#گۆڕستانی سیکەنە# دەکەوێتە باکووری شاری #قەڵادزێ# و سەر بە ناحیەی #ژاراوە#یە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی کۆتایی ساڵانی 700ی زایینی و سەرەتای ساڵانی 800، واتە 1300 ساڵ پێش ئێستا.
عەلی دینکە، شوێنەوارناسی دیاری سنووری قەزای #پشدەر# لەو بارەیەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: گۆڕستانی سیکەنە هەزاران گۆڕ دەبێت و کێلی 85٪ی گۆڕەکان نەخشدارن و هەر گۆڕێک بەپێی تایبەمەندیی کەسەکە نەخشی لەسەر کراوە، بۆ نموونە کە ئافرەت بێت بازن و پشتێند لەسەر کێلەکەی نەخشێنراوە، کە پیاویش بێت وێنەی خەنجەر و شمشێر لەسەر کێلەکەی هەیە''.
گوتیشی: لەسەر زۆربەی زۆری گۆڕەکان چەند چوارگۆشەیەک هەیە لەناو خانەیەکی لاکێشە، یان چوارگۆشە، ئەو خانە بچووکە چوارگۆشانە هەریەکە و یاخود هەر خەتە و ساڵێکی تەمەنی کەسەکەیە و لەسەر ئەو کێلانە نەخشی باڵندەش هەیە، تاکوو ئێستا بە شێوەیەکی زانستی دیار نییە وێنەی باڵندەکان بە مانەی چی دێت، بەڵام وەکوو بۆچوون وا هەست دەکرێت ئەو کەسە، یان ڕاوچی بووە، یاخود بەخێوکەری باڵندەی نامەبەر بووە''.
ئەو شوێنەوارناسە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: جگە لەو گۆڕستانە مێژووییە لە سنووری قەزای پشدەر شەش گۆڕستانی دیکەی هاوشێوە هەن، بەڵام گۆڕستانی سینکەنە لە هەموویان زیاتر گۆڕی تێدایە''.
نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی لەوەی کە لە چەند گۆڕستانێکی سنوورەکە کیڵی گۆڕەکان دزراون و وەک شوێنەوار مامەڵەیان پێوە کراوە کە دەکرێت بە جۆرێک ڕێگریی لێ بکرێت''.
ئامادەکردن: #سارا سەردار#
[1]