بە وشە بوون (بە لێکسیمبوون) وشەی (کلتوور) بە نموونە:
بەلێکسێمبوون بە واتای داهێنانی وشەی نوێ دێت و دەکرێت بە دوو شێوە ڕووبدات:
1 لەڕێگە دروستە سینتاکسییەکانەوە.
2 لەڕێگەی خواستنی وشەی بێگانەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بوترێت ئەم پڕۆسەیە تەنها لەسەر وشە پەیڕه و ناکرێت، بەڵکو لەسەر زاراوەش دەکرێت، چونکە زاراوە (تێرم) جۆرێکە لە وشە، بۆیە ئه و پڕۆسانەی کە وشەی پێ دروست دەبێت زاراوەش دەگرێتەوە.
ئەوەی ئێمە لێرەدا، مەبەستمانە، باسی بکەین، وەرگرتنی وشەی بیانییە.
لەهەموو زمانێکدا، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان بە وشە وزاراوەی پێویست، پەنا دەبرێتە بەر ڕێگەی وەرگرتنی کەرەستەی بێگانە، هەر زمانێکیش بە ڕادەی جیاواز ئه و کەرەستانە وەردەگرێت، بوونی ئه و کەرەستانەش لە زماندا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر زمان ناکات و بێگومان هیچ زیانێک بە زمانەکە ناگەێنێت، بگرە دەوڵەمەندیشی دەکات، ئەگەر بەپێی پێویستی وبەپێی مەرجە تایبەتمەندییەکانی پڕۆسەی وەرگرتن ئەنجام بدرێت.
پڕۆسەی وەرگرتن تەنها (وشە) و (زاراوە) ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو یەکە ودانەکانی تری زمانیش دەگرێتەوە و لەزمانێکەوە دەچنە ناو زمانێکی تر، لە بچووکترین کەرەستەی زمانییەوە، کە دەنگە تاوەکو گەورەترین کەرەستە، کە ڕستەیە. ئەم کەرەستە بێگانانەی ناو زمانی کوردی، هەندێکیان بە ڕادەیەکی زۆر لەلایەن قسە پێکەرانەوە بەکار دەهێنرێن، وەکو کەرەستەکانی (دەنگ، فۆنیم، وشە)، بەتایبەت وشە، کە هیچ زیانێک بە زمانەکە ناگەێنێت، بەڵام هەندێکی تریان کەمتر بەکار دەهێنرێن، وەکو (فرێز وڕستە)، بێگانەکان. مەبەستمان ڕیزبوونی کەرەستەکانیانە بەپێی یاسا بەندیی زمانانی تر، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەویە بۆئەوەی هەندێک کەس لە یەک زمان زیاتر دەزانێت و بەبێ ئاگایی پەیڕەوی ڕیزبەندی ڕێکبوونی کەرەستە بنچینەییەکانی نێو ڕستەی زمانێکی تر بەکار دەهێنێت بۆ ڕیزکردنی کەرەستەی ڕستەی زمانەکەی خۆی و لێرەدا قسەکەر تەنها وشەکانی تایبەتن بە زمانەکەی خۆی و ڕیزکردنەکەی ڕیزکردنی زمانێکی ترە، بەڵام ئەمجۆرە وەرگرتنە (وەرگرتنی یاسا و ڕێسای بیانیی) زمان توشی نەمان ولەناوچوون دەکات، بۆیە پێی دەوترێت: (ژەهری زمانیی)، دەستەوواژەی ژەهری زمانیی (Ianguage Poison)، (لە زانستی زمانی نوێدا به و یاسا وڕێسا خوازراو، یان وەرگیراوانە دەوترێت، کە دەچنە ناو زمانێکی ترەوە وبەپێی تێپەڕبوونی کات تێکەڵ بە زمانە وەرگیراوەکە دەبن وکار لە یاسا وڕێساکانی دەکەن ودواجار بەره و مردن ولەناوچوونی دەبەن. ئەوەی پێویستە بوترێت، ژەهراویبوونی زمان زیاتر لەڕێگەی وەرگێڕانەوە ڕوودەدات، بە تایبەتی وەرگێڕانی وشە بە وشە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زانیارییەکان بە قاڵبێکی بێگانەوە بێتە ناو قاڵبی زمانێکی تر.
ئه و وشە و زاراوە بیانیانە، کە دەکەونە ناو زمانەوە و بە تێپەڕبوونی کات و سەردەم، بە پرۆسەی بە وشەبوونی زمانەکەدا دەڕۆن:
کاتێک قسە پێکەرانی زمانێک زاراوە و وشەیەکی گونجاویان نەبێت بۆ هەندێک چەمک و واتا، ناچار دەبن پەنا بەر نە بەر زاراوە و وشەی زمانی تر و بەکاری بهێنن، تاوەکو بتوانن لە ڕێگەی ئه و وشە و زاراوە خوازراوەی بەکاری دەهێنن، کەلێنی زمانەکەیانی پێ پڕبکەنەوە.
زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی تر، کۆمەڵێک وشە و زاراوەی بێگانەی تێدایە، کە لەچوارچێوەی زمانەکەدا بەکاردێت و ڕۆژانە لەسەر زاری خەڵک و لە بەرهەمی نوسەران و ڕۆشنبیراندا بەرچاو دەکەوێت، وەرگرتنی وشە و زاراوەی بیانیی بۆ لاوازی زمانەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوه و دێتە ناو زمانەوە لەوانەش: (داهێنان و دۆزینەوەکان، شارستانیەت و ڕۆشنبیری، دراوسێتی وکۆچکردن، ئاین، سیاسەت، زانینی زیاتر لە زمانێک، ... هتد)، ئامانجی سەرەکی لەبەکارهێنانی زمان گەیاندنی واتایە و دروستکردنی پەیوەندیە لە نێوان مرۆڤەکاندا، لە کاتێکدا چەمک و واتایەک دێتە پێشەوە و لە زمانەکەدا وشەیەک بەرانبەری نەبێت بە تەواوی مەبەستەکە بپێکێت و واتا بگەێنێت، بەناچاری پەنا دەبرێتە بەر وشە و زاراوەی بیانیی بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیەتی زمانی وەرگر، بۆئەوەی ئه و بۆشاییەی پێی پڕبکرێتەوە، کە لە زمانەکەدا هەیە.
زمانی کوردی بۆ واتای هەریەک لەم چەمکانە، زاراوەکانی: (حکومەت، وەزارەت، سیاسەت، دەوڵەت، لیژنە، کۆلێژ، پەرلەمان، پەساپۆرت، ڤیستیڤاڵ، کەرنەڤاڵ، کۆنفرانس، زەکات، .... هتد) بەکارهێناوە، هەروەها لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکدا، چەندین وشە و زاراوەی بێگانە دەبیسترێت لە وانەشە هاوواتاکانیان لە زمانی کوردی هەبن، بەڵام لەوانەیە لە هەموو کات و شوێنێکدا واتای تەواو نەبەخشن و مەبەستەکان نەپێکن، بۆیە وشە و زاراوە بیانیەکان بەکاردەهێنن، تاکو تاکەکان بەبێ ئاڵۆزی لەیەکتر تێ بگەن.
تێبینی ئەوەش دەکرێت هەندێک وشەی بیانی هەیە، لە مێژەوە لە زمانی کوردیدا بەکارهاتووە و بەشێوەیەکی وا بە کوردی کراوە، کە بەهیچ جۆرێک سیمای بیانی پێوە نەماوە و تێکەڵی زمانەکە بووە و بە لابردن و دورخستنی کەلێنێک و بۆشاییەک دروست دەبێت، بۆ نموونە: وشەی (کلتور). [1]