عەدێ و مەدێ 65
کابرا سوڕاوە لای من و کلکی حەیزەرانی گرت و بە هەموو هێزی برندی کرد، ئێکەک لە دەرکەی بە تووندی هاتە ژۆرێ و گۆتی: ئەو حەیزەرانەی بینە خوارێ! کابرا دەستی شل بوو، حەیزەرانی هینا خوارێ و گۆتی: بە ئەمری کێ بینمە خوارێ؟ ئەویش گۆتی: بە ئەمری کاکە لافاو و خاری! ئەفەندیەکەی دانیشتبوو، قیت بۆوە و گۆتی: ئەمری خاری لەسەر و سەر چاوم! ئەوان ئەمر دەکەن، لابە کورە ئەو حەیزەرانەی لابە! کابرا هاتە پێش و گۆتی: ئەو فایلەی لۆ ئەو کابرایەتان کردتەوە، بدە من، ئەفەندیەکە فایلەکەی برند کرد و دایە دەست کابرایی و گۆتی: فەرموو! ئەویش فایلەکەی وەرگرت و لوولی داو گۆتیە من: هەستە بابڕۆین! ئەمنیش قیت بوومەوە وەگەری کەوم، ئەفەندیەکە گۆتی: لۆ کێی دەبەی؟ کابرا بە تووندی گۆتی: بەس ئەمن پرسیار دەکەم و ئەتوو بەس وەرام دەدەیەوە، جارەکی دی ئەو پرسیارانە بکەی، بەو حەیزەرانەی لە خینێت دەگەوزێنم! وەکی کابرا ئەو قسانەی کرد، ڕەنگم پەڕی، گۆتم: وەی بابە، ئەوە ئەوها بەوەی برێی، کە پیاوی خۆیتیان دەبی چ لەمن بکەن؟ لەو خەیارانە دابووم، کابرا گۆتیە من یاڵلا بابڕۆین! ئەمنیش قیت بوومەوە و کەتمە دووی.
سواری تڕومبێلی بووین و لە ناو دائیرەکەی چووینە دەرێ، هەردووکمان لە پشتەوە دانیشتین، سایەق و پاسەوانەکیش لە پێشەوە، هەتا لە شاری دەرچووین هیچ قسەم نەکرد، کابرا زانی قوڕگم هیشک بووە، ئاوەکی ساردی لەناو سەلاجەی تڕومبێلەکەی دەریناو دایە من، ئەمنیش لێم وەرگرت و هەرم پچڕی و بە یەک قوومی هەمووم ئاوا کرد، کابرا بەینەکی تەماشای کردم، گۆتی: پێدەچی برسیت بی؟ گۆتم: یەعنی! گۆتی: لە کەنگیووە نانت نەخواردیە؟ گۆتم: لە دونێ هێوارێ! گۆتی: یاڵلا هەونکە دەچینە کن کاکە لافاوی و نانەکی باش دەخۆی، گۆتی: لافاو ئیشی بەمنە یان خار؟ گۆتی: یەکەمجار کاکە لافاو، ئەگەر لەوی بەباشی دەرچووی، ئەوە خاریش دەبینی!
گەیشتینە ناو کۆشک و تەلاری خاری و چووینە ژۆرێ، هەتا بنەبانێ چووین، ئەوە ئەو مەزرەعە نەبوو کە جاری پێشی چووبووم، جێیەکیدی بوو، زۆر خۆشبوو، پڕی داروبار بوو، ئاوڕم داوە لای ڕاست، عەدێ و مەدێم دیت، دیتم عەدێ چووبووە سەر دار تووەکی، تووی لێدەکردەوە، مەدێش لە خوارێ چشتەکی ڕاهێخستبوو، عەدێ تووی بەردەداوە خوارێ، مەدێ هەری دەگرتەوە و دەیدا خاری، کە لەسەر کورسیەکی دانیشتبوو، هێدی هێدی تووی دەخوارد، تڕومبێلەکەی مە لەوان تێپەڕی، وەختەکی دیتم ئەسکەندەر ئیسفەنجەکی پێیەو پەقرەجە کەفاوەکی لە پێشە، ئێک دوو سەی لەکنە و وا هوردە هوردە دەیانشوا و ئیسفەنجیان بە پشتی دادەینی! تڕومبێلەکە لە بن هەیوانی کۆشکەکەی ڕایگرت، هاتینە خوارێ، کابرا گۆتی: لێرە ڕاوەستە و چاوەڕێ بکە، هەتا کاکە لافاو دێتەوە، گۆتم: لۆ کێوە چووە؟ گۆتی: کوو بە کابرام گۆ پرسیاران مەکە، ئەوهاش بەتوو دەرێم، تێگەیشتی ؟ گۆتم: بەرێ تێگەیشتم! گۆتی: ناوەڵلا نە تێدەگەی، نە دەتەوێ تێبگەی، نەکەس هەیە تێت بگەینی! گۆتم: ئاخر ئەوە کێشەی منە!
مایتی.[1]
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 639
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!