1]
#08-12-2018#