ئێوارەی پاییز
بۆ مامۆستا هێمن
لە کتێبی: #قەڵای ڕاز#
بەرهەمی: #ژیلا حسێنی# (1964-1996)
لە ئێوارانی پاییزا
سەرم ئەبێ بە کۆلارە و
بە دەستی سپیی ڕۆحمەوە ڕاناوەستێ
دەزووی خەیاڵی سەر ئەخەم
ئەڕوا...ئەڕوا
هەتا دووریی باڵا ئەکا
دووریی نێوان من و دنیای خەونەکانت.
کە دێتەوە
تۆزی غوربەتی گرتووە و
قژەکانم ئاڵۆزاون
کە دێتەوە...
ماندوو...ماندوو
درزێکی قووڵی تێ بووە.
گوێ هەڵئەخەم
سەیری دنیای دەروونی ئەکەم.
دەنگی قاقایەک دێتە گوێم
پێدەکەنێ و کەنینەکەی بۆنی تەنیایی گرتووە.
بەو ئاسمانەی وێنەی هەتاو
لە ئاڵبۆمی یادەکانیا ئەپارێزێ و
جارنەجارێ سەیری سەروپەلکەی سپی ئەکا
لە باڵایا
پێئەکەنێ و
دەنگی قاقای تێکەڵاوی ناڵەی جودایی ئەبێت و
پەپوولەکان تێی ئەئاڵێن
بۆنی غوربەت و تەنیایی لێ ئەکەن و
بۆ ژوورە هەرە بەرزەکەی
مەستوورە خانمی ئەبەن.
لە ئێوارانی پاییزا
سەرم ئەبێ بە کۆلارە و
بە دەستی سپیی ڕۆحمەوە
ڕاناوەستێ [1]
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 706
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!