ئاماری دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن ساڵ بە ساڵ ئاماری تەڵاق و جیابوونەوە بەرەو هەڵکشان دەچێت و ئاماری مارەبڕینیش ڕوو لە کەمییە. کۆمەڵناسان و یاساناسانیش هۆکارەکەی بۆ قەیرانی دارایی، خیانەتی هاوژینی و خراپ کەڵکوەرگرتن لە سۆشیاڵ میدیا دەگەڕێننەوە.
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کە پشتی بە داتای دادگای پارێزگاکان بەستووە، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا 62 هەزار و 490 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، ساڵ بەساڵیش ژمارەکەی لەزیادبووندایە.
لە 6 هەزارەوە بۆ 11 هەزار
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری کە کۆپییەکی دراوەتە ڕووداو، هەشت ساڵ لەمەوبەر تەنیا شەش هەزار و 79 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئەو ژمارەیە نزیکبووەتەوە لە 11 هەزار دۆسیە. واتە ساڵی ڕابردوو لەو ڕۆژانەی دەوامی دادگاکان هەبووە، ڕۆژانە 40 خێزان لەبەر یەک هەڵوەشاونەتەوە.
$ئاماری هەشت ساڵی ڕابردووی تەڵاق و جیابوونەوە:$
- ساڵی 2012، شەش هەزار و 79 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
- ساڵی 2013، شەش هەزار و 417 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
- ساڵی 2014، هەشت هەزار و 777 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
- ساڵی 2015، هەشت هەزار و 621 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
- ساڵی 2016، شەش هەزار و 250 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
- ساڵی 2017، شەش هەزار و 271 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
- ساڵی 2018، نۆ هەزار و 192 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
- ساڵی 2019، 10 هەزار و 883 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
بەپێی داتاکان لە هەشت ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ژمارەی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاکانی سنووری پارێزگای #هەولێر# تۆمارکراوە، بەجۆرێک لەم ماوەیەدا 24 هەزار و 623 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
پارێزەری ڕاوێژکار ڕۆژ شێرزاد، کە لە دادگاکانی هەولێر کار لە دۆسیەکانی باری کەسیدا دەکات، بۆی دەرکەوتووە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە بریتین لە خراپی باری ئابووری، خیانەتی هاوژینی و خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا.
رۆژ دەڵێت: تۆڕە کۆمەڵاتییەکان وایکردووە کچان و کوڕان زۆر بەخێرایی یەکدی بناسن و بەبێ بیرکردنەوە بڕیار لەسەر هاوسەرگیری بدەن، کاتێکیش ڕووبەڕووی بچووکترین گرفت دەبنەوە، خێرا بریار لەسەر جیابوونەوە دەدەن.
ئەوەی گرفتی خێزانەکان قووڵتر دەکاتەوە خراپی باری ئابوورییە، وەک ڕۆژ دەڵێت: زۆرجار هاوژینەکان گرفتێکی وا لەنێوانیاندا نییە، بەڵام کاتێک پیاوەکە بەهۆی بێکاری ناتوانێ بژێوی ژیان و کرێی خانوو و پێویستییەکانی خێزانەکەی دابین بکات، کێشە دەکەوێتە نێوانیان و جیادەبنەوە.
لە داتاکانی ئەنجوومەنی دادوەریدا دەردەکەوێت، زۆربەی تەڵاق و جیابوونەوەکان لەنێو ئەو هاوسەرانەدایە کە تەمەنیان لەنێوان 16 تاوەکو 25 ساڵیدایە، زۆربەی دۆسیەکانیش لە دادگا بە نەگونجان لەگەڵ یەکدی تۆمار دەکرێن.
بەڵام پارێزەر ڕۆژ شێرزاد، دەڵێت: بەشێک لەو دۆسیانە زۆر نهێنی دیکەیان لە پشتەوەیە بۆ نموونە بەشێکیان لەوانەیە پەیوەندی بە ساردی سێکسییەوە هەبێت، بەڵام هاوژینەکان پێیان شەرمە یان نایانەوێت نهێنییەکە بدرکێنن.
پارێزگای #سلێمانی# بە تۆمارکردنی 24 هەزار و 287 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە لە ماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەرووی زۆری ژمارەی تەڵاق لەدوای هەولێر لە پلەی دووەم دێت، زۆرترین تەڵاق و جیابوونەوەکانیش لە ساڵی ڕابردوو تۆمارکراوە، کە چوار هەزار و 859 دۆسیە بووە.
لەیلا عەبدوڵڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی و سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی ژنانی کوردستان، کە لە ڕێکخراوەکەی سەرپەرشتی دۆسیەکانی جیابوونەوە و تەڵاق دەکات، دەڵێت: هۆکارەکانی تەڵاق و جیابوونەوە زۆرن، زۆربەی کچان و کوڕان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکدی دەناسن و دوای پەیوەندی و خۆشەویستییەکی کورت بڕیار لەسەر هاوسەرگیری دەدەن، دوای ماوەیەک خۆشەویستییەکەیان کاڵ دەبێتەوە بەرگەی یەکدی ناگرن و بڕیاری جیابوونەوە دەدەن.
هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی تەڵاق و جیابوونەوە بەبڕوای لەیلا ئەوەیە، کە زۆربەی کچان و کوڕان لە تەمەنێکی بچووک دەچنە ناو ژیانی هاوسەرگیری و بەهۆی چاولێکەریش دەیانەوێت لە ماوەیەکی کورت ببنە خاوەنی هەموو شت، بۆیە بەرگەی هەوراز و نشێوییەکانی ژیان ناگرن و زوو بڕیاری جیابوونەوە دەدەن.
بێجگە لە خراپی باری ئابووری کە هۆکارێکی زیادبوونی ئامارەکانی تەڵاق و جیابوونەوەیە، لەیلا عەبدوڵڵا دەڵێت: خیانەتی هاوژینی لە نێوان هەردوو ڕەگەز زۆر بووە، جاری وا هەیە پیاوەکە خیانەت دەکات ژنەکەش وەک تۆڵەسەندنەوە دەیکات، ئەمەش تەڵاق و جیابوونەوەی بەدوادادێت.
$ئاماری تەڵاق و جیابوونەوە لە 2012 تاوەکو 2019$
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/389632/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=ئاماری جیابونەوە بۆ ساڵی 2012 تا 2019=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=ئاماری جیابونەوە بۆ ساڵی 2012 تا 2019=KTML_ImageCaption_End=
لە هەر تەڵاق و جیابوونەوەیەک، خێزانێک هەڵدەوەشێتەوە، ئەگەری هەیە دوو بنەماڵە ببنە دوژمنی یەکدی، چەند منداڵێکیش لە سۆزی دایک یان باوک بێبەش دەبن.
لەیلا عەبدوڵڵا، دەڵێت: بە بڕیاری دادگا زیاتر لە 500 خێزان لە ڕۆژانی هەینی و شەممە منداڵەکانیان دەهێننە جێژوانی خێزانی، زۆربەی ئەو منداڵانە تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ بوون، بەهاندانی ئەم و ئەو ڕقیان لە دایک یان باوکیان دەبێتەوە، جاری واهەیە کەسوکاری ژنەکە ئامادە نین منداڵەکانیان بەخێوبکەن. ژن هەبووە بە گریانەوە داوای لە ئێمە کردووە کەسوکاری ڕازی بکەن، کە منداڵەکانی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوونە.
$مارەبڕین کەمی کردووە:$
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا 354 هەزار و 175 گرێبەستی ماڕەبڕین لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. ساڵی بەساڵیش ژمارەی گرێبەستی مارەبڕین لە دادگاکان لەکەمبوونەوەدایە.
بەگوێرەی داتاکان لەساڵی 2012 تاوەکو ساڵی 2015، 199 هەزار و 605 گرێبەستی مارەبڕین لە دادگاکان تۆمارکراوە، گرێبەستەکانیش بەمشێوەیە بووە:
لە ساڵی 2012 دا 56 هەزار و 2 گرێبەست.
لە ساڵی 2013دا 52 هەزار و 749 گرێبەست.
لە ساڵی 2014 دا 47 هەزار و 444 گرێبەست.
لە ساڵی 2015 دا 43 هەزار و 410 گرێبەست.
لە ساڵی 2016 دا 32 هەزار و 625 گرێبەست.
لە ساڵی 2017 دا 39 هەزار و 677 گرێبەست.
لە ساڵی 2018 دا 39 هەزار و 763 گرێبەست.
لە ساڵی 2019 دا 42 هەزار و 505 گرێبەست.
بەپێی داتاکان لە سێ ساڵی ڕابردوودا جۆرێک لە زیادبوون لە ژمارەی گرێبەستی مارەبڕین هەیە.
لەیڵا عەبدوڵڵا، دەڵێت: ناسەقامگیری باری ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان کاریگەری زۆری لەسەر کەمبوونەوەی گرێبەستی هاوژینی هەبووە، بەشێک لە گەنجان لە ترسی ئەوەی دوای هاوسەرگیری بەهۆی بێکاری ونەتوانن بژێوی ژیان دابین بکەن، هەندێکی دیکەیان بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تەڵاق دەترسن وهاوسەرگیری ناکەن.
کورد دەمێکە گوتوویەتی کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە. ئامارەکان دەریدەخەن کە ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی، چ ڕۆڵێکیان هەبووە لە زیادبوونی ئاماری تەڵاق و جیابوونەوە و کەمبوونەوەی ئاماری گرێبەستی هاوژینی.
$ئاماری گرێبەستی هاوژینی لە 2012 تاوەکو 2019$
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:left;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/389632/0002.JPG=KTML_ImageCaption_Title=ئاماری گرێبەستی هاوژینی ساڵی 2012 تا 2019=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=ئاماری گرێبەستی هاوژینی ساڵی 2012 تا 2019=KTML_ImageCaption_End=
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ئاماری تەڵاق و جیابوونەوە بە ڕێژەی 42% زیادبووە و ئاماری گرێبەستی هاوسەرگیریش بە ڕێژەی 24٪ کەمیکردووە.
د.لوقمان عوسمان، پسپۆری ئابووری لە کۆلێژی کارگیری و ئابووریی زانکۆی سەلاحەددین، دەڵێت هاوشێوەی حکومەت هەموو خێزانێک بە گوێرەی داهاتەکانی، خەرجی بۆ پێویستییەکانی دیاری دەکات، کاتێک ئەو داهاتە بە هەر هۆکارێک کێشەی بۆ دروست ببێت، بەتێپەر بوونی کات کێشە لەنێو خێزانەکان دروست دەکات، کە دواجار هەڵوەشانەوەی خێزانی بەدوادادێت، بۆیە دەتوانین بڵێین قەیرانی دارایی و ناسەقامگیری ئابووری ڕۆڵی هەبووە لە زیادبوونی ئاماری تەڵاق و جیابوونەوە. [1]