ناو: نەسرین
ناوی باوک: محەمەد فەخری سابونچی
رۆژی لەدایکبوون: #27-12-1937#
رۆژی کۆچی دوایی: #11-10-2018#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
پرۆفیسۆر د. نەسرین فەخری زانا و ڕووناکبیرێکی ناودار و هەڵکەوتووی کوردستانە و لە ڕشتەکانی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیری خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە گەلەکەی کردووە و خاوەنی خەرمانێک وشەی نووسراوو چاپکراوە.
نەسرین محەمەد فەخری سابونچی کە بە د. نەسرین فەخری ناسراوە، لە ڕۆژی #27-12-1937# لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لەدایک بووە و لە ئامێزی خێزانێکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەردا پەروەردە بووە.
بە حوکمی ئەوەی باوکی ئەفسەری سوپای عیراق بووە، زۆربەی شارەکانی کوردستان و عیراق گەڕاون. لە #کەرکووک# و #هەولێر# و بەغدا قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە و ساڵی 1959 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەپلەی شەرەف لە زمان و ئەدەبی عەرەبی لە کۆلیجی ئادابی زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیست، بۆ خوێندن چۆتە یەکێتیی سۆڤیەت و لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان خوێندوویەتی و هەرچەند بەکالۆریۆسەکەی لەسەر زمان و ئەدەبی عەرەبی بووە، بەڵام لە خۆشەویستی بۆ زمانی دایک، بڕوانامەی دکتۆرای لە زمانی کوردی لەسەر (فەرمان لە هەردوو شێوەزاری کرمانجی خواروو و ژووروو) دا وەرگرتووە. ئەوەش لەو کاتەدا یەکەم نامەی دکتۆرا بووە کە لەسەر ئەو بابەتە بنووسرێت.
د. نەسرین فەخری دوای تەواوکردنی خوێندن، گەڕاوەتەوە بەغدا و لە کۆلیجەکانی ئاداب و پەروەردە و زمان وەک مامۆستایەک خزمەتی زۆری بە زمان و ئەدەبی کوردی کردووە و تا پلەی زانستی بووە بە پڕۆفیسۆر، سەدان خوێندکاری بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لەسەر دەستی ئەو پەروەردە بوون و بڕوانامەی بەرزیان وەرگرتووە.
د. نەسرین قەڵەمێکی دیاری زانستی بووە و لە ڕێی قەڵەمەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بەزمانی کوردی کردووە و خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوەی زانستییە لەو بوارەدا و شارەزا و زانایەکی دیاری زمانەوانییە و شوێن پەنجەی دیارە.
د. نەسرین فەخری خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی چاپکراوو دەستنووسە، خاوەنی نزیکەی 40 کتێبە کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوونی.
11 کتێبی بە زمانی شیرینی کوردی نووسیوە و 12 کتێبی دەستنووسی کوردیشی لە دوا بەجێماوە. 10 کتێبیشی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و سێ دەستنووسی عەرەبیشی لە پاش بەجێماوە.
د. نەسرین بێ لە بواری زانستیی ئەدەب و زمان بەگشتی، بایەخیشی بە شیعر داوە و بەزمانەکانی کوردی و عەرەبی شیعری نووسیوە و چوار دیوانی چاپکراوی هەیە.
د. نەسرین فەخری سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی زانستی لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاو کردۆتەوە. وەک مامۆستا و ڕووناکبیرێکی گەورە ڕۆڵی دیاری لە دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد و کۆڕی زانیاری کورددا هەبووە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەو دوو دامەزراوەیە بووە و خزمەتی زۆری لەرێی ئەوانەوە پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە. هەروەها ئەندامی لیژنەی دانانی کتێبی پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان لە #وەزارەتی پەروەردە# بووە.
د. نەسرین لەهەردوو بەشی عەرەبی و کوردی ڕادیۆی بەغدا خزمەتی کردووە و شوێن دەستی لەو بوارەدا دیارە.لەهەمووشی گرنگتر بیرەوەری و یاداشتەکانی لەلایەن ڕۆژنامەنووس (سەرکەوت عەلی)یەوە نووسراوەتەوە و ئامادەیە بۆ چاپکردن.
بەداخەوە بەشێک لەکتێبخانە بەنرخەکەی فەوتاوە و ئەوەی ماوەتەوە خۆی پێشکەشی بنکەی ژینی کردووە و بەرپرسانی ئەو بنکەیە کتێبەکانیان لە کتێبخانەی بنکە ڕێکخستۆتەوە و بەنیازی ئەوەن کە هەموو بەرهەمەکانی لە داهاتوودا بەچەند بەرگێک چاپ و بڵاو بکەنەوە.
د. نەسرین فەخری بەشداری دەیان کۆنگرە و کۆنفرانسی زانستی و ئەدەبی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە و چەندان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.
ئەوەی لەدوا چاوپێکەوتنی د. نەسرین فەخری لەگەڵ تەلەفزیۆنی کوردستان 24 لە بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاریدا سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو، کەوتی زۆر ڕقم لەوشەی خانەنشینە، وتی من خانەنشین نیم، خاکنشینم تامردن خزمەتی گەلەکەم ئەکەم. وتی حەزم لەبۆنی خاکە لەدوای باران بارین، کە ئێستا بەداخەوە بۆنەکەشی نەماوە!.
پاش خزمەتێکی زۆر بە بوارەکانی زمان و ئەدەب و کەلەپوور و کلتووری کوردی، ڕۆژی #11-10-2018#، د. نەسرین فەخری بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.درود بۆ گیانی پاک و پیرۆزی ئەو ژنە زانا و هەڵکەوتووەی کوردستان. [1]