یەکێک لە شوێنە کەلەپووری و شوێنەوارییە گرنگەکانی شاری #کفری#، گەرماوی پاشایە کە مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی #مەجید پاشای بابان# دەگەڕێتەوە.
گەرماوی پاشا (#حەمامی ئیحسان تۆپال#) کە خەڵک حەمامی دای عولیاشی پێ دەڵێن لە ڕووبەری250 مەتری دووجا لە سەر فەرمانی مەجید پاشای بابان لە بەشی خوارەوەی شاری کفری دروست کراوە. ئەم گەرماوە مێژووییە تاکە گەرماوێکە کە لە ژێرزەوی دروست کرابێت و یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شوێنە ئەوەیە، کە بۆ دروستکردنی حەمامەکە کەرەستەی بیناسازیی خۆماڵی وەک بەرد و قسل و تاوێر بە کار هاتووە.
ئەم گەرماوە لە چوار ژوور، یان بەشی سەرەکی پێک هاتووە: بەشی خۆگۆڕین، ژووری خۆشتن، شوێنی گەرماو و بەشی سەرەکی بۆ گەرمکردنی ئاو (خەزنە) کە بۆ ئەم مەبەستە قیر و خەڵووزیان بەکار هێناوە.
گەرماوە کەلەپوورییەکەی کفری تا ساڵی 2003 وەک حەمامێک بەڕووی هاوڵاتییەکاندا کراوە بووە و خەڵک بۆ خۆششتن سەردانیان کردووە. بەپێی خشتەی کاری، گەرماوەکە دوو ڕۆژ لە هەفتە تایبەت بووە بە ئافرەتان و ڕۆژەکانی تر پیاوەکان بەکاریان هێناوە.
لە ساڵی 2015 لەلایەن هاوڵاتییەکی خەمخۆر بە ناویسۆران عوسمان کاری خاوێنکردنەوە و پەرژینکردنەوەی بۆ کراوە کە هەر خۆیشی بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کولتوورییە و دواتر بە هاوکاریی شارەوانیی کفری و ڕێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کراوە.
ئەم گەرماوە ئێستا وەک گەلەرییەک بۆ وێنە و تابلۆی هونەری کوردی بەکار دێت.
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]