فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وردەکاری بۆردومان و هێرشەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28 ئەیلولی ئاشکرا کرد و جگە لەوەش هۆشداری بە حکومەتی هەرێم دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو گروپە چەکدارەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان کۆتاییان دێت و بارەگاکانیان دادەخەن.
سەردار محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئیسلامی لە ناوەندی سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆری ئێران، ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە دژی هێزە تێکدەرە کوردییەکان بووە، کە لە باکور عێراق لە هەرێمی کورستان نیشتەجێن و دەیانەوێت دۆخی ئاسایشی ناوچەکانی سنور کە کوردنشینن تێکبدەن، بۆیە بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستی بارەگا و بنکەکانیان کرانە ئامانج و خاپوکران.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەناوجەرگەی هەرێمی کورستانی عێراق ئەنجامدراوە و هۆشداریش دەدەین تاوەکو یەک چەکداری گروپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان لەناو خاکی هەرێمی کورستان بمێنێت ئەوا ئۆپەراسیۆنی لەناو بردن و خاپورکردنی بنکە و بارەگاکانی بەرەی دژە ئێرانیی بەردەوام دەبێت.
هەروەها ئاشکرایکردوە، موشەکەکان و درۆنەکان لەلایەن سەربازانی سەر بە قەرارگەی هەمزە سەید الشهدا لە ڕۆژئاوای پارێزگای #ورمێ# ئاراستەکراون و ڕونیکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکە کە بۆ ناوەندی قوڵایی باکوری عێراق بوو، 73 موشەکی بالستی و موشەکی ئەرز ئەرز و درۆنی مۆدێرن بەکارهاتوون و ئاراستەی شوێن و بنکەی چالاکی هێزە کوردیەکان کراوە. بەهۆیەوە دەیان بنکە و بارەگایان ڕوخێندران و خاپورکران.
هەروەها ئەوەشی گوت: لە قۆناغی نوێی ئۆپەراسیۆنەکاندا ئەو ئامانجانە کە پێکراون 42 شوێن بوون کە سەرجەمیان لایەنی سەربازی و حیزبی بوون و بەشێک لە ئامانجەکان بەدرێژایی دووری 400 کیلۆمەتر بوون بە وردی کراونەتە ئامانج.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران هۆشداری توند دەدات بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گروپە چەکدارانەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانن دەریانبکات و ڕێگە نەدات بەهیچ جۆرێک چەکیان لەدەست بێت، چاوەروانی هەڵوێست و کرداری فەرمی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمین بۆ کۆتایی هێنان بە گروپە تیرۆریستییەکانی دژ بە شۆڕش و پیلانگێڕانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. [1]