کەسایەتیی ناوداری کورد (#مەعرووف جیاوۆک#) لەدایکبووی ساڵی 1885 بەڕەسەن خەڵکی گوندی سرێشمەی سەر بە ناحیەی خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سۆران، لە ڕووداوە سیاسییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردووی کوردستاندا، وەک ڕۆشنبیر و تێکۆشەرێکی گەورەی کورد ناوێکی دیارە و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و وەک کەسایەتییەکی خاوەن ئەزموونیش بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵیژێردراوە، چەندین هەڵویستی جوامێرانەی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان نواندووە.
لە ساڵانی (1922- 1926)دا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. لە بواری نووسین و لێکۆڵینەوەشدا پێنج کتێبی ناوازەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە. لە ساڵی 1958 لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
مەعرووف جیاوۆک... سیاسەتمەداری دیار و ڕۆژنامەنووسێکی خاوەن قەڵەم #ئازاد سرێشمەیی#، نووسەر، لە لاپەڕەکانی (14 و 15) پەرتووکی (ڕۆژە دژوارەکان)، کە لە ساڵی 2016 لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە شاری هەولێر چاپ کراوە و بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت: لە بنەماڵەی ئێمەدا کەسایەتییەکی دیکەی ناسراو هەیە، ئەویش (مەعرووف جیاوۆک)ە، کە حاجی مەولوودی باپیری جیاوۆک، زانایەکی ئایینی ناسراو بووە و چەندین دەستنووسی هەبووە و بە (#بدیع الزمان#) ناوی دەرکردبوو، لەدایکبووی گوندی سرێشمەی سەر بە ناحیەی خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سۆرانە، وەک بەتەمەنەکانی گوندەکە باسیان لێوەکرد، هەروەها نووسەر و لێکۆڵەرانیش ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە، وەک لە خوارەوە ئاماژەمان بۆی کردووە، جیاوۆک لە شوێنێکی نزیک (سرێشمە) لە کاتی مازووکردن، کووپە زێڕێک دەدۆزێتەوه و بۆ ساغکردنەوەی زێڕەکانی دەچێتە هەولێر و پاشان مووسڵ و دواجار لە بەغدا دەگیرسێتەوە، هەربۆیەش (مەعرووف جیاوۆک) له ساڵی 1885 لە بەغدا لەدایک بووە، هەرلەوێ خوێندویەتی و پاشان بە هاوڕێیەتیی (#نووری سەعید# و #ڕەشید عالی گەیلانی#) دەچێتە ئەستەمبۆل و لەوێ خوێندنی کۆلێژی ماف تەواو دەکات.
نووسەر ئەوەشی خستووەته ڕوو: دکتۆر ئازاد عوبێد لە کتێبی (#ڕۆڵی سیاسی و کارگێڕی و ڕوناکبیریی مەعرووف جیاوۆک#) دەڵێت: یەکێک له و گەورە پیاوانەی کورد (مەعروف جیاوۆک)ی بەڕەسەن باڵەکی و خەڵکی گوندی سرێشمەی لای خەلیفان سەر بە ڕواندز، لەدایکبووی بەغدای سەدەی نۆزدەیە، کەسێکی زیرەک و لێهاتوو و سەرڕاست و خاوەن هەستی نیشتمانی و ڕوناکبیریی بەهەڵوێست، سیاسەتمەدارێکی دیار و بەناودەنگ، ڕۆژنامەنووسێکی خاوەن قەڵەم بووە. نامەوێ لێرەدا وردەکاریی ژیانی مەعرووف جیاوۆک باس بکەم، ئه و کەسایەتییەکی ناسراوی کوردە، نووسەر و مێژوونوس و سیاسەتمەدارێکە، بە هەڵوێستە کوردانەکانی لە ژیانی خۆی و لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕۆڵی لە کاروانی ڕۆشنبیری و وەزیفەی ئیداری و دادوەرییەکاندا بەرچاوە، پێنج کتێبە چاپکراوەکەی بە ناوەکانی (کارەساتی بارزانی ستەملێکراو، نوێنەرایەتیم، بەرگی ئیملای کوردی، کێشەی کورد، هەزار بێژوبەند) شایەنی ئەوەن، هەموو ئه و گوتار و توێژینەوە زانستییانەی (سەنتەری ڕۆشنبیریی سرێشمە) بەسن، کە له کاتی سازدانی فیستیڤاڵی ڕێزلێنان له و کەسایەتییە لە پایزی 2010 لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو کردەوە.
ڕۆڵی مەعرووف جیاوۆک لە پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 1929 مەعرووف جیاوۆک، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەبێت، ڕۆژێکیان پەرلەمانی عێراق بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەت (#عەبدلموحسین سەعدوون#) ئەکات، که جاری چوارەمی بوو ببووە سەرۆکی حکوومەتی عێراق، مەبەست لە لێپێچینەوەکە ئەوە بووە، ئایا چۆن لە ساڵی 1925 واژۆ ئەکات بە پێدانی 10% نەوتی ویلایەتی مووسڵ بە تورکیا، لە لایەکی دیکە تاوانباریان کرد بە خزمەتکاری ئیمپڕیالیزم و نەرمیی نواندن بۆ تورکەکان، بۆیە لەناو هۆڵی پەرلەمان مەعرووف جیاوۆک، ڕووبەڕووی سەرۆکی حکوومەتی ئەوکاتی عێڕاق دەبێتەوه و یەخەی دەگرێت و قسەی زۆری پێ دەڵێت، دوای ئەم سووکایەتییە، بۆ ڕۆژی دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوه، کە دوو فیشەک بەسەریەوە نرابوون. هەروەک لە کتێبی (#بغداد فی العشرینات#)، مامۆستا عەباس بەغدادی ئەڵێ، زۆربەی زۆری گومانەکان بۆ ئەوە ئەچوون، ناکۆکیی زۆر لەنێوان عەبدلموحسن سەعدوون، هەروەها پەرلەمانتار و سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنەکان هەبووە، هەر ئەمە وایکردووە سەرکۆمار خۆی بکوژێت.
سەرچاوە: 1- د.ئازاد عوبێد ساڵح، باس لە ڕۆڵی سیاسی و کارگێڕی و ڕوناکبیریی مەعرووف جیاوۆک دەکات، (هەولێر 2012، لاپەڕە 18 شجرە بیت الی جیاووک ص1-2، جیاوک الکردی، القظية الکردية، ط2، مطبعة النجاح بغداد 1939 ص 101). 2- ڕۆِڵی مەعروف جیاوۆک لە پەرلەمانی عێراق، لە کتێبی (بغداد فی العشرینات) الاستاد عباس بغدادی، تاریخ النشر: 01/01/1999.
ئاامدەکردنی: #سارا سەردار#
[1]