پیریونس (بە زاراوەی خۆماڵی پیروێنس)کوڕی #شێخ زەکەریا# و لە سەییدە حەسەنیەکانە. پیریۆنس لە زانایانی ئایینی و خواناسانی سەدەی سیانزەی زاینیی #مەریوان#ە کە شێعری فارسیی لێ بەجێ ماوە. مەلا عەبدولکەریم مودەریس پیریۆنسی بە برای #شا نیعمەتوڵڵای وەلی# زانیوە. جگە لە شەجەرەنامەکەی، ئەم بەیتە فارسییەی پیریۆنسیش ئەم خاڵە دەسەلمێنێت:
برادر کو بود شە نعمت اللە ولی بی شک
پدر باشد ذکریا جد اهدل شاە دورانم
واتە: براکەم کە شا نیعمەتوڵڵای وەلی بێت و بابم شێخ زەکەریا و باپیرم ئەهدەل، ئەمن بێگومان پاشای ئەم سەردەمەم.
پیریۆنس لە مێژوودا
پارچە شێعرێک لە #شێخ شەهابەدین شازڵی#(سەدەی شانزە و حەڤدەی زاینی) بە زاراوەی هەورامی ماوەتەوە کە ناوی پیریۆنسی تێدا هێناوە. دیارە هۆنراوەکە وەکوو شکایەتنامەیەکە لە دەستدرێژیی لەشکری عەجەم واتە سەفەوییەکان لەو سەردەمەدا. شێعرەکە ئاوەهایە:
پیریۆنس هانا، پیریۆنس هانا
مەزڵوومان تەنیا لای تۆشەن هانا
نەبیرەی ئەکرەم شاه مەردانی
فەرزەند دڵبەند شێخ زەکەریانی
پەی وایەمەندان عەجەب دەریانی
چون شێر کەمین حازر مەیدانی
ئینتقام سکان بابای ئەکرەمت
بە شەپۆل کین قەلب قولزمت
بستان جە لەشکر عەجەم بێ ئەندێش
نمازی یەکێ بشۆ وە جای وێش
شەهاب هەرچی هەن نەوەی ڕەسووڵەن
زوڕڕیەی تاهیر عەلی و بەتووڵەن
شوێنی کۆچی دوایی و گڵکۆکەی
پیریۆنس، ئاوایی هەنجیران سەر بە شاری مەریوانی ئاوەدان کردوەتەوە وە هەر لەوێ کۆچی دوایی کردوە. گڵکۆکەی ئێستا جێگای زیارەتی خەڵکی مەریوان و دەور و بەریەتی.