پڕۆژەی ئاوی سەنحاریب
ئەم پڕۆژەیە بەیەکەمین پڕۆژەی گەیاندنی ئاو دادەنرێت لە ئێراق لە دووری 55 کم ئاو هێنراوە بۆ قەڵای #هەولێر#، لە سەدەی حەوتەمی پێش زاین لە سەردەمی پاشا (سەنحاریب) سەردەمی ئاشوریەکان (2500-612 پ.ز) .
کەی ئەم شوێنەوارە دۆزرایەوە ؟
لە ساڵی 1933 بۆ یەکەم جار بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری موسڵ لەلایەن شوێنەوارناس (د.یۆردان) ڕاوێژکاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دۆزرایەوە، توانی ئەو بەردە بدۆزێتەوە کە ناوی (سەنحاریب) ی لەسەر نەخشێنداربوو، لە بەهاری ساڵی 1946 لەلایەن دەستەیەکی شوێنەواری توانرا تەواوی نووسینەکە بخوێندرێتەوە کە باس لە چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە ئەکات، لە 14-5-1946 لەلایەن شوێنەوار ناس (فواد سەفەر) لە گۆڤاری (سۆمەر) تەواوی ئەم لێکۆڵینەوەیەی بڵاو کردەوە بە هەردووزمانی عەرەبی و ئینگلیزی.
چۆنییەتی درووست کردنی پڕۆژەکە.
سەرەتای سەنحاریب لە چیاکانی (خانی) لە دووری 33 کم کە بریتین لە (سەفین و پیرمام و بنەباوی) ئاوی هێناوە پاشان لەوێ لە لەگەڵ لقی ڕووبارەکانی (سوسێ و زیارەت و قیرژە) ئاوی گەیاندۆتە بەستۆرە.
سەرەتا (سەنحاریب) دیوارێکی بەردینی داتاشراوی درووست کردووە کە قەبارەی هەربەردێک (426080) سم دەبێت، کە بەڕووی ئاوی پڕۆژەکە درووست کراوە کە بووەتە هۆی پاراستن و ڕاگرتنی نۆکەندەکە بە شێوەیەک لە داروخان و داماڵین پارستوویەتی بەرزی دەرگای نۆکەندەکە 120سم بووە پانتایشی 110 سم کە شێوەی چوارگۆشە خۆی دەبینێنت، لە بەر دەمی دەرگای نۆکەندەکە بەدرێژاری 300 م پانای 150 م بەردی گەورە و تەخت چە و ڕێژکراوە بۆ ئەوەی ئاوەکەی دێت لە قوڕ پاک بکرێتەوە ئاوی پاک بچێتە ناو نۆکەندەکە، لە نزیک دەرگای نۆکەندەکە نزمی هەبووە هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە بووە ئاو بە خێرایەکی زۆر برژێتە ناویەوە، پاشان بە درێژای 22 کم لە سەرەتای نۆکەندەکە تا قەڵای هەولێر بە شێوەی کارێز ئاوەکەی ڕاکێشاوە، لەنێوان 43 بۆ 50 م بیری هەڵکەندوە ئەویش لە بەرئەوەی لە کاتی پیس بوونی نۆکەندە بە ئاسانی پاک بکرێتەوە و بۆ هەوا هەلمژین تا خێرای ئەوەکە زیاد بکات ئەوەی پڕۆژەکەی سەنحاریب جیا دەکاتەوە لە پڕۆژەکانی تری گەیاندنی ئاو ئەوەیە پڕۆژەکانی ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنن بەڵام سەنحاریب ئاوی سەرزەوی گواستۆتەوە پێی.
$دەقە نووسراوەکەی سەنحاریب لەسەر بەردی پڕۆژەکە$
من سەنحاریبم شای جیهان و وڵاتی ئاشور، سێ ڕووبارم لە چیکانی خانی هەڵکەندوون، ئەو چیایانەی کەوتوونەتە هەوارزی شاری هەولێرەوە ئاوی کانیاوەکانی لادەستە چەپ و ڕاستی ڕووبارەکانیشیم کردۆتە ناویانەوە، ئینجا نۆکەندێکم هەڵکەندووە تا ناوەڕاستی شاری هەولێر نیشتمانی خواوەندی مەزنی (عەشتار) ئاوەکەیشم ڕاست هێناوە.[1]