بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر #شنگال# تێدەپەڕێت. تاوانی جینۆسایدی شنگال برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی کوردستان. لەم کارەساتەدا خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بەهۆی کوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان کەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆریستان. ئەوەی تاوانبارانی داعش لەدژی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامیان دا درێژەکراوەی ئەو زنجیرە کارەسات و تاوانانە بوو کە بە درێژایی مێژوو لەبەرانبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراوە.
لە یادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی شنگالدا جێگەی داخە سەرباری بوونی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق لەمەڕ ئاییندە و بەڕێوەبردنی شنگال، هێشتا ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە و، شنگال لە دەستی کۆمەڵێک هێز و چەکدارە کە ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی شنگال. هەنگاوی یەکەمی سارێژبوونی برینی شنگال، ئەوەیە شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە ڕەسەنەکانی و ئەو هێز و میلیشیانەی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە واز لە شنگال بهێنن و، ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. هەروەها پێویست دەکات ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر کە چیتر کارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر دووبارە نەبێتەوە.
لەم یادە دڵتەزێنەدا بە بەرزی یادی شەهیدان و قوربانیانی شنگال دەکەینەوە. هاوکات یادی ئەو شەهید و پێشمەرگە قارەمانانەیش دەکەینەوە کە بە خوێنی خۆیان چیای شنگالیان پاراست و ئابلۆقەی تیرۆریستانیان لەسەر چیای شنگال تێکشکاند و شاری شنگالیشیان لە دەست تیرۆریستان ئازاد کرد و، سەرئەنجام مەردانە ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و، سەری تیرۆریستانی داعش کەوتە ژێر پێی کوردانی ئێزیدی. [1]
#مەسعود بارزانی#
03-08-2022
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 1,091
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!