شەوی #20-11-2021#، مام عەبدوڵڵا ڕوستايي, لەتەمەنی 106 ساڵیدا بۆ دوایین جار چاوی داخست و گیانی شەکەت و ماندووی بە یەکجاری ئارام بوو.
مام عەبدوڵڵا ئەحمەد وەسمان (حاجی عەبدوڵڵا ئەحمەد بەگی ڕوستێ 1915-2021) لەتافی لاوێتیدا یەکێک بوو لەو پێشمەرگە دلێر و ئازایانەی کۆماری کوردستان (1946) کە لەگەڵ چەندین مێرخاس وپیاوی مەردی ئەو زەمانە، هەر لە باشووری کوردستانەوە یاوەری وەهاباغای ڕواندزی باوکم بوون و بۆ گیانفیدایی لەپێناو سەربەخۆیی و ڕزگاری کوردستان بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێکەوتن و لەوێش شەرەفی پێشمەرگەبوونیان لە وەزارەتی جەنگی کۆماری کوردستاندا وەرگرت، مام عەبدوڵڵا لە لکی چواری هێزی بارزان بوو لە دەڤەری بۆکان و ئاڵتونی سەروو، لەزۆربەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای داگیرکەری شاهینشایی ئێراندا ڕۆڵی قارەمانانەی هەبوو.
دوای ڕووخانی کۆمار، مام عەبدوڵڵا خۆی ڕادەستی دەوڵەتی ئێران و عێراق نەکردەوە، بەڵکو بەنهێنی و بە چەکەوە لەگەڵ چەندان کەسیتر وەک یاخیبوویێک لەقەدپاڵی شاخ و کوێستانە سەختەکانی باڵەکایەتیدا مایەوە و لەوێدا خۆیان حەشاردا بوو.
لە شۆڕشی ئەیلولدا، مام عەبدوڵڵا دیسان دەبێتەوە پێشمەرگە و درێژە بە خەباتی کوردایەتی دەدات لەپێناو ڕزگاری کوردستان، لە ساڵی 1973دا (نەجات)ی کوڕە تاقانەکەی کە پێشمەرگەی تۆپخانەی شۆڕش بوو لەبەرسرین لەکاتی ئەرکی نیشتمانیدا شەهیدبوو.
مخابن ئەو هەموو بەسەرهات و ڕووداوانەی لای مام عەبدوڵا هەبوون هیچ کەناڵ و لایەنێکی بەڵگەپارێز سەردانیان نەکرد بۆ وەرگرتن و کۆکردنەوەی بەشێک لەو زانیاری و ڕووداوانەی کە مام عەبدوڵڵا تیایدا بەشداربوو، بەهاری ئەمسال لە ڕێککەوتی 24/4/2021 لە گوندی مەلا ئۆمەر نزیک هەولێر لەماڵی بەڕێز (کاکەمین ئەحمەد بەگی ڕوستێ) لەگەڵ برایانم وەکو وەفادارییەک بۆ هاوڕێیەکی دێرینی باوکمان و پێشمەرگەیەک و سەربازێکی ونی بێناوی کۆمار، سەردانی مام عەبدوڵڵامان کرد و توانیم نزیکەی کاتژمێرێک لە گفتۆگۆکانی تۆمار بکەم کە سەراپای لەبارەی کۆمار و خەباتی پێشمەرگایەتی و بارزانی نەمر و وەهاباغای ڕواندزی بوو.
هەڵگورد جندیانی
[1]
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 2,730
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!