دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە کوردستان دەکەم.
دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی جەنابی بارزانیی نەمر بڕیارێکی گرنگ و کاریگەر بوو بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەکەمان و هەروەها بڵاوکردنەوەی دینداری و خوداناسی و قووڵترکردنەوەی فەرهەنگی پێکەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵ و قوربانیدانی مامۆستایان و گەورەزانایانی کوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی میانڕۆیی و هزری نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەری و ڕەتکردنەوەی ژێردەستی لە مێژووی میللەتەکەماندا زۆر بەرچاو بووە و، بە دڵنیاییشەوە ئەو ڕۆڵە لە قۆناغی ئێستا و داهاتووشدا گرنگ و کاریگەر دەمێنێتەوە.
لەو یادەدا هیوای سەرکەوتن بۆ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەکان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەرکە پیرۆزەکەیان دەکەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەکمان بێت.
مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2022[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!