یەکێک لە مۆزەخانە تایبەتەکانی کوردستان کە بۆ (نمایشی هونەری شێوەکاریی مۆدێرن) و کار و چالاکیی هونەری و وێنەکێشان دامەزراوە #مۆزەخانەی ئاغالە#یە لە شاری #کۆیە#.
ئەم مۆزەخانەیە بە ناوی ''مۆزەخانەی ئاغالە'' لەسەر ڕووبەری 650 مەتری چوارگۆشە لە بناری چیای هەیبەت سوڵتان درووست کراوە و گەورەترین مۆزەخانەی شێوەکاریی کوردە کە بۆ نمایشی هونەری کوردی و جیهانی وەک ناوەندێکی کولتووری و شوێنێکی فێرکاری دامەزراوە.
بینای ئەم مۆزەخانەیە بە شێوازی تەلارە کۆنەکانی شاری کۆیە درووست کراوە و لە دوو نهۆم پێک هاتووە؛ نهۆمی یەکەم لە دوو بەشی ئۆفیسی بەڕێوەبردن و پێشانگایەک پێک هاتووە کە لەم پێشانگەیەدا چەندین تابلۆی هونەریی خاوەنی مۆزەخانە و چەندین هونەرمەندی بەناوبانگی کورد و بیانی بە شێوازێکی سەردەمیانە دانراوە و لە کارە هونەرمەندە کوردەکان دەتوانین ئاماژە بە هەبوونی تابلۆی کەسانێک وەک #باسم ڕەسام#، #قەرەنی جەمیل#، #ئەحمەد نەبەز#، #ئاودێر عوسمان#، #نازە عەوڵا# و چەند کەسانی تر بکەین.
لە نهۆمی دووەمی ئەم مۆزەخانەیە بێجگە لە پێشاندانی بەرهەمە هونەرییە ناوخۆیی و بیانییەکان بەشێک تایبەت کراوە بە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینار و چالاکییە هونەرییەکان و هەندی جاریش لەو شوێنە پێشانگەی کاتی بۆ هونەرمەندەکان دەکرێتەوە.
خاوەن و بەڕێوەبەری ئەم مۆزەخانەیە، هونەرمەند ڕۆستەم ئاغالە، لە دایکبووی 1969 لە شاری کۆیەیە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانییە لە ساڵی 1988. لەناو کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە ژن فیگەر و کارەکتری سەرەکییە و هەوڵ دراوە جوانی، مێژوو، دەسەڵات و ئازارەکانی ئافرەت نمایش بکرێت.
هونەرمەند ڕۆستەم ئاغالە، بێجگە لە کاری هونەری وێنەکێشان، لە هونەری فۆتۆگرافییشدا خاوەن ئەزموون و بەرهەمە و ساڵی ڕابوردوودا دوو کتێبی چاپ بوو کە دانەیەکیان تایبەت بوو بە کاری فۆتۆگرافی بە ناوی ''#ئێمە کاکەیین#'' کە بریتییە لە کۆمەڵێ پۆرترێت و وێنەی تایبەت بە کەسایەتییە کاکەییەکانی هەرێمی کوردستان. کتێبەکەی تریان بە ناوی ''#نیگارەکانی شاماران#'' بریتییە لە وێنە و تابلۆ هونەرییەکانی ئاغالە کە تێیدا شاماران کاراکتەر و فیگەری سەرەکییە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]