قوماش 119
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
ئەمنیان بردە ژۆرێ و خەرکەکەش زۆربەی لەگەمە هاتە ژۆرێ، زۆربەی زۆری پیاوەکان جلکی کوردیان لەبەر بوو، هەرئێکەی چەکەکی پێبوو، ئەمنیان لەبەینی داک و بابم دانا، کە نەمدەزانی داکم و بابمن، ئێکەک گۆتیە بابم: وەچاکە ئاوی لۆ گەرم کەن، باخۆی بشواو بڕەک بێتەوە سەرەخۆ، بنێرنە دوو محەمەد حەللاقیش بابێ سەرو ڕدێنی چابکا، ماخران پیاو لێی دەترسێ، شۆڕش گۆتی: جارێ نینۆک بڕەکی بینن با نینۆکی بکا، داخوە چەند مانگە نینۆکی نەکرایە، داکم قیت بۆوەو چوو نینۆک بڕی هیناو دایە دەستم، نەمدەزانی چ لەو نینۆک بڕەی بکەم و کوو بەکاری بینم، شۆڕش وەریگرت و پەنجەکانی گرتم و دەستی بە کردنی نینۆکەکانم کرد، زۆربەی ئەو خەرکە سامگرتی ببوو، پیاوەک ناوی قادر بوو گۆتیە بابم: باشە ئەنگۆ نەتانگۆ چوویتە خاریج، ئێستا ئەوە چدەکا لێرە، دوایێ لۆ ئەوهای لێهاتیەو لەبن مووی کەتیە؟ بابم گۆتی: وەڵلاهی نازانم چبرێم، ئەمنیش سەرم سوڕمایە، ئەو کوڕە بە حساب چوویتە ئێرانێ و لەوێش بچیتە ئەوڕوپای، ئێستا وا ئەمن بەو شێوەی دەبینم لێرە، هەبی و نەبی لە ڕێیێ گیرایەو هەر لە دائیرەی ئەمن دەست بەسەر بووەو کەسیش بەمەی نەگۆتیە! داکم گۆتی: دە لۆمان باس بکە کوڕم، بزانین کوو گیرای و کوو ئەوهات بەسەرهات؟ ئەمن کە هیچم بەبیر نەمابوو، نەمدەزانی چ برێم و چبکەم، هەر تەماشای خەرکەکەم دەکرد، ئەو خەرکەش هەمووی لەمن خڕببۆوەو دەورەی لەمن دابوو، شۆڕش گۆتی: جارێ لێیگەڕێن، بابڕەک بێتەوە سەرەخۆ، ئەوجە بە ئیسرەحات قسەی لەگەر بکەن.
وەختەکی زەلامەک هاتە ژۆرێ، گۆتیان دەوەرە محەمەد وەرە سەرو ڕدێنی چابکە، محەمەد وەکی چاوی بەمن کەت، هەردوو چاوی پڕی فرمێسک بوون، گۆتی: یاڕەبی خوایە ئەو زوڵمەی هەرنەگری، ئەوە لۆ ئەوهایان لەو کوڕە جاحێرەی کردیە، کورسیەکی بینن کورسی! هەندی دەمێ کورسیەکیان داناو ئەمنیان لەسەر دانیشاند، محەمەد کەتە سەر سەرو ڕدێنم ڕێکیان بێخی، نیو سعاتەکی پێچوو، ئیشی خۆی تەواو کرد، ژن خڕبوونەوە هاریکاری داکم بکەن، کەل و پەلی خواردنێیان داناو گۆتیانە داکم فڕوجاوەکی لۆ لێبنێین باشە، وەبی بڕەکی بخواو بێتەوە سەرەخۆ، بڕۆن لەمارێ بەگیسی مام ئەنوەری فڕوجەکی(فەرخە مریشک) بینن، سەری ببڕن و لۆی لێنێن!
سەرو ڕدێنیان تراشیم و داکم گۆتیە بابم: ئاوەکە گەرمە بابچی ئاوەکی بەخۆی دابکا، بەشکوو بڕەک دێتەوە سەرەخۆ، بابم گۆتی: دە هەستە کوڕم بڕۆ حەمامێ و ئاوەکی بەخۆت داکە، ئەمن نەمدەزانی حەمام چیەو چبکەم، ئاخر وەکی مندارەکی ساوام لێهاتبوو، کە تازە لە داکی بووەو هیچ نازانی، زۆرجار قسەشم لەبیر دەکردو نەمدەزانی وەرام دەمەوە، شۆڕش کە باش تێگەیشتبوو ئەمن تەواو نیمەو هیچم لە بیر نەمایە، دەستی گرتم و ئەمنی قیت کردەوە لەسەر کورسیەکەی، گۆتیە داکم: کا حەمام لە کێیە؟ ئەویش بە پەنجەی ئیشارەتی لۆکرد، شۆڕش ئەمنی بردە کن دەرکەی حەمامێ، گۆتی: بڕۆ ژۆرێ، ئەو جلکانە لەبەر کەوە، خۆت بدە بەر ئاوێ و بەو سابوونەش جوان خۆت بشۆ، با بڕەک خاوین ببیەوە، پاشان کراس و فانیلەکەی لەبەر کردمەوە، دیتی هەموو لەشم ئاساری برینیە، زۆر تێکچوو، هەردوو چاوی پڕی فرمێسک بوون، هاتە ژۆرێ و ئاوە ساردو گەرمەکەی لە مەنجەرەکی تێکەر کردو جامەکی لەناو دانا، گۆتی: بەوەی ئاوی بەخۆت داکە، با خاوین ببیەوە، ئەو شەروارو دەرپێ قووتەی لەبەرکەوەو لێرە دانێ، وەکی خۆت شووشت داکت جلکی تازەت لۆ دەینی لەبەری بکە، ئەمن وا دەچمە دەرێ! ئەو چووە دەرێ و ئەمن بەتەنێ مامەوە، دانیشتم و نەمدەزانی چبکەم، سەرم لە هیچ دەرنەدەچوو، نەمدەزانی خۆشووشتنیش چیە؟ مێشکم دەهیناو دەبرد و لە هیچ نەدەگەیشتم، ئەمن لۆ لێرەمە، ئەو مارە کێنە، داک و باب کێیە، شۆڕش کێیەو قادر کێیە، فڕوجاو چیەو خۆ شووشتن چیە؟ ئاخ لەو ژیانەی سەختەی تێیکەتیمە، ئەتوو بینە بەرچاوت هیچ نەزانی و وەکی مندارەکی ساوابی، بە ناچاری سەرم بە هەردوو چۆکم کردو لە هۆڕژنی گریانێم داو تێر تێر گریام، گریانەک لە باتی فرمێسکی، خین لە هەردوو چاوانم دەهات!
نازانم چەند لە حەمامێ مامەوە، وەختەکی لە دەرکەی درا، هەر لێدرا و لێدرا، هەستام کردمەوە، داکم بوو، جلکی تازەی بە دەست بوو، تەماشا منی کرد، هەر وەکی خۆمم و خۆم نەشووشتیە، دەستی بە گریانێ کردو چووە دەرێ، دیاربوو بەوانی دەرێی گۆ: ئەو کوڕەم نازانی خۆی بشواو هەروا لە حەمامێ دانیشتیە، شۆڕش و قادر هاتنە ژۆرێ، شەروارەکەیان لەبەر کردمەوە و بەس دەرپێ قووتەکە ما، دایاننام و ئاویان پێداکردم، بە لیفکەو سابوونی جوان جوان ئەمنیان شووشت و خاوینیان کردمەوە، ئەوجە گۆتیان: ئەو دەرپێ قووتەی لەبەر کەوەو ئەوێشت جوان بشۆ، ئەوجە خۆت بەو خاولەی هیشک کەوەو ئەو جلکانە لەبەرکە! ئەوان چوونە دەرێ، ئەمنیش لەوەی گەیشتم، دەرپێ قووتەکەم لەبەر کردەوەو ئاوەکەم بە هەموو جێیەکی لەشم داکردەوەو خۆم خاوین کردەوەو جلکە تازەکانم لەبەر کرد، دەرکەم کردەوە، دیتم قادرو شۆڕش و داکم ڕاوەستابوون، وەکی چاویان بەمن کەت بڕەک دریان خۆشبوو، دەستیان گرتم و بردمیانەوە ناو قەرەبارغی، دانیشتم و شتەکیان لەپێش دانام، داکم گۆتی: ئەو پەرداخە شیرەی بخۆوە کوڕم با بڕەک بێیەوە سەرەخۆ، دەستم دا پەرداخەکەی زۆر گەرم بوو، دامناوە، داکم گۆتی: ڕاوەستە جەرگم بابڕەک سارد بیتەوە، ئەوجە ڕووی لەبابم کردو دەستی بە گریانێ کردو گۆتی: وەی لۆی کۆرەبم، ئەوە ساردو گەرمیش لێک ناکاتەوە، بابم هەر ئەوەندەی پێکرا، لە پڕمەی گریانێ بداو سەر برند کاتە عاسمانێ و برێ: خوای گەورە، بە هانامان وەرە!
شیرەکە ساردبۆوەو گۆتیان: بیخۆوە، ئەمنیش بەترسەوە دەستم لۆ برد، وامزانی گەرمە، بەران کە دەستم دایێ دیاربوو ساردبوو، خواردمەوەو بڕەک هاتمەوە سەرەخۆ، خەرکەکە هەرکەسەو لە ڕاستەخۆی قسەی دەکرد، دەیانگۆ: هەولێر بەتەواوی ئازاد کراو وا پێشمەرگە بەرەو مەخمور و کەرکووکی بەڕێکەتینەو ئیشاڵلا ئەویش ساف دەکەن، ئەوەی ناوی قادر بوو گۆتیە بابم: وا چاکە ئەو کوڕە پیشانی دختۆرەکی بدرێ، بەشکو بیبینی و دەرمانەک شتەکی لۆ بنووسی و بێتەوە سەرەخۆ، شۆڕش گۆتی: ئەوجە بەو هەراو هۆریایەی کا عیادەو دختۆر، نابینن چ مشەوەشیەکە، ئەوان ئەو قسانەیان دەکردو ئەمن دەبۆرژام، گۆتیان: وا چاکە بڕەکی بنووی و ئیسراحەت بکا، جێیەکی لۆ ڕابێخن! داکم هەستاو لە ژۆرێ جێیەکی لۆڕاهێخستم و گۆتیانە من بڕۆ لەو ژۆرەی پاردەوە، چووم پارم داوەو هەندەی نەبرد چاوم چووە خەوێ!
نازانم چەندی پێچوو بوو، بەران ئاگام لێبوو داکم گازی کردم و گۆتی: دە هەستە کوڕی گەورەم، پارە نانەکی بخۆ، با بڕەک شنگ و تاقەتت بێتەوە بەرێ! ئەمنیش هەستام و چوومە دەرێ، دیتم سفرەیان دانایەو قەرەبارغیەکی زۆرە، هەرچی زەلامی گەڕەکێ بوو زۆربەی هاتبوون، ئەوەی پێشترێ ئەمنی نەدیتبوو، بەرەو ڕووم دەهات و چاک و چۆنی لەگەر دەکردم و ماچی دەکردم، دانیشتم و قاپەکیان لەپێش دانام و داکم گۆتی: دەبخۆ کوڕم بخۆ، ئەو فڕوجاوەی بخۆ، ئیدی دەستم بەخواردنی کردو جەماعەتیش ناوی خوایان هیناو دەستیان پێکرد، چاوم گێڕا شۆڕشم نەدیت، قادر گۆتی: شۆڕش چۆوە مارێ، مشەوەش بوو، نەیدەزانی دەنگ و باسی ماری خۆیان چیە، لۆیێ ڕۆیی، گۆتی: ئیشاڵلا سبەینێ دێمەوە، بابم نانی پێنەدەخورا، هەر پارووی برندی کردبایە، لەبەر فرمێسکی چاوانی پێی نەدەخورا، پیاوەک کە بە مام ئەنوەر گازیان دەکرد، گۆتیە بابم: مامەستا سڵاوەتەکی لێدەو دوعای لۆبکە، لەخوای بەزیادبی، سەلامەتەو مایە، ئیشاڵلا ئەو لەبیرچوونەوەشی چادەبی، بابم سەری برند کردو گۆتی: هەزار جار سوپاس لۆ خوای گەورە!
خەریکی نان خواردنێ بووین، زەلامەکی شەپڕێو هاتە ژۆرێ، هەر لە حەوشێ هاواری کرد: سەرلووس ئەوە ئەتووی؟ سەرم برند کرد، نەمزانی کێیە، قادر گۆتی: دەوەرە دختۆر شێرۆ وەرە، باسی تەواری و خەستەخانەمان لۆ بکە، بزانین بریندار زۆرە یان نا؟ بەوەی زانیم ئەو پیاوە ناوی دختۆر شێرۆیە، لۆلای من هات و باوەشی پێکردم و تێر تێر ماچی کردم، گۆتی: وەلەو لەسەرتوو زۆریان تێهەردام، بەران بە قوربانی تووبی! ئەمن نەمدەزانی مەسەلە چیەو لۆ لەسەمن لێیدرایە! داکم گۆتی: کوڕم نایناسیەوە، ئەوە شێرۆیە شێرۆ! مێشکم کووشی و بەبیرم نەهاتەوە شێرۆ کێیە، لۆیێ گۆتم: شێرۆ کێ؟ داکم گۆتی: شێرۆ قوون کەتی! شێرۆ شێت بوو، دووکەر لە کوونە کەپووی هاتە دەرێ و هاواری کرد: دەی دەست پێبکەوە دەی، واز لەو ناوو ناتۆرانە نەینی هەتا دەچیە بن گری! بابم گۆتی: دختۆر شێرۆ دانیشە، دیارە نەتزانیە چبووە؟ شێرۆ گۆتی: لۆ چبووە، بابم گۆتی: ئەوەی دەیبینی لەپێشت زەلامەکی دیە، شێرۆ گۆتی: یەعنی کوو زەلامەکی دیە، ئەدی ئەوە سەر لووس نیە؟ بابم گۆتی: هەوە، بەران هیچی لەبیر نەمایەو حساب کە تازە لە داکی بووە!
شێرۆ ڕەنگی تێکچوو، گۆتی: ئەنگۆ بەڕاستیتانە؟ قادر گۆتی: ئەرێوەڵلا، هەڕی لە مەڕی دەرناکا، شێرۆ بەزۆری فرمێسکی هەردوو چاوەکانی ڕاگرت و ڕووی لەولای کردو بەینەکی باش بێدەنگ بوو، دوایێ ئاوڕی داوەو بەینەکی باش تەماشای کردم، ئیدی بێدەنگ بوو و هیچ قسەی نەکرد، داکم شیوی لە پێش دانا، گۆتی: ناخۆم مەمنون، بابم گۆتی: دەبخۆ دختۆر شێرۆ بخۆ، شێرۆ گۆتی: وازم لێبینن و هیچم پێناخورێ، قیت بۆوەو چووە دەرێ، نەگەیشتبووە دەرکەی حەوشێ گێم لە پڕمەی گریانی دختۆر شێرۆی بوو، دیار بوو کە ئەمنی بەو وەزعەی دیت زۆر پێ تێکچوو، بەرگەی ئەو ئازارەی نەگرت و چووە دەرێ!
دوو سێ ڕۆژ تێپەڕی و خزم و کەس و جیران بەردەوام سەریان لێدەدام، ئەمن کەسیانم نەدەناسیەوە، ئەو دەمەی بە تەنێ بام دەچوومە ئەو ژۆرەی پێیان گۆتم ئیتووە، بەس دەگریام، تەماشا ئەو هەموو کتێبە زۆرەم دەکرد، کە داکم دەیگۆ ئەتوو هەمووت بەخۆت کڕیە، یەک دێڕ چیە پێم نەدەخیندراوە، کێشەکە ئەوە بوو ئەمن خیندن و نووسینیشم لەبیر چووبوو، هێواران زەلامی گەڕەکێ لە مارێمە خڕ دەبوونەوەو بابم ڕادیۆی پێ دەکردو هەرچی ئەخباری دنیایێ بوو گێیان دەدایێ، هەندەکیان بابم لۆی باس دەکردن کە وەزعی کوردی کووە، ئەو دەمی کارەباش بە تەواوی بڕابوو، خەرک لە دیار ڕۆناکەییەکی دادەنیشت پێیان دەگۆ فانۆس و لەمپا، چونکە کارەبا نەبوو، ئاویش نەبوو، گەڕەکیمە لەناو خەستەخانەی جمهوری ئاویان دەهینا، بێجگە لەوانەش بەردەوام دەنگی تەقەی دەهات، جار جار داکم ئەمنی دەهینا پێش دەرکەی دەرێ، جیرانەکان لێم خڕ دەبوونەوەو قسەیان لۆ دەکردم و ئەمنیش بێ ئەوەی بزانم مەسەلە چیە، گێم دەدانێ و بە بێدەنگی تەماشام دەکردن، هەموو دەمێ پێش دەرکەی مەش تڕومبێلی پڕ چەکداری پێدا دەڕۆیی!
هێوارەکی بووە مشەوەشی، هەر جیرانەو دەهات و دەچوو، ئەوانەی تڕومبێلیان هەبوو، کەل و پەل و خواردنیان دەهاویشتە ناو تڕومبێلی و دەڕۆیشتن، ئەمەو یەک دوو جیران مابووینەوە، چونکە تڕومبێلمان نەبوو بابم نەیدەزانی چ بڕیارەکی بدا، قادری جیرانمان بە مشەوەشی هاتە مارێمە، گۆتیە بابم وەزع خراپ دیارە، بابم گۆتی: حوکمەت کەرکووکی گرتیتەوە گەیشتیتە دەوری قوش