قوماش 9
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
لەگەر دەنگی داکم بە خەبەر هاتم، گازی دەکردم و دەیگۆ: هەستە کوڕم نوێژەکەی بکە، هەتا نەچووە! هەستام و بڕەکی لە سەر جێی دانیشتم و داڵغەکم لێدا، دوایێ چوومە دەرێ، هەر لەبەر بەلوعەکەی حەوشێ دەستنوێژم شووشت، دووگردەکەم ڕاهێخست و نوێژی مەغریبێم کرد، هەتا ئەمن لێبوومەوە سەماوەر دەستی بە گیزەگیزێ کرد، بابم دانیشتبوو بە دەنگەکی نزم قورعانی دەخیند، چوومە سەر دۆشەکەکی تەنیشتی و بە کزی دانیشتم، بابم بەینەکی بێدەنگ بوو، دوایێ گۆتی: ڕۆرە کوی؟ گۆتم: باشم ئەلحەمدولیللا، وا دەڕوا! گۆتی: هەست بە خەمت دەکەم کوڕم، در لە دری مەدە، ئەگەر هەتا دوو ڕۆژی دی دەنگیان نەبوو، بەخۆم دەچمە دائیرەی ئاوێ و لەگەر قادرە فەندی قسەی دەکەم! گۆتم: دەبی؟ گۆتی: لۆ نابی کوڕم، خۆ ناچم دزی بکەم، دەرێم کاکە حار و حساب ئەوهایە و دوو قسەم لە مستی بنێ! داکم گۆتی: وەڵلا ئەوە باشترین چشتە ئەتوو دەیکەی، بەران دوو سێ ڕۆژی دیش با چاوەڕێ بکەین، گۆتم: یەعنی واز لە مەوزوعی قووماشەکەی بینین! بابم گۆتی: قوماشی چ ڕۆرە؟ گۆتم: وەڵلا بابە ئەوڕۆ پێشی عەسرێ ژنەک هاتبووە مارێ قادر قرپەستوری و گۆتبوویە پلکە زەکیەی بەو مارەی جیرانتان برێ: ئەو قووماشەی هینابوویانە کنەمە دووریتمان و با بێن بیبەنەوە! ئەمن وەکی ناوی قادرم هینا بابم سەر و دری گیرا، دیاربوو ژانی پێلەقەکەی بە بیر هاتەوە، بەران گۆتی: وەڵلاهی ئەمن وای لۆ دەچم ئەو ژنە لە تەرەفی ماری قادرە فەندی هاتبی، باشە نەیگۆ ژنەکی کوو بوو؟ گۆتم: وەڵلا برێم کوو بوو، زەکیە دەرێ ژنەکی ژنانەبوو! بابم سەرەکی بادا و گۆتی: یاڕەبی خوایە زۆر شوکر، کوو ڕدێنم کەتیتە دەست قادر و زەکیەی! داکم چایەکی لە پێش بابم دانا و پێکەنینەکی کرد و گۆتیە بابم: بریا هەر ڕدێن بایە پیرەمێرد! بابم چ دەنگی نەکرد، بە بێدەنگی دەستی دا مراکی و خۆی بە چایە تێدانێ مەشغول کرد!
یەک مانگی ڕەبەقمان قەپات کرد و هیچ دەنگ و سەدا نەبوو، ئەمن چاوم بە هەر پارچە قووماشەکی بکەتبا هەورینم بەبیر دەهاتەوە، خۆم پێ ڕانەگیرا و چوومە کن پلکە زەکیەی: گۆتم: خێرت دەگاتێ، تێمبگەینە ئەو ژنەی هات باسی قووماش دوورینی کرد ژنەکی کوو بوو؟ زەکیە بەینەکی تەماشای کردم، ئەوجە جغارەکی سۆمەری دەرینا و بە لالێوی وەنا و بە شقاتەکی پاکستانی پێی کرد و گۆتی: چ ئیشت بەو ژنەیە سەر لووس، ئەمن ئەتوو بناسم چشتەکت لە بن سەریە! گۆتم: وەختی هەندێ نیە، بەس توخوا پێم برێ ژنەکە چیگۆ و چینەگۆ؟ زەکیە چارێگەک قسەی لۆ کردم وەکی ئەوەی وا بوو قوڕی بشێلی، چونکە نەمتانی هیچی لێ هەرکڕێنم، هەستام بە جێم هێشت، هەر گەیشتمەوە حەوشێ، زەکیە لەگە من گەیشتە ماری مە، گۆتی: کا داکت سەر لووس؟ گۆتم: وا لە ناندینیە، گۆتی: دە هێوەڕو با بچم وەخەبەرەکی بکەوم سەر لووس! گۆتم: ئەگە سەریشم لووس بی، وەکی ئی مندارەکانی توو پڕی کێچ و ئەسپێ نیە! زەکیە لێم گەڕاوە و گۆتی: وەرە بمخۆ وەرە، زمانی چەند درێژە، دەرێی ک...رە سەیە! گۆتم: وەڵلاهی بچمە دەرێ لە هەمووی باشترە!
چوومە دەرێ و هەتا پاش عیشایێ نەهاتمەوە مارێ، وەکی چوومەوە داکم و بابم بە مشەوەشی لە پێش دەرکەی ڕاوەستابوون، چاویان بە من کەت، گۆتیان: کورە کوڕم ئەو زروفە ئی هەندێیە ئەتوو پاش عیشایێ بێیەوە، چەند جارم پێ گۆتی: لەگە مەلای مەغریبێ لە مارێ دەبی، کورە کوڕم تاقەتی گرتن و بردنی دائیرەی ئەمن و دەست ماچ کردنانم نیە، بکە لە ڕاهی خوای چیدی شەوێ تاخیر مەبە، گۆتم: ئەنگۆ نازانن ئەمن درم چەند بەخەمە، وەڵلاهی وەم لێهاتیە بە ئاقاری کەوم! داکم و بابم زۆر زگیان بە من سووتا و گۆتیان جارێ با بچینە ژۆرێ! چووینە ژۆرێ و بابم دەرکەی حەوشێی کلیل دا و ئەوجە گۆتی: وەعدبی سبەینێ بچمە کن قادرە فەندی، ئەوجە هەرچی دەبی، با ببی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 720
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!