ناونیشانی بابەت: #هەڤاڵ خانەقینی#، بە سۆرانی و #کەڵهوڕ#ی و بادینی و هەورامییش گۆرانی دەچڕێ
نووسەر: فاتمە قاسم
بە دەنگە خۆشەکەی، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی هەوادارانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکات، تا دێت لەنێو دنیای هونەر و خەڵکدا زیاتر دەناسرێت، سەرەڕای ئەوەش، هەردەم بەرهەمی جوان و نوێ پێشکەشی هەوادارانی دەکات، بەشداری لە لایڤ موزیک و ئاهەنگی خێزانی و بووکگواستنەوە دەکات و پێی وایە، ئەمانە ڕاهێنانێکن بۆ ئەوەی هەردەم گۆرانی بڵێت.
هەڤاڵ محەمەد میرزا، ناسراو بە (هەڤاڵ خانەقینی) گەنجێکی دەنگخۆشی کەڵهوڕییە و لەدایکبووی ساڵی 1983ی خانەقینە. هەڤاڵ لە ساڵی 2006- 2005 دەست بە هونەری مەقامات و گۆرانیبێژی دەکات و شوێنی خۆی لەنێو مەیدانی هونەر و دڵی هەوادارانی دەکاتەوە و زۆربەی کەناڵ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەرهەمەکانی بڵاو دەکەنەوە و خاوەن چەندین بەرهەمی جیاوازە. لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەدا، هەڤاڵ وەڵامی پرسیارەکانی (باسنیوز) دەداتەوە.
(باسنیوز) لە کام ساڵدا دەستت بە گۆرانی گوتن کردووە؟ خولیای دەنگی کام هونەرمەند بوویت؟
هەڤاڵ خانەقینی: هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیبێژیم هەبووە و گەورەترین پاڵپشتیشم خێزانم بوو، هەر بۆیە لە ساڵەکانی 2006- 2005 لەنێو شاری خانەقین دەستم بە هونەری گۆرانیبێژی و مەقامات کرد، لە ئاهەنگ و یادەکاندا گۆرانیم دەگوت، لە ساڵی 2008- 2007 بەشدارییم لە بەرنامەی (کوردستار) کرد و توانیم پلەیەکی باش بەدەست بهێنم، ئەوکات زیاتر گرنگییم بە هونەرەکەم دا و لە سەرەتاوە لاسایی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی ناوچەی گەرمیان، بەتایبەت هونەرمەندانی خانەقینم دەکردەوە و زۆریش خولیای دەنگی هونەرمەندی گەورە مامۆستا #حەسەن زیرەک# بووم و زۆرترین کات گۆرانیی زیرەکم دەگوتنەوە.
(باسنیوز) پێتان وایە هەموو دەستپێکردنێک سەختە؟
هەڤاڵ خانەقینی: بەدڵنیاییەوە، هەموو کەسێک لە سەرەتای دەستپێکردنی هەر کارێکدا کۆمەڵێک سەختی و بەربەست دەبینێت، منیش بە هەمان تاقیکردنەوەدا تێپەڕێوم، بەڵام دەبێ زیاتر و زیاتر هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکە بدرێت، جگە لەوەش، گرنگ نییە دەرکەوتنی هونەرمەندێک چەند کات بخایەنێت، ڕەنگە زۆر بێت یان کەم، بەڵکوو ئەوە گرنگە کە دەرکەوتنێکی بەهێزی هەبێت و هەردەم هەوڵ بدات خۆی لە لوتکەدا بپارێزێ، من لە ڕێگەی بەرنامەی کوردستارەوە توانیم بە باشی دەرکەوم و هەر لەو ڕێگەیەدا توانیم کۆمەڵێک هونەرمەند لەسەر ئاستی کوردستان بناسم، ئەمەیش وای لێ کردم زیاتر هەوڵ بدەم و زیاتر گوێ لە دەنگی هونەرمەندانی کوردستان بگرم، بۆ ئەوەی بزانم دنیای هونەر پێویستی بە چییە و چۆن دەبێ هونەرەکەم بەرەوپێش ببەم.
(باسنیوز) دەکرێ تیشک بخەیتە سەر بەرهەمەکانت لە بواری هونەر؟
هەڤاڵ خانەقینی: بەدرێژای ساڵەکانی ئیشکردنم، جگە لەو گۆرانییانەی کە بە مۆسیقایەکی باش سەرلەنوێ دووبارەم کردوونەتەوە، ئێستا 30 تا 40 گۆرانیی تایبەت بە خۆمم هەیە و خاوەن یەک ڤیدیۆ کلیپم لەگەڵ هونەرمەندی ئازیز (حەسەن هەیاس) بە دویتێک لەژێر ناونیشانی (بەو)، هەروەها خاوەن بەرهەمێکی هاوبەشم لەگەڵ هونەرمەندی عەرەب (زەید حەبیب) کە دویتێکی دووبارەکردنەوەی گۆرانییەکی کۆنی فۆلکلۆرییە، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی.
(باسنیوز) بە چەند زمان و شێوەزار گۆرانی دەڵێیت و تا ئێستا لە چەند وڵات کۆنسێرتت هەبووە؟
هەڤاڵ خانەقینی: بە زمانی کوردی، بە زاراوەی سۆرانی و کەڵهوڕی و بادینی و هەورامی، هەروەها بە زمانی عەرەبی و جار جاریش بە زمانی فارسی لە ئاهەنگەکاندا گۆرانی دەڵێم، تا ئێستا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان کۆنسێرتم هەبووە، بەڵام لەدەرەوەی وڵات، بە بۆنەی نەورۆزەوە لە ساڵی 2013 کۆنسێرتم هەبووە لە پاریس.
(باسنیوز) هەڤاڵ خانەقینی حەزی لە چ گۆرانییەکی خۆیە و تێکستی کام شاعیر دەکاتە گۆرانی؟
هەڤاڵ خانەقینی: شەیدای دوو گۆرانیی خۆمم، یەکێکیان لەسەر خانەقینە بە زاراوەی کەڵهوڕی و ئەوەی دیکەش لەسەر دایکە بە سۆرانی، هەروەها لەم کۆتاییانەدا گۆرانییەکەم بە ناوی (وەرەوە) بە سۆرانی ئامادە کرد، کە لە شیعر و ئاوازی خۆمە و بەلامەوە گۆرانییەکی زۆر تایبەتە، هەندێک جار خۆم تێکستی گۆرانییەکانم دەنووسم، بەڵام زۆربەی جار تێکست لە شاعیران وەردەگرم، بە تایبەت لە شاعیر (مەولوود جومعە کارێزی).
(باسنیوز) بەرهەمەکانت لە کوێ بڵاو دەکەیتەوە و هەوادارانت چۆن پێشوازیی لێدەکەن؟
هەڤاڵ خانەقینی: ێشتر بەرهەمەکانم لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکان بڵاو دەکردەوە، بەڵام ئێستا لە کەناڵی (یوتیووب) و (ئینستگرام) و (فەیسبووک)ی خۆم بڵاویان دەکەمەوە، هەروەها دەیانێرم بۆ کەناڵەکانیش، خۆشبەختانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەواداری زۆرم هەیە، کە بە گەرمی پێشوازی لە بەرهەمەکانم دەکەن و هەمیشە داوای بەرهەمی نوێم لێ دەکەن، منیش هەموو کات لە ڕێگەی هونەرەکەم هەوڵ دەدەم دڵخۆشیان بکەم.
(باسنیوز) ئاستی هونەری گۆرانی و مەقامات لە کوردستان چۆنە؟
هەڤاڵ خانەقینی: ئاستی هونەر لە کوردستان تا ڕادەیەک باشە، سەبارەت بە مەقامیش، هەندێک لە گۆرانیبێژەکان مەقام دەڵێن، بەداخەوە زۆربەی گەنجان دوای دەرکەوتنیان، خۆیان لە مەقامبێژی دوور دەخەنەوە، بەتایبەت مەقامی کوردی، هیوادارم هونەرمەندان زیاتر گرنگی به مەقام بدەن، بۆ ئەوەی ئەم هونەرە ون نەبێت.
(باسنیوز) هەڤاڵ خانەقینی لە چ ساڵێکدا دەستی بە لایڤ موزیک کردووە؟ ئەی بۆ سەری ساڵ چی ئامادە کردووە و بۆ ئایندە چی بەدەستەوەیە؟
هەڤاڵ خانەقینی: چەند ساڵێک دەبێت لەنێو هۆتێل و ڕێستورانتەکانی شاری سلێمانی و هەولێر و کەرکووک ئاهەنگی خێزانی و لایڤ موزیک ساز دەکەم، سەرەتا بۆ نزیکبوونەوەی زیاترە لە هەوادارانم، هەروەها بۆ ڕاهێنانی دەنگم، بۆ ئەوەی لە گۆرانی دوور نەبێت، لە هەمان کاتدا داهاتێکی هەیە و دەتوانم لە ڕێگەیەوە سەرجەم کارە هونەرییەکانم بەرەو پێش ببەم، چونکە سپۆنسەری زۆربەی ئیشەکانم هەر خۆمم، ئێستا خەریکی ئامادەکارییم بۆ سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ و چەندین بەرهەمی نوێشم هەیە، کە خەریکم ئیشیان تیادا دەکەم و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادە دەبن بۆ بڵاوکردنەوە.
[1]