لە شاری #کفری#، فەرمانگەیەکی پۆستە و گەیاندن لەژێر ناونیشانی (#مۆزەخانەی کولتووریی شار#) دەکرێتە مۆزەخانەیەکی ناوازە. ئەم مۆزەخانەیە لە گەڕەکی سینەما سەر بە شەقامی نەجیب پاشای بابانە و بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیارە ناوخۆ و بیانییەکان.
ئەم شوێنە جگە لەوەی مۆزەخانەیە، لە هەمان کاتدا شوێنەوارێکی مێژووییە و بەردی بەناغەی دامەزراندنی شوێنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 102 ساڵ پێش ئێستا و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وەکوو فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن بەکار دەهێنرا، بەڵام دوای چۆڵبوونی بۆ ماوەیەکی زۆر، لە ساڵی 2014دا بڕیاری نۆژنکردنەوەی دەدرێت و دەکرێتە مۆزەخانەیەکی هەمەڕەنگ، کە جێگای دێکۆمێنتکردنی هەزار پارچە کەرەستەیە و هەریەکیان خاوەن چیرۆکی تایبەت بەخۆیە و پیشاندەری کولتوور و کەلەپووری کوردییە لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
#سۆران# عوسمان، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کولتووری شار لە کفری، لەمبارەیەوە به (باسنیوز)ی گوت: لە شەست و هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەتاکوو ساڵی 2010، ئەم شوێنە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنی شاری کفری بوو، بەڵام لە دوای ئەو ساڵە هەتاوەکوو ساڵی 2014 بە چۆڵی مایەوە، هەرچەندە پیشەی سەرەکیی خۆم مامۆستایە، بەڵام وەکوو گەنجێکی شاری کفری بڕیارم دا ئەم شوێنە بە چۆڵی نەهێڵمەوە و دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە قایمقامی شاری کفری، لەگەڵ چوار قۆتابی دەستمان بە نۆژنکردنەوەی ئەم شوێنە و ئامادەکردنی کرد وەک مۆزەخانە.
گوتیشی: ٓئەم مۆزەخانەیە هەزار مەترە و 10 ژوور و دوو هۆڵ لەخۆ دەگرێت و بە هەزار پارچە کەرەستەی کولتووری و کەلەپووری ڕازاوەتەوە کە هەریەکیان لە ناوخۆ و دەرەوەی شاری کفری و هەر چوار پارچەی کوردستان لێیان دابین کراون و مێژوویان لەنێوان 50 - 300 ساڵی لەمەوبەرە و کراوەتە چەند بەشێک، وەک (بەشی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەشی کەرەستە جووتیارییەکان، بەشی کەرەستە کۆنەکان، وەک تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و فانۆسە کۆنەکان، بەشی ڕەشماڵ، کە تایبەتە بە دانیشتنی گوتنی مەقامات و شیعر و گۆرانی.“
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کولتووریی شار لە کفری ئاماژەی بەوەش دا: ئەم شوێنە هەموو ڕۆژێک کراوەیە و چاوپێکەوتنی مۆزەخانەکە بۆ هەموو خەڵکێک ئاساییە، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ئاستی جیاوازی وەک هاووڵاتییان، زانکۆکان و هونەرمەندانیش سەردانی ئێرە دەکەن، تەنانەت لێرەدا فیستیڤاڵی ساڵانە بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، کە تیایدا ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک و هونەرمەندان لە هەموو ناوچە جیاوازەکان بەشدار ی دەکەن و تیایدا خانمان خوانی کوردەواری ئامادە دەکەن و نماییشی تیپی هەڵپەڕکێی جۆراوجۆر و ئەسپسواری دەکرێت و شەوانیشی بە شەوچەرە و دەفژەنی و گوتنی مەقامات و شیعر و گۆرانی دەڕازێتەوە.“
سۆران عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”مانگانە خولی جیاواز لێرە ساز دەکەین، وەک خولی مۆسیقا و بەرگدروویی و....تد، ئامانجیشمان لە دامەزراندنی ئەم مۆزەخانەیە، کۆکردنەوەی کەرەستەکان و پاراستنی کولتوور و کەلەپووری ناوچەی #گەرمیان# و کوردستان بە گشتی بوو، چەندین پلانی جۆراوجۆریشمان بۆ ئایندە هەیە، سەرەکیترینیان گەورەکردنی مۆزەخانەکە و هێنانی کەرەستەی زیاتر و دانانی ناوە لەسەر کەرەستەکان بە سێ زمان.“
پێوەند بەم بابەتە، ڕەوەند حەسەن، هاووڵاتیی شاری کفری، بۆ (باسنیوز) گوتی: ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ شارەکەمان، خۆشحاڵم کە ئێمەیش وەکوو شارەکانی دیکە خاوەن مۆزەخانەیەکی کولتوورین، بەشبەحاڵی خۆم لە سەرەتای دامەزراندنی مۆزەخانەکە کارم لەگەڵ دامەزرێنەری مۆزەخانەکە کردووە و ئەندامێک بووم لە دەستەی دامەزرێنەر و بەردەوام بوومە لە کارەکانم، هەر لە کرێکارییەوە تاکوو هێنانی کەرەستە کولتووری و مێژووییەکان بۆ مۆزەخانە، بۆ ئەوەی کولتووری وڵاتەکەم و مێژووی شاری کفری بە جوانییەکەی خۆی بمێنێتەوە، هەروەها مێژووی شارەکەمان لە ڕێگەی کەرەستەکانییەوە بەو خەڵکانە بناسێنین، کە سەردانی دەکەن.
نەجمەدین حەمید، یەکێکە لەو گەشتیارانەی بەردەوام سەردانی مۆزەخانەکە دەکات، دەڵێت: من بە ڕەسەن خەڵکی شاری کفريم، لە هەر سەردانێکم و گەڕانەوەم بۆ شارەکە، کۆمەڵێک میوان لەگەڵ خۆم دەهێنمەوە، بۆ ئاشناکردنيان بە مێژووی کفری، چونکە لە یەکەم سەردانی بۆ مۆزەخانە، ڕاستەوخۆ پێناسەی شارەکە بۆ گەشتیاران ڕوون دەبێتەوە، کە کفری چەند شارێکی دێرینە و دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەک سەرجەم مێژووی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لێرەدا هەیە، تەنانەت من وێنەی سەرجەم کەرەستەکانی ئێرەم گرتووە و پیشانی ئەو کەسانە دەدەم، کە سەردانی ئێرەیان نەکردووە، بۆ ئەوەی لای ئەوانیش سەردانی بکەن، تاکو بە کولتوور و کەلەپووری وڵاتەکەمان ئاشنا بن.
#هاوتا سابیر#، هونەرمەند و مەقامخوێنی شارەکە، تیشکی خستە سەر ئەوەی: مۆزەخانەی کولتووریی کفری جيا لەوەی ناوەندێکی پاراستنی کولتوور و کەلەپووری نەتەوەیەکە، هەروەها ناوەندێکە، خزمەتی شاعیران و مەقامخوێنەکان و ڕۆشنبیرانی شارەکەی و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بەبێ جياوازی کردووە، بۆ ئێمەی گەنجانی گۆرانیبێژ و مەقامخوێن لانەیەک بووە بۆ بەرەپێدانی تواناکانمان و بەدەستهێنانی ناوبانگ لە ڕێگەی بەشداریکردنمان لە سەرجەم شەوچەرە و فیستیڤاڵەکان، هەروەها ئاشنابوونی زیاترمان لەگەڵ هونەرمەندان، هیوادارم مۆزەخانەکە فراوانتر بکرێت و خزمەتی زياتری پێ بکرێت، بۆ ئەوەی لە چالاکی و بەرهەمە هونەرییەکان بەردەوام بێت.“
[1]