قوماش 53
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
نوێژی مەغریبێم کردو چاوەڕێ بووم بابم بێتەوە، وەختەکی هاتەوەو هەر لە حەوشێ دانیشت، گۆتیە داکم: دیشلەمەکم لۆبینە خێرت دەگاتێ، داکیشم هەندی دەمێ دیشلەمەکی لۆ بابم تێکرد و لە پێشی دانا، گۆتم: بابە بە ڕەئی توو چبکەین؟ گۆتی: سبەینێ بەخۆم دەچم تاقیبەکی ماری قادرە فەندی دەکەم و بە سۆراغەکی دەکەوم، گۆتم: ئەدی لۆ وەکی مام قادر لەگەرت دانیشتبوو، ڕەنگت تێکچوو، بابە ئەگەر هەورین چشتەکی لێهاتیە یان مێردی کردیە ڕاست و ڕاست پێمبرێ، ئەمن بزانم باشترە لەوەی ئاگام لە هیچ نەبی و خەمێ بخۆم، بابم گۆتی: کوڕم دە سەبرەکی بگرە، سبەینێ دەچم و خەبەرەکت لۆ دەینم، هەورین مابی لێ دەپێچینەوە، نەمابی حسابەکیدی دەکەین، داکم گۆتی: خوای گەورە ئاسانی بکاو کوی خێر تێدایە لۆ هەموو لایەکی ئەوها بکا.
لە دەرکەی درا، هەستامەوە بچم، داکم گۆتی: بەخوای ناچی، بەخۆم دەچم جەرگی جەرگم، داکم چوو دەرکەی کردەوە، دەبینم ماری پلکە مامزی و مام حەمەدەمین و خەجە و سێ چار سەرکەو بنکەیدیشیان لەگەرە! لە ناوقەدم ڕا هیشک بوو، ویستم بە سەبانی دا هەرێم و خۆم قورتارکەم، بەران مەجال نەماو حەمەدەمین بە دەنگەدەنگ هاتە ژۆرێ، سەلامی کرد و ڕووبووە من و هەشت نۆ ماچی لێکردم، پلکە مامزیش هەروەها و دەستی بەسەری داهینام و گۆتی: بە دەستی من نەبی بە دەستی عەیشە و فاتمان بی، ڕەبی کوڕم خوا بتپارێزی و بەدری توو بدا، وەی دەنا بمدیتبا شاییەک لەپێش دەرکەی بگەڕابا نەسەری دیاربا و نەبن، خەجەش بە ڕەنگەکی سۆر هەرگەڕایی هاتە پێش و گۆتی: مامەستا کوی باشی؟ گۆتم: باشم بژی مەمنون، حەمەدەمین دۆقەکی گەرمی لەگەر بابم کرد و چاک و چۆنی لەگەر داکم کرد و گۆتی: چاوتان ڕۆن، ئەلعەمدولیللا نەجاتی بوو، وەڵلاهی پێنج فەڕزە لەسەر دووگردی دوعام لۆکردیە، بڕواتان هەبی مامزۆک و خەجە ئەو بەینەی خۆیان کووشتیە هەنکی بگریێن و ئاخان هەرکێشن، حەمەدەمین شفتیەکی لەبن هەنگری بوو، لە تەنگەی زەلامت دابا دەیهێخست، پلکە مامزیش عەللاگەکی پڕی پەلکە مێوی دا داکم و گۆتی: خەجە بە دەستی خۆی لێی کردیتەوە و لۆی هینای! خەجەش لەخۆشیان دەوی وێک نەدەهاتەوە و ئەمنیش ئەعسابم نەمابوو، چارم ناچاربوو بەگەرمی بەخێراتنم کردن و داکم فەوری و سەوری ئاوی هینا، ویستم لێی وەگرم و دابەشی بکەم، خەجە پڕی دا دۆلکە و پەرداخەکەیی و گۆتیە داکم: ئەیڕۆ مامۆژن ئەتوو دانیشە، ئەمن ئاوەکەی دەگێڕم، ماشەڵلا خەجە دەتگۆ پەلیکە، خۆی بە دار و بەردی دادەدا، داکمی لەبەر سەماوەری هەستاند و هەربەخۆی بووە وەستای چایەی، حەمەدەمینی بابی گۆتی: کیژم خەجەلاو چایەکی شیرینی یەک ڕەنگ لۆ مامەستای تێکە، ئەمن دەزانم لەو سجنەی بەس چایەی زەردکاویان دایتێ! پلە مامز پێکەنی و گۆتی: حەمەدەمین هەر دەبی بکاتە مەیدانی خۆی!
هەرکووی سەرم برند دەکرد، خەجە چاوی لەناو چاوم نابوو، لەدری خۆم گۆتم: یاڕەبی خوایە ئەو بەرایە چیە تووشم بووە، ئەمن فکرو خەیارم لەکێ و خەجە فکرو خەیاری لەکێ! حەمەدەمین لەگەر بابم کەتبووە قسان و بەسەرهاتی ساری سەی دەهینا گۆڕێ، داکم گۆتی: با هەستم پارە نانەکی حازرکەم و پێکەوە بیخۆین، پلکە مامز گۆتی هەندەم سووند و قورعانە ناچی، برسیمان نیە و تێرمان خواردیە ئەوجە هاتینە، کیژم خەجە ئەو شفتیەی هوردکە بابیخۆین ئەوە بەسە! خەجە غاریدا ناندینی، چەقووەک و سنیەکی گەورەی هینا و شفتی لەبەر دەستی دەتگۆ کاوڕە، وەکی تەڵقەی کەوری کرد و لە پێشەمەی دانا، پلکە مامز دەیوویست لۆمن بسەلمێنی خەجە چشتۆ کابانە و دار و بەرد ڕابووەستی ئەو ڕاناوەستی، ئەمن بەخۆم لەلایەکی زگم بەخەجەی دەسووتا، چونکە ئەو ژیانی خۆی لە سەر ئەوەی بنیات نابوو ببیتە هاوسەرم، ئەمنیش ئاگرەک لە هەناو دەسووتا، بە زێی بادینان نەدەکوژاوە!
ماری پلە مامز و حەمەدەمینی هەتا درەنگ دانیشتن، ئاگام لێبوو پلە مامز لەگەر داکم باسی مار دانان و مارەیی و زێڕو شتی وای دەکرد، داکیشم ڕەنگی پەڕیبوو، بە لاچاوەکیش تەماشا منی دەکرد و دەترسا ئەمن بتەقێنمەوە، ناهەق نەبوو، پتت لێدابام دەبوومە هەزار پارچە، خەجەی بەستەزمانیش زوو زوو ئیشارەتی دەدا داکی و دەیگۆ هیچم ناوێ، بە لاچاوەکیش تەماشا منی دەکرد و وەکی برێی دەیگۆ: ماری دنیایێ لەکنە من چرکی دەستیە، بەس ئەتووم دەوێ و تەواو، بابیشم هەستی بەو وەزعەی کردبوو، لۆیێ ئەویش جەوی زۆر تەواو نەبوو، حەمەدەمین باسی ماری دنیایێی دەکرد لەگەر بابم، بابیشم چونکە گێیەکی لای داکم و مامزی بوو، تێکەری کرد و گۆتی: مارەییەکەی شەرع چدەرێ با ئەوهابی! ئەمن ئەعسابم نەما، حەمەدەمینیش جەوی بۆوە و دەستی بە سمێری داهینا و لە قریتەی پێکەنینێی دا، بابم لۆ ئەوەی وەزعەکەی وەکی خۆی لێبکاتەوە، گۆتی: ئەرێ کوڕم مەسەلەی تەعینەکەت چی بە سەرهات؟ گۆتم: وەڵلا بابە برادەرەکانم هەموو دامەزران، ئەمن چونکە گیرابووم، دائیرەی ئەمن موافەقەی منی ڕاگرتیە، لەو ڕۆژانە بەدوو دادەچم، بەشکو ئیشاڵلا تەرتیب بی! حەمەدەمین تێگەیی بابم بە قەستی مەوزوعەکەی گۆڕی، لۆیێ گۆتی: ئەرێ دە هەستە مامزۆک هەستە، ماخران چەندت مەرەق قسەیە، ئاخر ئەوە سعات دەی شەوێیە، کێ دەرێ ئەو سەگبابانە نایکەنە مەعنە تەجەوەل(منع التجول- قەدەغەکردنی هات و چۆ)، مامز گۆتی: دە هەستە دەی، ئەو مارە هەر ئاوەدان بی! حەمەدەمینیش هەستاو خواحافیزی لەمە کرد، ئەمەش هەتا دەرکەی حەوشێ لەگەریان چووین! خەجە لە دەرکەی ئاوڕەکی مەکرۆیانەی لەمن داوە و گۆتی: خواحافیز مامەستا، ئاگات لەخۆبی! گۆتم: بەخێرچی!
هاتینەوە ژۆرێ و بابم دەکورا، گۆتیە داکم: ئەرێ حورمێ، ئەو ژن و ژن خوازیە چبوو کردبووتانەوە لەگەر مامزی، باشە ئەتوو نازانی ئەمە هێشتا بەتەمای هەورینی قادرە فەندینە! داکم گۆتی: دەزانم دەزانم، وەنەبی نەزانم، بەران چبکەم وەکی مامزی پلک واز نەینی، وەڵلا بەس مابوو برێ ئەوجارە بێمەوە لانکەکیش لەگە خۆ دەینم لۆ قاسمی! بابم گۆتی: قاسم کێ یە؟ داکم گۆتی: قاسمی نەوەت، لە خەجەو کوڕت، مامزی پلک ناویشی لە نۆبەرەیان ناو گۆتی: ئیللا و بیللا دەبی ناوی قاسم بی، بابم ئاوڕەکی لەمن داوە و گۆتی: ئەبو قاسم، کوو لە وەزعەکەی دەگەی؟ لە سەر هەموو خەمان، بە دەست خۆم نەبوو لە قریتەی پێکەنینێم داو لەسەر پشتێ کەتم، گۆتم: ئەوجە ئەوەی خۆشە سوورەش بی، ناوی دەکەوتە دوێ: قاسمە سۆر!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!