نوسینی: حەمە بچکۆل
لە درێژەی باسە وەرزشییەکانی مێژووی وەرزشی شاری سلێمانیدا، ئەمجارە باسی یارییەکی تر وبەسەرهاتێکی تری وەرزشیی دەکەین ئەویش هاتنی تیپێکی دەرەوەی عیراقە بۆ سلێمانی و لەپەراوێزی هاتنەکەی ئەو تیپەدا دەچینە ووردەکاریی ئەو یارییەی ئەو تیپە لە سلێمانی کردوویەتی و یارییەکەی لەگەڵ کێ بووەو چۆن کراوەو ئەنجامەکەی چۆن بووە، یاریزانی دێرینی سلێمانی #محەمەد عەلی سەعید# ناسراو بە (حەمە بچکۆل) بەمشێوەیەی خوارەوە ووردەکاریی یارییەکە باس دەکات.
مێژووی یارییەکە ڕۆژی 23/8/1971 بووە، واتە ئەم یارییە 50 ساڵ پێش ئێستا کراوە، تیپی میوانیش (یانەی شاریقەی ئیمارات) بووە، یارییەکەشی لەگەڵ #یانەی سلێمانی# کردووە.
وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە بەرلە ئەنجامدانی یارییەکە گیراوە، خوالێخۆشبوون مامۆستا #هەڵگورد عارف# ناوبژیوانی یارییەکە بووە، خوالێخۆشبووان فەهمی فەقێ ڕەشیدی قەشان و دارای حاجی عەلی یارمەتییانداوە، یارییەکەش لە یاریگای سلێمانی کەبە (مەلعەبەکە) ناسرابوو کراوە، یارییەکەش بەبردنەوەی یانەی سلێمانی 5-1 لە تیپی یانەی شاریقە کۆتاییهات و جەماوەرێکی زۆر ئامادەی بینینی یارییەکە بوون.
وەک لە وێنەکدا دیارە سەرەتا تیپی یانەی سلێمانی کە بە پلانی 4-3-3 یاریی کرد، ئەم یاریزانانە بوون:
لە ڕاستەوە -وەستاوەکان (حەمە بچکۆل، کەمالی حەبێ، خوالێخۆشبوو ڕەزاقە سور، حەمە سیروان، مەجید میرخان)، دانیشتووەکان (عەلی مەعسوم، ڕەئوفی زەینەب، خوالێخۆشبوو عەلی لەتیف، تایەری شێخ لەتیف، شەهیدی نەمر جەمالی عەلی باپیر، عومەر موراد، عومەرە ڕەش).
لە تایمی دووەمدا خوالێخۆشبوو مامۆستا سەڵاح محەمەد کەریم و ئازاد وەهاب و فاروقی کاک فایەقی قەساب – بەشداریی یارییەکیان کردوو لە کاتە جیاجیاکانی تایمی دووەمدا هاتنە ناوەوە.
یارییەکە لەچەند دێڕێکدا
تایمی یەکەمی یارییەکە 1-1 بوون، حەمە بچکۆل گۆڵەکەی بۆ یانەی سلێمانی کرد لە ئەنجامی دەبڵ پاسێک لەگەڵ خوالێخۆشبوو کەمالی حەبێ و دواتر تیپی میوان گۆڵی یەکسانبوونیان کردەوە.
تایمی دووەم تیپی یانەی سلێمانی چوار گۆڵی تری کرد(دوانیان خوالێخۆشبوو مامۆستا سەڵاح محەمەد کریم) (دوانەکەی تریش عومەر موراد ناسراو بە عومەرە ڕەش) کردنی.
هاتنی تیپەکەش بۆ سلێمانی هۆکارەکەی ئەوبوو کە یانەی سلێمانی و لێپرسراوانی وەرزشیی ئەوسای سلێمانی پەیوەندییەکی باشیان هەبوو، جگەلەوەش سلێمانی و یانەی سلێمانیش ئەو سەردەمە تیپێکی لاوی بەهێز و تۆکمەی هەبووە.
یارییەکە بەچاودێری قائید فیرقەی سلێمانی بووە.
تیپی یانەی شاریقە 9 یاریزانیان بۆ هەڵبژاردەی ئیماراتی ئەو سەردەمە یارییان دەکرد.
ئەو سێتە درێسەی یانەی سلێمانی یاریی پێوە کرد درێسی تیپی گۆیژەبوو، خوالێخۆشبوو مامۆستا کەمالی حاجی غەفور کە سەرۆکی ئەو تیپەبوو هێنابووی بۆمان.
راهێنەری تیپی یانەی سلێمانی مامۆستا ئیبراهیم قاسم بوو، لەبەر چەند ئیلتیزاماتێک لە زانکۆی سلێمانی ئەوسا کە ئەو مامۆستا بوو لەو زانکۆیە نەیتوانی ئامادە بێت و مامۆستا سەڵاح محەمەد کەریم وەک یاریزان و سەرەپەرشتیاری تیپەکە ئەرکەکانی ئەوی ڕادەپەڕاند.
پاش تەواو بوونی یارییەکە، قائید فیرقەی سلێمانی لە (بەهو ئەلزوبات) ی، پێشوازی لە هەردوو تیپ کردوو میواداندارییەکەشی زۆر شایستە بوو. [1]