راگەیاندراوێک لە خانەوادە و بنەماڵەی شەهید عەمید موراد کانی کوردەیی یەوە بۆ ڕای گشتی
وەک ئاشکرایە ئێوارەی دوێنی پێنج شەممە26ی 11ی 2021، عەمید(موراد عەبدولرەحمان عەوڵا) ناسراو بە (موراد کانی کوردەیی) و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم) لە کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەدا و بە پیلانێکی هاوبەش و نەخشە بۆ دارێژراوی دوو دەزگای ئەمنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە شەهیدکران و پاسەوانێکیشی بەناوی (سەرکار فاخیر) بریندارکراوە و یەکێک لە هاورێکانیشی بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد) فرێندراوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە. لێرەوە بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین:-
1- (عەمید موراد کانی کوردەیی) پلەی سەربازیی هەبوە و بەرێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی ڕاپەڕین بووە، دوێنێ دەوامی ڕەسمی خۆی کردوە، هەر داوا و سکاڵایەکی یاسای لەسەر بووبێت، دەکرا بەشێوەیەکی یاسایی و بە ڕێکار و عورفی سەربازیی ئاگادار بکرایەتەوە، هەر بۆیە هەموو ئەو تۆمەتە بێبنەما و چەواشەکارییانەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە تووندی ڕەت دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین ئەوتۆمەتە بۆ داپۆشینی کارە قێزەونەکەیانە و دەیانەوێت کەیسەکە بەلارێداببەن، لەکاتێکدا خوێن لە جەستەی عەمید موراد دەچۆڕا جارێکیتر بەم تۆمەتە دووجار شەهیدیان کرد و ڕق و توڕیی بنەماڵەکەشیان زیاتر کرد.
2-عەمید موراد بە برینداری لە لایەن چەکدارەکانەوە ڕفێندراوە و دوای شەش کاتژمێر پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کراوە و پێیان وتوون برۆن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتوە کە عەمید موراد فیشەک بەرقاچی کەتوە و نەمردوە بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر دڕندانە گیانی سپاردوە، بەپێی ڕاپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی کە لە کۆیە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتوە کە شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە وهەڵواسینی هەردوو دەستی بە ڕوونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردوە.
لەلایەکیترەوە هەموو ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکرێت، کارمەندێکی ئەمنی کە ماوەی دوومانگە لە دەزگای زانیاری بە شێوەی گرێبەست کاردەکات و (بێ ئەوەی هیچ جۆرە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی کردبێت و بە ئەزمونێکی کەمەوە)، لەو ڕووداوەدا کوژرابێت، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کراوە و پێیان وتراوە کە فیشەکی لەدەست دەرچوە و دوای برینداربونی گیانی سپاردوە، دواتر بە ئەمبوڵانسێک تەرمەکەیان ناردۆتەوە، بۆیە هەر لێرەشەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزان و خانەوادەی سەربەرز و تێکۆشەری ئەو کارمەندە دەکەین و داواش دەکەین ڕێگەنەدەن ڕاستیەکانی مەرگی ڕۆڵەکەیان بەلارێدا ببرێت و تێکەڵ بەو پیلانە نەگریسەی دەزگای زانیاری بکرێت.
3- هاورێیەکی عەمید موردا بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد) کە لەوکاتەدا لەگەڵیدابوە، لەلایەن چەکدارەکانەوە ڕفێندراوە، هەرچەندە شوێنی پەلاماردانەکە لە شوێنێکی دیاری ناو شاری ڕانیە بووە، بەڵام بۆ داپۆشین و شاردنەوەی ڕاستیەکان، ئاسایش دەستبەجێ هەموو کامێراکانی ئەو ناوچەیەی هەڵگرتۆتەوە، بۆیە نازاندرێت بەرەوکوێ براوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.
4- ئێمە وەک بنەماڵەی قوربانیان، کە بەخوێن پشتیوانیمان لە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کردوە و دەیان شەهیدمان لە پێناو گەل و خاکی کوردستان بەخشیوەو قوربانیمانداوە، شەهیدبوونی بەناهەقی ڕۆڵەکانمان بەدەستی ئەنقەستی دەزگا ئەمنیەکانی حزبەکەمان بە توندی ئیدانە و شەرمەزار و ڕسوا دەکەین، لە هەمانکاتدا بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و ڕادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین و ئەگەر لە ماوەیەکی زۆر کەمیشدا تاوانباران دەستگیر نەکرێن و نەخرێنە قەفەسی زیندانەوە، بە پێچەوانەوە پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی توندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری کە دەرهەق بەرۆڵەکانی ئێمە ئەنجامیداوە.
لەهەمانکاتدا داوا لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندیەکان و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و سەرجەم ئەندام و کادر و لایەنگرانی یەکێتیی دەکەین کە هەڵوێستی جدییان هەبێت لەسەر ڕووداوەکانی ئەمدوایەی ناو یەکێتیی و ئەو ڕەشبگیریەی کە ئێستا بەرامبەر بە کادرانی یەکێتیی ئەنجام دەرێت و ڕێگەنەدەن چیتر دەستە و گروپێکی ئەمنی کە بەفەرمانی ڕاستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی و بەناوی (یەکێتیی نوێ) وە بڕیاردەدەن، یاری بە چارەنوسی یەکێتیی یەوە بکەن و هەرکەسێک بەخواست و ڕەزامەندی ئەوان نەبوو، دۆسیەیەکی بۆ دابتاشن و بەعس ئاسا هەڵبکوتنە سەری و شەهیدی بکەن، داواش دەکەین ئەو ڕەشبگیریەی دەستیانداوەتێ کۆتایی پێبهنێندرێت و چیتر ناو و ناوبانگی حزبی شەهیدان لەکەدار نەکەن و خۆیان نەخەنە بەر توڕەیی و ڕاماڵینی جەماوەری یەکێتیی.
لەگەڵ ڕێزدا
بنەماڵەی شەهید عەمید موراد کانی کوردەیی