پێڵاوەکانم
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
من نازانم قاچەکانم بۆ وەهان. تا لادەکەمەوە پێڵاوەکانم، کە جووتێک ئادیداسن، دەدڕێن. لە پێشەوە دوو کونی گەورەیان تێدەبێ. قامکەگەورەکانن، سەرەتاتکێیانە. لە تەنیشت و لە دوواویشەوە ڕێک لەو شوێنەیەدا بنی پێڵاو و سەری پێڵاو یەکدەگرن، دەدڕن و ئیتر کە بە ڕێگادا دەڕۆم پڕدەبێ لە خۆڵ. ئەوانەی ناو مەقەڕەکە بە دەم جگەرەکێشان یاخود خاوێنکردنەوەی کڵاشینکۆفەکانیان بە تەوس و پێکەنینەوە دەڵێن قاچت لە قاچی مرۆ ناکات، هی حوشترن یاخود هی ورچ!
من هاوکات لەگەڵ پێڵاوەکانیش بیر لە وشتر و لە ورچ دەکەمەوە. چی دەبوو مرۆ، نا، باشترە بڵێم منیش دەمتوانی بە بێ پێڵاو بە ڕێگادا بڕۆم و، بیر لە زیخ و بەرد و خۆڵ و چقڵ نەکەمەوە. چی دەبوو؟
هاوڕێکەم دەڵێ هەتیوە تازە پێلاویان پێداوی، مانگێکە، وانیە! دەبێ تا پێنجی تر ڕایکێشێ. من بیر لە پێنج مانگی داهاتوو دەکەمەوە. خەمێکی قووڵ بە ناخمدا دەچێتە خوارەوە. دەست بە گیرفانمدا دەکەم. نا، بێسوودە، وادیارە دەبێ بەم پێڵاوانەوە بیگوزەرێنم، پێنج مانگی ڕەبەقی تر.
لە کاتێکدا بەدەستیانەوە دەگرم و ورد لێیان دەڕوانم، نازانم بۆ، بەڵام کتوپڕ بیری پێلاوەکانی 'ڤان گۆگ' دەکەومەوە. تابلۆ بەناوبانگەکەی. پێڵاوە کۆن و سوواوەکان. ئەو جووت پێڵاوەی ناوبانگی جیهانیان پەیداکرد. ئەو پێڵاوانەی لەگەڵ کۆنی و سوواوبوونیان، بەڵام کون چییە تیایانا نیە! ئەوەیە پێڵاو! دەبێ وابێ، نەک ئەمانەی من تا لادەکەمەوە کونیان تێ دەبێ و لە تەنیشتەکانیشەوە هەڵدەقڵیشێن، وەک شووتی! بەڵام نا، هی پێڵاوەکان نیە هی قاچەکانمە. قاچە زل و بەدقەوارەکانم. ئەوانەی دەڵێی خەنجەریان پێوەیە. خۆ تا دەتوانم ناهێڵم نینۆکەکانیشم درێژبنەوە، ئەی بۆ وایە، خۆ لە لاتەنیشتەوە نینۆکم نیە! پەککوو!
مەسئولەکەمان دەڵی شۆڕشە شۆڕش، دەبێ ئاگامان لە خۆمان بێت، پارە لە کوێ بێنین. تۆیش وەک ئەوانی تر، شەش مانگ جارێ و تەواوبوو بڕایەوە! جیاوازی نیە.
بەڵام چی بکەم قاچەکانم گوێیان نیە.
هاوڕێیەک دێتە تەنیشتم و دەڵێ چارت نیە یان دەبێ پارە قەرزکەی، یان دەبێ بنێری لە ماڵەوە بۆت بنێرن. بیردەکەمەوە لەماڵەوە! وەی لە مرۆڤی ناحاڵی!
شەو کاتێک هەموو نووستون، دەچم دەرزی و دەزووەکە دێنم و لەبەر چرالامپاکەدا دەستدەکەم بە دروونەوە. تا دەتوانم تەقەڵی زیاتری لێدەدەم. تەقەڵەکان دەڵێی قەتماغەی برینی کۆنن. وادیارە دەبێ. بەڵام سبەی هەر کە لەپێیان دەکەم، هیشتا نەگەیشتوومەتە ئاودەستەکە تەقەڵەکان لێک هەڵدەوشێنەوە. ئاودەست دەبێ بە غەمخانە. هەورە ڕەش و تاڵەکان ئاسۆکەیان لەوێیش تەنیوە.
من بە پێڵاوەکانی ڤان گۆگیش ڕازیم. دڵنیام دەتوانم لانیکەم تا پێنج مانگی داهاتوو لەپێیانکەم. تازە زیاتریش، ئاخر جنسی خاریجیە، خاریج، گاڵتە نیە. جووتیارێک بتوانێ ساڵانی ساڵ کەڵکی لێوەربگرێ لە ناو مەزرا و شاخ و کێودا، بۆ من نا، ها بۆ من نا؟
وە شەوانە لە کاتی نیگابانیدا سەرما چەند ئاسان کونەکان دەدۆزێتەوە و خۆی بە ژوورەوەدا دەکا. من جاری وایە بە نۆرە نووکی کڵاشینکۆفەکەم دەخەمە سەر کونەکان. بە نۆرە قاچەکانم لە سەرما دەپارێزم! لە سەرمای نیوەشەو. خۆشحاڵم دوژمن بەمە نازانێ.
لەگەرمەی خەودام، دەنگم دەدەن. هەستە، هەستە دەبێ بچی بۆ مەئموورییەت، هەستە نۆرەتە! ڕادەبم. چاوەکانم هێشتا قورسن. مێشکم شتێکە لە نێوان پێڵاوەکانی ڤان گۆگ و نووکی تفەنگەکەم. بە زەحمەت ڕاستدەبمەوە. حەک ماڵتان نەشێوێ خۆ من تازە نووستوم.
فریای سەروچاو شۆردن ناکەوم. ڕەخت و تفەنگەکە دەبەستم. هەر کە خەریکم پێڵاوەکانم لەپێ بکەم، پەشیمان دەبمەوە و دەڵێم ناتوانم پێڵاوم نیە. بەرپرسەکە بە نیگایەکی پڕ لە سەرسووڕمان و تووڕەییەوە دەڵێ ناتوانی؟
مەبەستت چییە ناتوانی؟
ئاماژە بە پێڵاوەکانم دەدەم و ئەو ئەوەندەی تر هەڵدەچێ. دەڵێ یاڵڵا لەپێیان بکە و بڕۆ یاڵڵا، گوێم لێت نەبێتەوە!
لەپێیان بکەم! وە لەپێیاندەکەم. قاچەکانم لە ناو پێڵاوەکاندا دەگەڕێن، کە بەپەلە دەڕۆم دەڵێی سەمادەکەم. خۆدەگەیەنمە پشت تویوتاکە. نە شۆفیرەکە و نە ئەوەی تەنیشتی کە بەرپرسەکەیە و دەڕوا بۆ مەئموورییەت، لام لێ ناکەنەوە. تویوتاکە ڕێدەکەوێ. 'با' دەنیشێتە قژەکانم و جلەکانم دەماسن. ڕاوەستانیش لەناو پێڵاوەکاندا لە پشت تویوتایەک کە تا دەتوانێ بە پەلە دەڕوا و ڕێزی پێچ و لۆفەکان ناگرێ، زەحمەتە. تا دەتوانم زیاتر هێزدەدەمە دەستەکانم. بەوان لەنگەردەگرم.
تەواوی ئەو ڕۆژە لە ناو شار لە کاتێکدا لە تەنیشت تویوتاکە ڕاوەستاوم و چاوەدێری دەکەم و چاوەڕوانی شۆفیرەکە و بەرپرسەکەم، تەنیا لە پێڵاوی ڕێبواران دەڕوانم.[1]