شێرکۆ کوڕی خۆشەویست و ژیرم
زاخاوی مژیم و هۆش و بیرم
پنج و ڕەگەزی دڵ و گیانم
خونچەی شە بەقی باخی ژیانم
هێشتا بە تەمەن مناڵ و کاڵی
وەک دەربەدەریم دووازدە ساڵی
هەرچەندە کوڕی منی هەژاری
دوا ڕۆژی هەژارە نادیاری
لێم ڕوون نییە پاشی چت بەسەر دێ
هیوام گەلێ پێتە ببیە مەردێ
مەردێکی بەکار و چاپک و زیت
بیرێ بکەی و بزانی تۆ چیت
دەردی گەلەکەت بزانی چۆنە
بۆت دەرکەوێ چەند برینی کۆنه
خانی لە هەزار و سەد ژیاوە
ئەو کاتە لە ئێمە چۆن دوواوە
حەفتاو و حەوت لە سێسەتیش چوون
پێشتر لەوە کوردی ئێمە مردوون
ئەو دەم کە هەیان بوو میرێ بۆ خۆ
ئەمڕۆکە پساوە ڕایەڵ و پۆ
بوین ئەو دەمە پشکی تورک و تاران
زۆر ئێستە خەراترین لە جاران
نەوتت کە ژیانی ئەورووپایە
بۆ تۆ نییە تێری شەوچرایە
بێگانە لە نیشتیمانی ئێمە
تێر و قەڵەون بە نانی ئێمە
خۆمان هەموو کوێر و کوتر و برسی
ژین کورت و ئەویش لەگەڵ مەترسی
نابێ بە زمانێ خۆ بخوێنین
ناشێ کە هەناسەیەک هەڵێنین
کوژران بە هەزار هەزار لە لاوان
ئازادیخوازی ببووە تاوان
ئێستەش لە سەر ئەم ژیانە تاڵەش
پاش ڕژتنی هێندە خوێنە ئاڵەش
کورد هەر لە خەوی نەزانیدایە
هەر پێکەوە لە گەڕ و هەرایە
بێگانەپەرەستە خۆنەویسته
بۆ هاوڕەگەزی کەڕ و نەبیسته
بۆ یەکتری دوژمن و نەیارن
بۆ نۆکەریی تا بڵێی لەبارن
ئەو چاخە کە خانی پێی ژیاوە
فەرموویە هەرا لە سەر دراوە
وێستێکە هەزار ئەوەند چرووکن
بۆ پوولێ لە تای تەرازوو سووکن
خۆ هەرچی دەخوێنی پیت و نیوێک
ئەو دەچتە کەلێک و گەل لە شیوێک
لای شەرمە کە هەر بە کوردی بدوێ
بۆ چارەڕەشی مە بۆگەنە خوێ
خۆی ناو دەنێ مل بەزەنگی پێشڕەو
دەتداتە دەسی دژت وەکوو کەو
زۆرزانە لە کاروباری هەر کەس
ئاگای لە ژیانی خۆی نییە و بەس
ڕەنگن هەموو کەسک و سوور و شینن
کوردایەتی زۆر بە کەم دەبینن
کێ هۆنەری کوردە یان هونەروەر
کەم بایی ترە لە توور و گێزەر
وا بیر مەکەوە ئەمەم درۆیە
بۆ ڕاستی نموونە بابی تۆیە
کاتم ئەوە گەییە سی و نۆ ساڵ
هەر ساڵە لە پار پتر ژیان تاڵ
دڵخۆشی لە ڕووپەری ژیانم
هەر هێندەیە ناوەکەی دەزانم
ئاوارە لە نیشتمانی خۆمم
ئاواتەخواز بە ژینی دۆمم
واڵادەس و دڵپڕ و پەژارم
سەرباری هەژاریی، دەردەدارم
هەر مانگە لە دێیەک و لە جێیەک
هەر ڕۆژە میوانی خانەخوێیەک
دەرکێ نییە دادی بۆ بنێرم
هەردێ نییە خۆمی لێ وەشێرم
هەرچەندە کە نیمە هیچ دەرووی ڕوون
هەر دژ دەگەڕێ گەڕانی گەردوون
دەستم لە هومێدی بەر نەداوە
چاوم لە پسانی بەند و داوە
پێم وایە دوا بە ڕۆژی ڕەش دێ
زۆر ناچێ کە باو و ڕۆژی مەش دێ
جا با پتریش بە دەرد و کوڵ بم
با ڕووت و کڵۆڵ و داخ لە دڵ بم
سەد هێندە پەژارە لێم وەکۆ بێ
کورد هەر دەبێ ڕۆژێ سەربەخۆ بێ
با من بە هەژاریی بچمە بن گڵ
کورد ڕۆژێ دەبن بە گوڵ لەسەر چڵ
هەر هێندە تکام لە تۆیە ڕۆڵەم!
مەڕوانە کە ئەم شڕ و شڕۆڵەم
زۆرتر لە منیش کز و هەژار بی
بێ یار و نزار و لێوبەبار بی
دەربەس مەبە! بۆ گەلت بکۆشە!
ژەهراوی لەسەر بنۆشه! خۆشە
بابی تۆ چلۆن بوو، شوێنی بگرە
حیزانە مەژی! بە مەردی بمرە!
لە پەرتووکی #مەم و زین#[1]