قوماش 28
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بازۆ گۆتی: دە وەڵلاهی مادام ئەوهاتان لێکرد، هەنارم لۆ نەینن، ئەو ژن هینانەی سەرلووسی تێکدەدەم! بابم گۆتی: ماشەڵلا پیاوەکی چەند زەریفی، ئێک نەیناسی دەرێ بازۆ ڕۆستەمی زاڵە! داکم گۆتی: ئەی مشک، دە پێمبرێ بزانم کوو تێکی دەدەی؟ بازۆ قیت بۆوە و گۆتی: ئێستا دەچمە کن قادرە فەندی و دەرێم: قەدوری نەکەی کیژی خۆت بدەیە ئەو مارەی! گۆتم: باشە ئەگەر قادرە فەندی گۆتی: لۆ نەیاندەمێ؟ دەرێم وەڵلا ئەو کوڕەی بەتەمای کیژی خۆتی بدەیێ بیست و چار سعاتە سەرخۆشە! بابم ئەعسابی نەما، گۆپاری برند کرد و بازۆ دەرپەڕی، داکم هاواری کرد: کوڕم بازۆۆۆۆ! بابم گۆتی: کورە کوڕم بڕۆ ئەو سەیەی بینەوە، لێیدێ ئێستا بچیتە کن قادرە فەندی و گوی لە وەزعەکەی بکا! غارم دا دەرێ و کەتمە دوو بازۆی، لەسەری کۆرانێ گرتم، گۆتم: وەرە بابم دەرێ با ئەو سەیە بێتەوە و مفاوەزاتی بکەین! بازۆ گۆتی: ئحم ئحم! فەرموو پێشکەوە!
بازۆم هیناوە مارێ، بابم گۆتی: باشە کوڕم ئەتوو هەنارت دیتیە؟ بازۆ گۆتی: نەخێر! بابم گۆتی: ئێ کوڕم کە نەتدیتبی، کوو دەرێی دەمهەوێ؟ گۆتی: مادام خوشکی هەورینی بی، مەعنای وەیە ئەویش جوانە و لەناو پاکەتیە! داکم گۆتی: کوڕم دەبا ئەو زگەی گەورە کەین و داینێین، شەرتبی بەخۆم لۆت بچمە داخوازی هەناری، ئاخر کوڕم کوو دەبی دوو ژنان بەجارەکی داوا بکەین، هەی بابەکەی من! بازۆ گۆتی: بەرێوەڵلا دەبی، قادرە فەندی پیاوی وەکی منی لەکێ دەست دەکەوی، تەماشام کەن دەرێی ئەمیر ئەرسەلانم! بابم گۆتی: ئەمیر ئەرسەلان سەبرەکی بگرە بەخۆم بە قادرە فەندی دەرێم، بازۆ گۆتی: ناوەڵلا با سەرلووس سەبرەکی بگری، ئەوەلجار ئیشی من پێکبینن، ئەوجە دوایێ ئی وی! داکم توڕەبوو گۆتی: هەی چاو بەلەبۆق ئەتوو نازانی ئەمە قسەن لە هەورینی کردیە، کوو ڕاوەستین! گۆتم: بازۆ بەسە ببڕێنەوە، توڕەم بکەی دەتدەمە بەر کەللان، هەتیم ئەرێوەڵلا ئەوە داکم و بابم نارێن لۆت دەینین، دە بەسە دەوت تێکنێ! باشبوو بازۆ ڕازی بوو و دەوی تێکنا!
دوو ڕۆژ پاشی، پاش نوێژی عیشایێ خۆمان حازر کرد و بەڕێکەتین لۆ ماری قادرە فەندی، بابم گۆتی: جارێ هەر ئەو سێیە دەچین، وەکی لەسەر خێران ڕێککەت، لۆ مارە کردنێ دەیکەینە قەرەبارغی، گۆتمان زۆر باشە! گەیشتینە پێش دەرکەیی و لە دەرکەمان دا، جاحێرەک دەرکەی کردەوە و فەرمووی لێکردین، قادرە فەندی بە خۆو بە خێزانی لە حەوشێ ڕاوەستابوون، سەلاممان کرد و زۆر بەگەرمی وەرامیان داینەوە، چاک و چۆنیمان کرد و چووینە ژۆرێ، بابم و قادرە فەندی لە سەری مەجریسێ دانیشتن، ئەمن داکم و داکی هەورینی و یەک دوو براشی دابەش بووین، ئەلهەقی ڕێزەکی گەلە زۆریان لێناین، ئەمن هەند خۆم فەقیر کردبوو، کافریش زگی پێم دەسووتا، بەعەستەم سەرم برند دەکرد و گێم دابووە بابم و قادرە فەندی، بەینەکی باسی شەڕی عێراق ئێران و وەزعی سیاسییان کرد، دوایێ بابم گۆتی: کاکە بابێنە سەر ئەسلی مەسەلەکەی! قادرە فەندی دەنگی برند کرد و گۆتی: کیژم هەورینە، دەبینە ئەو شەربەتەی بینە کیژم! ئەمن درم دەستی بە تەپەتەپی کرد، ئەی های، ئەوە ئەمنم لە ماری قلەکەم دانیشتیمە و بە دەستی وی شەربەتی وەردەگرم! هەندەی نەبرد هەورین هات، بەعەستەم نوزەی لێوەهات و بەخێراتنی کردین! ئێک ئێک پێداهات و شەربەتی داینێ! بابم تەماشایەکی کرد و دیاربوو بە دری بوو، وەکی شەربەتی لۆ بابم ڕاگرت، بابم وەریگرت و گۆتی: ئای عەمرت درێژبی بوکی گەورەم، داکیشم وەکی شەربەتەکەی وەرگرت هەر لە سلۆری دوو سێ ماچی لە هەورینی کرد و گۆتی: ئۆخەی کیژێ خۆم، وەڵلاهی دەرێی ناسکە نانە! هەورین گەیشتە من و شەربەتی لۆ من ڕاگرت، بە عەستەم سەرم برند کرد و تەماشام کرد، ئەو لەبن لێوی بێ ئەوەی کەس بزانی گۆتی: پرتەقار هاتی! زەردەخەنەکم کرد و شەربەتەکەم لێ وەرگرت، شەربەتمان دەخواردەوە لە دەرکەی حەوشێ درا، ئێک لە کوڕەکان چوو بکاتەوە، بڕەک پێچوو هاتەوە و بڕەک بە مشەوەشی گۆتیە بابی: بابە هەتا دەرێ وەرە ئیشیان پێتە! بابی گۆتی: کێیە کوڕم؟ ئەویش گۆتی: دەتوو وەرە، ئەوجە دەزانی کێیە! قادرە فەندی ڕوخسەتی وەرگرت و چووە دەرێ! ئەمن شەربەتەکەم دانا و درم کەتە قرت و فرت!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 621
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!