کچانی پێنجوێن مەغدوورن یەکسەر
لە خاکی عێراق دەرکراونە دەر
بێ مەکتەب ئەژین وەحشی و بێ هونەر
لە هەردوو دنیا وێڵ و بێ خەبەر
لوتفی مەعاریف بۆ دێهات و شار
ئەبارێ هەر وەک بارانی بەهار
کوڕ و کچ پۆل پۆل وا بوون بە گوڵزار
هەر ئێمەی نەگرت داخم هەزار جار
ئەگەر ناحییەی لیوای عێراقین
بۆ لە مەکتەبا تەفریق و تاقین
کوڕمان پێگەیی کچمان هەرباقین
لەم خسووسەوە ساحێب مەراقین
ئەگەرچی خۆمان خەومان شیرینە
لێفەی بێهۆشی لە سەرمان چینە
نازانین مەکتەب واسیتەی ژینە
مەعاریف بۆ چی لێمان بە قینە؟
مەعلوومە عالەم زۆری نووستووە
هەندێکی تری ئەڵێن مردووە
خەبەرێک نەبێ بەم زووبەزووە
لە خەو هەڵناسین لەدەس دەرچووە
هیوامان ئەگەر حاجی و ئەعزا بێ
ئەگەر تۆزێ بێ ئەویشمان نابێ
ئەو هەر پارەکەی بە دووانە زابێ
ئیتر با هەژار غەرقی دەریا بێ
لە ئیجباریا بە یادمان ئەکەن
لە ئیستهلاکا بەربادمان ئەکەن
تووشی هاوار و فریادمان ئەکەن
بۆ لە مەکتەبا ناشادمان ئەکەن
منیش بەتاڵ و بێ ئیش و کارم
یا کەللەم ڕەقە وەیا بێ عارم
هەموو کەس بێ خەم هەر من خەمبارم
نە وەکیلی عام نە ئەعزای شارم
موفتی خەیاڵت پەرتە و بێهۆشی
یا خەو ئەبینی یاخود سەرخۆشی
نە ساقی مەجلیس نە بادەنۆشی
بۆ چی بەتەنها وا دڵ بە جۆشی [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#