چاوپێکەوتن لەگەڵ جۆرج ئۆرۆیل لەسەر ڕۆمانی 1984
ئەم کتێبە زیاتر هۆشدارییە نەک پێشبینی
چاوپێکەوتن: ئیسکات پاڵمەر
ئەم چاوپێکەوتنە ساڵی 1940 لە لایەن ئیسکات پاڵمەر لەگەڵ جۆرج ئۆروێڵ ئەنجامدراوە، زیاتر قسەکردنە لەسەر ڕۆمانی 1984، ئەو ڕۆمانەی ڕەخنەی تووند لە ڕژێمە تۆتالیتارییەکان دەگرێت.
پاڵمەر: ئایا بە بڕوای ئێوە ڕۆمانی 1984 ڕۆمانێکی پێشبینکەرە، ئایا دواجار ئەم ڕۆمانە وای لێهات؟
جۆرج ئۆروێل: ئەو کاتەی ئەم ڕۆمانە چاپ کرا، ئەو پرسیارە هاتەپێشێ. من هەر ئەو وەڵامەی ئەو کاتە داومە، ئێستەش هەمان وەڵامتان دەدەمەوە، ئەو کۆمەڵگایەی من لە ڕۆمانی 1984 پێشبینیم دەکرد، مەرج نییە بەتەواوی لەسەر شانۆی ڕووداوەکان دەرکەوێت. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگریت ئەم کتیبە تەنزێکە، مەبەست لەوەیە زیادەڕۆییە گەر خاڵێک ڕوون بکرێتەوە، ئەوەی لەو کتێبەدا هاتووە شتێکە بۆ من دەکرێ لە ڕاستیدا ڕووبدات. من ئەو بەسەرهاتەم لە بەریتانیا دانا، تا پیشانی بدەم ئەو وڵاتانەی بە زمانی ئینگلیزی قسان دەکەن، ڕووداوگەلێکی لەمجۆرە واتە تۆتالیتاریسم ناتوانرێ ڕووبدات. ئەگەر دژ بە تۆتالیتاریسم شەڕ نەکەین، دەکرێ ئەم دیاردەیە لە هەر شوێنێک ڕووبدات. ئەم کتێبە زیاتر هۆشدارییە نەک پێشبینی. سەبارەت بەوەی کە ''پێشبینییەکانم'' چۆن بەدیهاتوون، پێموایە ئەوە شتێکە هەموومان دەبێ ئاگاداری خاڵی بەهێزی خۆمان بین. لە ساڵی 1950 بەدواوە، لەو کاتەوەی کە وازم لە نووسین هێنا، بڵاوبوونەوەی تۆتالیتاریسم لە دنیادا خێراتر بووە. تۆتالیتاریسم لە زۆر وڵاتدا نەخشەی بنەڕەتی کۆمەڵگایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە جیهانی ئێمە هێشتا ئەوەندە خۆی نەداوە بەدەست تۆتالیتاریسمەوە. ڕاستیی ئەوەی کە ڕۆمانی 1984 دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ئەم گرنگیپێدانە...، ئەمەیان نیشانەیەکی هیواهێنەرە.
زیادکردنی ستوونێکی تر بۆ ستوونە ئەرێنییەکان ئەو هۆشدارییەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤان وا هەست دەکەن کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا هەڕەشەیەکە بۆ زیادبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خەڵکییەوە. ئێمە ژمارەیەکی زۆر خاڵی ئەرێنیمان هەیە کە مایەی ئەوەن هیوابخوازین ئەو کۆمەڵگایەی لە ڕۆمانی 1984 باسکراوە نەیەتەدی. بێگومان لەم کتێبەدا، ئەوەی هەیە یاساکان نییە بەڵکو تاوانێکی زۆرە. بەگشتی، پێموایە جیهانی 1984 تاڕادەیەک لەچاو ساڵی 1950 نزیکترە لە بارودۆخی کتێبەکە، بەڵام زۆر کەمتر لەوەی کە دەکرێ واڕووبدات. بەهەرحاڵ توانای جیهانی تۆتالیتار زۆر بەرفراوانترە لەوەی مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە.
پاڵمەر: لە کتێبەکەدا وا زلهێزەکانی جیهان پیشان دەدەین کە ئەمانە کۆمەڵە پیلانگێڕێکن و عەقڵی، عەقڵسووکەکان بە جەنگە دەرەکییەکانەوە سەرقاڵ دەکەن. جەنگە ناوخۆییەکان نەک تەنیا دەبنە هۆی ئەوەی خەڵکی ئاگایان لە گرفتە ناوخۆکانیان نەمێنێت، بەڵکو دەبێتە بیانوویەک بۆ ستەم و سیخوڕیکردنی بەردەوام بەسەر هاوڵاتیاندا. ئایا بە ڕای ئێوە ئەمە ئێستە لە نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا ڕوونادات؟
جۆرج ئۆروێل: هێشتا پیلانگێڕییەک لە ئارادا نییە، بەڵام تا ئەو ئاستەی پەیوەندی بە مرۆڤی ئەم جیهانەوە هەیە، ڕەنگە پیلانێک لە ئارادا بێت. هەموومان لە پاڵپشتکردنی دامەزراوەیەکی سەربازی گەورەدا بەشدارین: کە چی لە ئێستادا هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نییە. هەرچەندە شتەکان لە ڕۆژئاواش ئەوەندە پۆشتە و پەرداخ نین، بەڵام هێشتا لە ڕۆژهەڵات زۆر باشترن. دەمەوێ دامەزراوە سەربازی و بەرگرییەکانمان هەمیشە لەژێر چاوەدێریدا بن، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابین کە ئەوانە پارێزەری ئازادین نەک وێرانکەری. سەرۆکەکەت ئیزنهاوەر باشترین کارێک کە کردی لەوە زیاتر نەبوو کە هۆشداریدا لە مەترسییەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگەی سەربازی – پیشەسازی. بەکارهێنانی سەروەت و سامانەکانی جیهان بۆ چەکسازی، گەورەترین تەکنیکی تۆتالیتاریتییە بۆ سەرکوتکردنی جەماوەر.
پاڵمەر: بەڵام ئەگەر هەردووکیان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت بە یەک ئەندازە ئەوەندە موشەکی ئەتۆمییان هەیە تا یەکتری سەدان جار تەفروتونا بکەن، باشە بۆچی بەردەوامن لە هەڵپەکردن بۆ بەدەستهێنانی چەکی زیاتر، زیاتر و زیاتر؟ ئەگەر ئەمە گەمەیەک نەبێت، باشە بۆچی دەبێ بەردەوام خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی زیاتر بین؟
جۆرج ئۆروێل: باشە، تواناکە ئەوەیە پرسەکە بۆ گەمەیەک بگۆڕێت، واتە ئەمە پێگەیەکە میللەتەکان بۆ ئەوە بوونیان هەیە تا پشتیوانی هێزە سەربازییەکان بکەن، نەک بە پێچەوانەوە. ئەڵبەتە، ئەمە کارێکی ترسناکە. پێموایە ئەوان نیگەرانن لەوەی کە لایەنەکەی تر ڕەنگە تەکنەلۆژیایەک گەشەپێبدات، لە ڕێگایەوە هەموو هێزی چەکەکانی ئەوان بەتاڵ بکاتەوە. ئەوکاتە بە یارمەتی یەک دوو نارنجۆکی دەستی جیهان داگیر بکات. بە بۆچوونی من ئەمە تاڕادەیەک وەک ئەو ڕووداوە وایە لە سەدەکانی ناوەڕاست لە فلۆریدا ڕوویدا. دەستە شەڕکەرەکان لەگەڵ یەکتریدا هەریەکەیان لای خۆیانەوە دەستیان کرد بە بونیادنانی بورجەکان، هەریەکەیان بوون بە خاوەنی بورجێک. پاشان، دەبوایە بورجی هەریەکەیان بەرزتربوایە لە بورجی ئەوی تر. لە قۆناغێ لە قۆناغەکان ئەم کارە بوو بە کارێکی بێمانا و گەمژەیانە.
پاڵمەر: وا پێدەچێت هەمیشە ' هەڕەشەیەک ' لە ئارادا بێت. لە ئێستەدا، ئەوە یەکێتی سۆڤیەتە دێت و دەستمان بەسەردا دەگرێت، بۆیە حکومەتەکەمان دەبێت دەسەڵاتی زیاتری هەبێت بۆ سەرکوتکردنی 'ناڕەزاییان و ''تێکدەرەکان''، دژی ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەمووان دەبێ بەشداربن لە تێستی درۆ دۆزەرەوەدا.
جۆرج ئۆروێل: ئەڵبەتە ئەمە پارادۆکسێکی گەورەیە، ئەوەی تۆ ناتەوێ ئەوەیە هێزێکی تۆتالیتاری دەستت بەسەردا بگرێت. ترسناکی گەورە لێرەدایە، بۆ ئەوەی خۆت لەوە بپارێزی تا نەکەویتە ژێر ئەو دەسەڵاتەوە، کەچی خۆت دەبی بەو دەسەڵاتە – لەم خاڵەدا، هەروەک لە کۆتایی ڕۆمانی مەزرای ئاژەڵاندا دەردەکەوێ، ناتوانی بەرازەکان لە مرۆڤ جیابکەیتەوە. بڕوام وایە لە ڕۆمانی مەزرای ئاژەڵان بەجوانی ڕۆڵی شێتی مەزنی (پارانۆیا) پیشان دراوە لە چەسپاندن و پارێزگاریکردنی دەسەڵات. بەڵام ئەوەش هەیە کە دەکرێ دوژمنانیش تووشی ئەم نەخۆشییە ببن.
پاڵمەر: بۆ هەموو ئامانجە کردارییەکان، تازە ئامێری کۆمپیوتەر داهێنرا، ئەوکاتەی خەریکی نووسینی ڕۆمانی 1984 بووی. پێتوایە گەشەکردنی تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەر کاریگەرییەکی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر ئاسۆی ئازادیدا هەیە؟
جۆرج ئۆروێل: تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەر ڕێک بریتییە لە: تەکنەلۆژیا. وەک هەر تەکنەلۆژییایەکی تر لە ڕووی مۆرالییەوە بێلایەنە، هەروەک توانای ئاگر کردنەوە یان چاپی کتێب، بەڵام لەبەرئەوەی کۆمپیوتەر بەتایبەت باڵادەستترە لە توانای مرۆڤ و بەسەریدا سەرکەوتووە، بۆیە شتێکی زۆر ترسناک دێتە بەرچاو. چون هەندێ لە تواناکانی کۆمپیوتەر، وەک کۆکردنەوەی زانیاری و گەڕان لە نێو فایلەکاندا، هەندێ کارپێکردن و بەکارهێنانەی پۆلیسیانەی تێدایە، ئێمە دەتوانین لەو لایەنەوە ڕێزمان بۆ کۆمپیوتەر هەبێت کە دەتوانێ سودی هەبێت لە دەستنیشانکردنی سنووری ئازادیمان. بەڵام بوونی کۆمپیوتەر بە دەست زۆردارانەوە ڕەنگە بۆ مەبەستی ستەمکاری بەکاربهێنرێت. بەڵام لە شوێنێک کە ئیرادەی فراوانکردنی ئازادی هەیە، هۆیەک نییە بۆ ئەوەی کۆمپیوتەر خزمەتی ئەو پرۆسەیە نەکات. پێموایە بڵاوبوونەوە و لەبەردەستبوونی کۆمپیوتەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کار بۆ ئەم مەبەستە دەکات. ڕاستە پێشێلکاری هەیە، وەک گاڵتەجاڕییەکانی هاکەرەکان، بەڵام بوونی کۆمپیوتەر لەبەردەستی هەمووان ئەمە گەشەکردنێکی دڵخۆشکەرە. سیستەمە تۆتالیتەرەکان پێش هەموو شتێک دەیانەوێ گەیشتن بە زانیارییەکان سنووردار بکەن. لە یەکێتی سۆڤیەت کەس ناتوانێ کۆمپیوتەر یان ئەپڵی هەبێت. جۆرێک لە ئانارشی دڵخۆشکەر لە وێنەی کۆمپیوتەری ئەمەریکادا هەیە. حکومەتە تۆتالیتارییەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوە هیچ نەبێ لە ڕووی ئامانجەوە ڕێکخراون، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئازادییەوە هەیە زۆر ناڕێکخراو و بێ بەرنامەن.
پاڵمەر: ئایا بەڕاستی بڕوات وایە ئەمە فاکتەرێکی گرنگە لە ڕوانگەی تۆتالیتارییەوە – تاڕادەیەک جۆرێکە لە ڕێکوپێکی تەلیسمئاسا؟
جۆرج ئۆروێل: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. ئۆبراین، بریکاری پۆلیسی ئەندێشە، لە ڕۆمانی 1984چ هۆکارێکی هەیە بۆ دووبارە شتنەوەی بیروئەندێشەی وینستۆن سمیت تا شێوەیەکی نوێ بە بیرکردنەوەی ببەخشێت؟ ئەم زلهێزانە بە ئاسانی دەیانتوانی وینستۆن بکوژن. بەڵام عەقڵی تۆتالیتاری بەرگەی ناڕێکوپێکی بیری کەسێکی تر ناگرێت کە بەشێوەیەکی تر بیربکاتەوە، لەم ڕوەوە تا کۆتایی بەردەوامی بەم کارە دەدات، تا لە وینستن سیمیتدا خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بەرامبەر بە براگەورە بەرهەم بهێنێت. ئەمەش ئەو شتەیە کە حکومەت دەیەوێ، پاش ئەوەی بیروبۆچوونی ئەو کەسەیان گۆڕی و چیتر ئاژەوەگێر و ناڕێکوپێک نەما، ئەوە دەتوانن بە ئاسودەیی پاڵ بدەنەوە..
کەسێک دەتوانێ ئەمجۆرە ڕێکوپێکیییە تاڕادەیەک لە مێشکی سەربازیدا بدۆزێتەوە. کردارێکی ئەمەریکی هەیە تایبەتە بە سوپا لە ڕوانگەی ''پۆلیسەوە'' – دەڵێ، هەموو شوێنەکە ئەوەندە ڕێکوپێک دەرکەوێ بێئەندازە ڕێکوپێک. لە ڕاستیشدا ''پۆلیس'' و ڕێکوپێکی کە پێکەوە لە زماندا کۆدەبنەوە، کارێکە بێئەندازە ڕوون و ئاشکراکەرانەیە. لە ڕۆمانی 1984 پۆلیس لەمە زیاتر هیچ شتێکی تر کارناکات.
سەرچاوە: وێبسایدی پاکستان تودەی. [1][2]