قوماش 75
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
وەکی چاوم بە هەورینی کەت، هەر وەختبوو شێت بم، ئەتوو وەرە پیاوەک ئەوەندە هیچ و بێ شەرەف بی، ئامادەبی ژنی خۆی بینیتە دائیرەی ئەمن و تەسلیمی ئەو دڕندانەی بکا، دەبی چ مرۆڤەک بی! ئەمن لەو فکر و خەیارانە دابووم و چاوم بڕیبووە ناو چاوی سەرۆک جاشەکەی، لێم نێزیک بۆوە و گۆتی: دەرێی خۆت زۆر بە موهیم تێدەگەی وەها چاوت لەناو چاوم نایە؟ گۆتم: خۆم بە موهیم تێناگەم، بەران چاو لەناو چاوت دەنێم و دەمەوێ ڕادەی گەوادی و بێ شەرەفیت بزانم، هەی بێ ناموسی بێ شەرەف، هەتا تفیش گرتم له نیوچەوانم کرد، ئەو بێ شەرەفە وەکی گای چاو سۆری لێهات و وەرگەڕا من بە پێلەقان، نە پێلەقەک و نە دوو و نەسێ، هەورین یەک بە دەنگی دەگریا و هاواری دەکرد: وازی لێبینە توخوا وازی لێبینە! ئەو کابرایەش هیچ گێی نەدەدایێ، زابت ئەمنە عارەبەکە پێدەکەنی و وەکی برێی دەیگۆ: با لێیدا و بیکوژی، موهیم کوردەک لەکۆر بیتەوە، وەختەکی زابت ئەمنەک گۆتیە سەرۆک جاشەکەی: کافی! انی ارید احچی ویاە(بەسە، دەمەوێ قسەی لەگەر بکەم)! لەگەر ئەو قسەی، سەرۆک جاشەکە وازی لێهینام و گۆتیە زابت ئەمنەکەی: نعم سیدی(بەرێ گەورەم)! زابت ئەمنەکە، تووند پرچی هەورینی گرت و هینایە پێشە من و بە عەرەبی قسەی کرد و کوردیەکەی ئەوەبوو: بەخۆت دەزانی ئەوە کێیە، ئەتوو ئەوەت لە دنیایێ لە هەموو کەس خۆشتر دەوێ، دەتوویست بیهینی و لۆ توو نەبوو، ئەمە ئاگامان لە هورد و درشتی بەینی توو و هەورینیە، ئێستا بە نەرمی و بە هێوری پێت دەرێم: هەرچی دەزانی پێمان برێ و پێی لێبنێ، ئەگەر نا ئەو ئەمنە ڕەشە قەرەوەی دەبینی، لەو ژنە ناسکەی بەردەدەم لەبەر چاوی توو، ئەوجە بینە بەرچاوی خۆت ئەو کابرایە چ لەو ژنەی دەکا و ئەتووش چت بەسەردێ! ئەمن گۆتم: ئەمن هیچ نازانم و ئەمنتان بەلاش گرتیە، لەو ڕۆژەی بازۆ ڕۆییە، یەک جارم دیتە لە بالیسانێ، ئەوجاریش بە ئەمری ئەبو عەلای چوویمە، لۆیێ هیچ نازانم و ئاگاشم لە هیچ نیە! زابتەکە توڕەبوو، هەتا زلە گرتی لەبن گێی هەورینی داو لەسەر ئێکی سوڕاند و کەتە ئەو گۆڕەی، ئەوجە ئیشارەتی دا ئەمنە ڕەشە قەرەوەکەی و گۆتی: تعال، انت حر، اتونس ویاها(وەرە، ئەتوو ئازادی و لەگەر ئەو ژنەی ڕابوێرە)! وەکی زابت ئەمنەکە ئەو قسەی کرد، سەرۆک جاشەکە، کە مێردی هەورینی بوو ملی شۆڕ کرد و چووە دەرێ، ئەمنیش هەر وەختبوو شێت بم و هیچیشم پێ نەدەکرا، یان دەبا ئیعتراف بکەم و هەرچی دەمزانی هەمووم بگۆتبا، یانیش پێ لێ نەنێم و هەورینی تەسلیمی دەست و دەوی ئەو گورگانە بکەم، لەبنی درمەوە لەخوای پاڕامەوە فریام کەوی بە نەوعەکی نە سەری شێرۆی لە قوڕێ ڕاکەم و نە هەورینیش بکەمە خۆراکی ئەو ئەمنە ڕەشە دڕندەی!
ئەمنە ڕەشەکە هاتە پێشی کراس و فانیلەی خۆی لەبەر کردەوە، ئەوجە لە هەورینی چووە پێش، تووند پرچی گرت و برندی کرد و قیتی کردەوە، دەستی درێژ کرد لۆ جلکی هەورینی و لەبەری بکاتەوە، هاوارم کرد: مەکە، ئەو ئیشەی مەکە و لە خوای بترسێ! ئەمنەکە یەک بە دەنگی پێکەنی و خوایە تۆبە ئەستەغفیروڵلا گۆتی: خوا نووستیە و ئاگای لەو وەزعەی نیە، با ئەمن ئیشی خۆم بکەم هەتا خوا بە خەبەر نەهاتیە! زابت ئەمنەکە چوو لەسەر کورسییەکی دانیشت بەرامبەر هەورین و ئەمنەکەیی و ئەوجە گۆتیە ئەمنەکەی: یاڵلا بەردەوام بە، با بتبینم و بزانم چ پیاوەکی! ئەمن هیچ چارەم نەما، هاوارم کرد: مەکەن، ئەو ئیشەی مەکەن، ئیعتیراف دەکەم و هەرچی بتانەوێ دەیرێم!
زابت ئەمنەکە گەش بۆوە و گۆتیە ئەمنە ڕەشەکەی: أوگف(ڕاوەستە)! ئەوجە لە سەر کورسیەکەی هەستاوە و هاتە لای من و گۆتی: ها ترید تعترف(ها دەتەوێ پێی لێبنێی)؟ گۆتم: نعم(بەرێ)! یەکسەر گۆتی: ڕوحوا جيبوا مسجل خل نسجل کل الي يکول, او جيبولة مي(زووبن تەسجیلەکی بینن، با هەرچی دەرێ تەسجیلی بکەین، بڕۆن پەرداخە ئاوەکی لۆبین)، ئەمنەک پەرداخە ئاوەکی دامێ، خواردمەوە و ئەوجە چایەکیان لۆ هینام، هەورین تەماشای دەکردم و هوڕ هوڕ دەگریا، ئەو لۆ من دەگریا، چونکە سوڕ دەیزانی پێ لێنانی من یەعنی لە سێدارەدانم، لۆیێ بە فرمێسکی چاوەکانی بەمنی دەگۆ: پێ لێمەنێ، با ئەمن بکوژن و هەتکم بکەن، بەس ئەتوو نەکوژن! ئەمن گێم بەوی نەدا، ئەوەی لای من موهیم بوو ئەو بە سەلامەتی دەرچی و هیچی لێنێ، با ئەمن بکوژن و پارچە پارچەم بکەن، تازە ژیان تامی نەمایە و مردن زۆر لەو حارەی باشترە! زابتەکە ئیشارەتی دامێ و گۆتی: چایەکەت بخۆوە، ئەوجە گازی سەرۆک جاشەکەی کرد و گۆتی: تعال اخذ مرتک, هذا يکول اني اعترف بکلشي(وەرە ژنەکەت ببەوە، ئەوە دەرێ پێ لێ دەنێم و هەرچی دیتیتم و کردیتم دەیرێم)! سەرۆک جاشەکە قۆری هەورینی گرت و قیتی کردەوە و گۆتی: یاڵلا پێشم کەوە با برۆینەوە هەی سەگی سەگباب، ئەمن دەزانم ئەتوو ئێستاش ئەو موخەڕیبەت خۆش دەوێ، وەڵلا نابی بێلم بە حەیاتی خۆشی لە خۆت ببینی، مادام ئەوە پێی لێنا، مەعنای وەیە سەتا سەت لە سێدارەی دەدەن! ئیدی قۆری هەورینی گرت و بردیە دەرێ و ڕۆیشتن، هەرکە چوونە دەرێ درم ئیسراحەتی کرد، چونکە هەورین بە سەلامەتی دەرچوو و ئەو دڕندانە هیچیان لێ نەکرد!
بڕەک پێچوو تەسجیلەکیان هینا و پێیان کرد و دایاننا، ئەجە زابتەکە دوگمەی تەسجیل کردنی داگرت و گۆتی: يالله کلي منو هذا المضمد الي عالج بازو(دەوجە پێم برێ ئەو مزەمیدە کێبوو چوو بازۆی تیمار کرد)؟ گۆتم: بە خۆم بووم! توڕە بوو، گۆتی: انت تقشمر علی, تريدني اصدک کلامک التافه(ئەوە ئەتوو بەمن ڕادەبوێری، دەتەوێ بەو وەرامە قۆڕەی توو باوەڕ بکەم)؟ گۆتم: لۆ باوەڕ ناکەی؟ بەرێ بەخۆم بووم، بەخۆم چووم بازۆم بەسەر بانی ئاوا کرد و بردمە جێیەکی دی و لەوێ تیمارم کرد و هەر بەخۆشم دەرزیم لێدا! زابتەکە گۆتی: اني ما اعترف بکلامک, قابل انت مضمد حتی تعرف تضرب ابرة(ئەمن بەو قسە قۆڕانە باوەڕ ناکەم، چونکە ئەتوو نازانی دەرزی لێدەی، خۆ مزەمید نی)؟ گۆتم: ئەمن دەورەم دیتییە و فێر بوویمە، سارەکی دەورەی کولیەمان کرد لە خەستەخانەی سەر ڕێی موسرێ، هەر لەوێ خۆم فێرە دەرزی لێدان و تیمار کردن کرد، ئەگەر پێشم باوەڕ ناکەی هەر دەرزیەکی دەینی بینە بزانە کوو لە نەخۆشی دەدەم، دەزانم برینیش تیمار کەم و بدروومەوەش، زابتەکە بەینەکی داما، گۆتی:روحوا جيبولة ابرة او جيبوا واحد من المسجونين, خل نجربه و نشوف يعرف يضرب ابرة(بڕۆن دەرزیەکی بینن، لەگەر گیرایەکی ئێرە، با لەسەوی تەجروبە بکەین بزانین دەزانی دەرزی لێدا)!
هەندەی نەبر دەرزیەکیان هینا لەگەر شریقەکی، ئێک لەو گیرایانەشیان هینا کە لەوێ گیرابوو، زابتەکە گۆتی: يالله حضر الابرة و اضرب هذا(یاڵلا دەرزیەکەی بگرەوە و لەو کابرایەی بدە)، ئەمن بڕەک ترسام، چونکە دەورەم نەدیتبوو، بەران ئەو ماوەی کە بابم ئامانە لێیدا بوو، شێرۆ دەهاتە مارمان و دەرزی لە بابم دەدا، جار جار دەیگۆ: وەرە تەماشا بکە و خۆت فێربکە کوو دەرزی لێدەدەی، وەبی ئەگەر ئەمنیش لێرە نەبووم بتانی دەرزی لە بابت بدەی، شێرۆ هەموو شتەکانی لەبەر چاوی من دەکرد، دەیگۆ ئەوها دەرزی دەگریەوە و ئەوهاش لێدەدەی، لا ڕانی نەخۆشی زائیدەکی لەسەر بکە ئەوجە ئەگەر لا ڕانی ڕاستەی بوو، لە سەرەوەی لای ڕاستی زائیدەکەی بدە، ئەگەر چەپان بوو لە سەرەوەی لای چەپی بدە! لە دری خۆم ناوی خوام هينا و دەرزیەکەم گرتەوە، شەرواری کابرایان هینا خوارێ، ناوی خوام هینا و دەرزیەکەم لەلا ڕانی ڕاکرد، سەری شریقەم ڕاکێشا بزانم لە دەمارم نەدایە، کە دیتم خین نەهات، پارم بە کلکی شریقەکەی وەنا و دەرمانەکەم بەتار کرد! زابتەکە بەینەکی تەماشای کرد و گۆتی: تمام هذا يعرف يضرب ابرة, معناتە هو الي عالج بازو(تەواوە، ئەوە دەزانی دەرزی لێدا، باوەڕی پێدەکەم بەخۆی چووبی بازۆی تیمار کردبی)!
مايتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!