53 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی لەناوچووی #بەعس# تاوانێکی تری دەرهەق بە گەلی کوردستان خستە سەر مێژووی ڕەشی تاوانەکانی، لە 16/9/1969 بەعسیەکان بە ماوەیەکی کەم لە ئەنجامدانی تاوانی ئەشکەوتی دەکان لە دووەم تاوانیاندا دوای ئەوەی دەسەڵاتیان لە عێراق بە کودەتایەک گرتە دەست، کۆمەڵکوژیەکی کەم وێنەیان لە دژی خەڵکی بێ تاوانی گوندی سۆریا کە دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکی موسڵمان و مەسیحی بوون ئەنجامدا و لە یەک ساتدا 39 هاوڵاتی بێ گوناحی ئه و گوندەیان کۆمەڵکوژکرد کە 25 یان لە پێڕەوانی ئایینی مەسیحی بوون و 14 کەسیشیان موسڵمان بوون.
دوای ئەوەی بەهۆی دروست کردنی بەنداوی موسڵ بۆ ماوەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی سۆریا شوێن بزر بوو بەڵام لە ساڵی2011 وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هەماهەنگی یەکە ئیداریەکانی ئه و سنورە و بە هاوکاری خەڵکی سۆریا شوێنی گۆڕەکەیان دۆزیەوە و تیمەکانی وەزارەت ڕوفاتەکانیان بەپێی نەریتی پێره و کراو دەرهێنایەوە و دوای ئەوەی نمونەی ئیسکیان لە پزیشکی دادی هەولێر لێ وەرگیرا لە مەراسیمێکی شایستەدا لە زێدی خوێیان بەخاک سپێردرانەوە.
تاوانی صوریا درەخەری ئەوەیە کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس بێ گوێدانە ئایین و ئایینزاکان تاوانەکانی دەرحەق بە گەلی کوردستان ئەنجام داوە و له و تاوانەدا خوێنی کریستیان و مسوڵمان تێکەلی یەکتری بوون و زەنگی ناقوسی کەنیسە و بانگی مزگەوت ئاوێزانی یەکتری بوون و منارە و خاچ دەست لەملانێی یەکتری بوون و پەیامی مرۆڤ دۆستییان بە گوێی جیهاندا داو نەفرەتیان لە کۆمەڵکوژی کرد.
لەم یادەدا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێ لە تەواوکردنی پڕۆژەی مۆنۆمێنتی جینۆسایدکراونی گوندی سۆریا و دەیکەینە دیاری بۆ دانیشتووانی ستەملێکراوی سۆریا لە داهاتوودا.
دۆسیەی جینۆسایدی سۆریا یەکێکە له و دۆسیانەی کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەجدی بەدواداچوونی بۆ کردوە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، بەڵام بەهۆی کەمکردنەوەی کارەکانی ئه و دادگایە ئه و دۆسێیە یەکلایی نەکراوەتەوە، لەم بۆنەیەدا داواکارین دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق هاوشێوەی دۆسێکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی بارزانیەکان و کوردانی فەیلی کۆمەڵکوژی دۆسیەی جینۆسایدی سۆریاش یەکلایی بکاتەوە و بەجینۆسایدی بناسێنێ، چونکە هەموو توخمەکانی کۆمەڵکوژی لەخۆ گرتووە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وێڕای ئەوەی جارێکی تریش سەرەخۆشیمان بۆ خانەوادەی جینۆسایدکراوانی کۆمەڵکوژی سۆریا دوپات دەکەینەوە، لە هەمانکاتدا پێشکەش کردنی خزمەت بە کەس وکاری شەهیدان بە ئەرکی سەرشانمان دەزانین و درێغی ناکەین بۆ خۆشگوزەرانی و دەستەبەر کردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.
شایانی ئاماژەیە گوندی سۆریا دەکەوێتە پارێزگای دهۆک و سەر بە قەزای سیمێڵە زۆرینەی خەڵکەکەی کریستیان و مسوڵمانن سالانێکە وەکو برا له و گوندەدا ژیان دەگوزەرێنن و نمونەیەکی زیندووی پێکەوە ژیان و برایەتی نەتەوایەتیی و ئایینی بووە لە کوردستان.
سەروەری و نەمریی بۆ ڕۆحی شەهیدان.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
16/9/2022.[1]