$لە ئەلکیمییەوە بۆ کیمیستری$
نووسینی: ئەلەند ڕزگار
درێژای هەزاران ساڵ مرۆڤ سەرنجی هەموو شتێکی دەدا، سەرسامبوونی خۆی بۆ هەموو شتێک دەردەبڕی، دەکرا ئەو شتەی ئەوان دەیانبینی ببێتە خاوەن چەندین ناوی جیاواز، بەرهەمهێنانەوەی بە شێوەیەکی نوێ. هەروەها دەکرا ئەو شتانەی بە درێژای هەزاران ساڵ جێگەی لێ وردبوونەوە بوو، شکۆ و بەهای خۆی لەدەست بدایە. دەکرێت بۆ باسکردنی ئەلکیمی، سەرەتا باسێکی کورتی “فەیلەسووفانی سرووشتگەرا” بکەین کە بە فەیلەسووفانی “پێش سوقرات” ناسراون، ئەوان پێیان وابوو کە دەبێت “هەر شتێک، وەک خۆی سەیر بکرێت” بەبێ تێکەڵکردنی بیرکردنەوەی ئایینی یاخود ئەفسانە. یەکێک لە فەیلەسووفە سرووشتگەراکانی وەک؛ دیمۆکرایتۆس پێی وابوو کە هەموو شتێک لە تەنۆلکەی ورد و نەبینراو پێکهاتووە، نەگۆڕن و ناوینان (ئەتۆم)، ناتواندرێت ببڕدرێت، بەش بەش بکرێت، لە ناوببردرێت. بۆیە دەکرێت لەم ڕێگەیەشەوە دیدی لاکریتۆس(1) کە هۆنەرێکی سەردەمی هێلینیزم بوو، وێناکردنی ئەو بۆ بوونی جیاوازییەکان کردەیەکی گرنگ بوو، بەو واتایەی ئەتۆمێک لە شوێنی دەستپێکەوە جیاواز دەبێت کاتێک کردارێک بەسەریدا ڕوودەدات، بۆ نموونە؛ کاتێک چەند ئەتۆمێک ڕێکدەخرێن بۆ درووستبوونی ئاگرێک، هەروەها کاتێک هەمان ئەتۆم ڕێکدەخرێتەوە بۆ درووستبوونی درەختی_ئاگراوی، کە ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ درووستبوونی جیاوازی لە جووڵەکان، ڕەنگەکان، شێوەکان، ڕێکخراوەییان. وێناکردنی ئەو بۆ دۆخەکانی ماددە (ڕەق، شل، گاز) و باسکردنی هەر ئەتۆمێک لە هەر دۆخێکدا، کە ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ بەرهەمهێنانی بیردۆزێک، کە لە ئێستادا پێی دەڵێین بیردۆزی گەردیلەیی(2).
دەکرێت لەم ڕێگەیەشەوە بپەڕینەوە بۆ “ئەلکیمی”، لەو سەردەمانەدا بوونی هەبووە، بە تەواوەتی ناوی ئەلکیمی لە سەدەکانی شەش و حەوتی پێش زایین ناسێندراوە، بەڵام؛ لەوەو پێش لە ژێر ناوەکانی؛ (هونەری خودای)، (زانستی شاراوە)، (زانستی ئاسمانی)، (هونەری هێرمس) بوونی هەبووە، بەڵام؛ تا ئێستا نەزانراوە کەی و چۆن سەریهەڵداوە. ئەلکیمی کە بە واتای کیمیاگەری کۆن دێت، بەو کەسانە دەوترا کە خەریکی کارکردن بوون لەسەر کانزاکان، گەڕان بە دوای نهێنی ژیاندا، بەو واتایەی سرووشت بۆ ئەوان شوێنێک بوو بۆ کارکردن و تاقیکردنەوە، هەوڵیاندەدا بیردۆزی بەردی فەیلەسووفی(3) بەدەستبهێنن، کە بریتی بوو لە کەرەستەیەکی بیردۆزی، پێیان وابوو توانای ئەوەیان هەیە کانزا بنچینەییەکان بگۆڕن بۆ ئاڵتوون، گەورەترین ئامانجی ئەم کردە ئەلکیمییە بریتیی بوو، لە گۆڕینی هەر ماددەیەک بۆ ئاڵتوون. هەروەها کاریانکردووە بۆ بە دەستهێنانی ئێکسیر(4) کە پێیان وابوو، بەهۆی ئەم گیراوەیەوە دەتوانن نەمری بەدەستبهێنن، بەکاریاندەهێنا بۆ چارەسەری نەخۆشی و هەندێک کاتیش ژەهراوی دەبوون پێی، ئەمەش دەبووە هۆکارێک کە ئەلکیمیستەکان هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ بەرامبەرەکەشیان بەشێک بن لە زیانگەیاندن، چوون بە هۆی ئێکسیرەوە دوو سەرکردەی ئیمپڕاتۆرییەتی چینی لە سەردەمی پێش مەسیح و دوای مەسیح ژەهراوی بوون بە ناوی (کین شین هوانگ، یۆنگ ژینگ). هەرچەندە لە دوای ئەوە بونی ئێکسیر بووە ڕێچکەیەکی گرنگ بۆ بوونی دەرمانسازی و چارەسەر، بۆ مرۆڤایەتی. ئەلکیمیستەکان باوەڕییان وابوو کە کانزاکان، ئاژەڵەکان، ڕووەکەکان گەشەدەکەن و تایبەتمەندی بە ژیان دەبەخشن، خاوەنی تاقیگە نەبوون، لەو شوێنەی کارەکانیان تێدا ئەنجامدەدا گرنگیان بە بوونی “پلەی گەرمی ژوور” نەدەدا، لە کاتی کردنی تاقیکردنەوەکاندا ئەگەر تەقینەوە ڕووی نەدایە، ئەوا تاقیکردنەوەکە بە سەرکەوتوو دادەنرا. لە پێش سەدەکانی ناوەڕاست، خەڵکی باوەڕییان وابوو کە گۆگرد(5) شەیتانە، هەرکاتێک ئەلکیمیستێک لەگەڵ خۆیدا بیبردایە بۆ تاقیکردنەوە دەیانوت کە دەستی لەگەڵ شەیتاندا تێکەڵ کردووە، هەر بۆیە زۆرینەیەک سزا دەدران یاخوود دەکوژران. ڕۆجەر بەیکۆن(1212-1293)ز خەریکی پەروەردەکردن و تێگەیشتن بوو لە سرووشت و جیهانی میتافیزیکی، هەروەها وەک ئەلکیمیستێکیش دەردەکەوت، کە بەهۆی کردارەکانی و بیروباوەڕەکانییەوە لە لایەن باوەڕدارانی کاسۆلیکەوە سزای دوازدە ساڵ زیندانی دەدەن و لە پاش ئازادکردنی دەمرێت. هەروەها ئەلکیمیستەکان بەهۆی ئەو ناڕەحەتیانەی کە تووشیان دەهات خاوەنی زمانێکی پڕ نهێنی و هێماگەری بوون، ئەمەش وایدەکرد بە شێک لە ناوی توخم و ئاوێتەکان ناوێکی خوازراو بێت، بۆ نموونە؛ ئەژدیهای سوور وەک ناوێکی خوازراو بەکاردەهێنرا بۆ نایتریک ئەسید، بە گۆگردیدی ڕەشیان دەوت هەڵۆ. پرۆفیسۆر لاورێنس پرینسپێی کە توێژینەوە لەسەر زانست و تەکنەلۆجیا دەکات دەڵێت: “ئەو هۆکارەی وایکردووە ئەلکیمیستەکان پەنا بۆ بەکارهێنانی زمانێکی نهێنی بەرن، لە ترسی سزادان و لە ناوبردنیان بووە، بۆیە زمانێکی پڕ لە نهێنی و هێماگەریان بەکارهێناوە”، هۆکارەکانی سزادان و کوشتنیان بریتیی بووە لە؛ بە کردارێکی سامناک دانراوە و پێیان وابووە بۆ خەڵکی دەبێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە، لە لایەن پاشا و شازادەکانەوە کراونەتە زیندانەوە و سزادراون، لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپاییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کردەیەکی نایاسای دانراوە. خاڵی سەرەکی لە کرداری ئەلکیمیستەکاندا بریتیی بووە لە کردەی ترانسمیوتەیشتن(گۆڕانی تەواوەتی)، گۆڕانی بنچینە بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتەیەکی نوێ، بە واتای دووبارە ژیانەوە و دووبارە گەشەسەندن دەهات، ئەلکیمیستەکان کردارەکانی (سووتان، کوڵان، بەستن..) وەک؛ گۆڕانکارییەکی تەواو و دووبارە هاتنەوە نێوبوون سەیرییاندەکرد. ئەلکیمیستەکان لە زۆربەی ناوچەکانی وەک؛ عەرەبستان، هندستان، چین هەبوون، زۆرینەیان پەیڕەوکەری یەک بنچینەبوون بەڵام؛ لە بیرکردنەوە و کرداری بەرهەمهێنانی ئاڵتوون جیاوازبوون، هەریەکەیان پێشڕەوی خۆیان هەبووە لە بوارەکەدا، دەکرێت بە کورتی باسی ئەلکیمی عەرەبی بکەین، لەو سەردەمانەدا پێشەنگی ئەو بوارە لە سەرەتادا ئەبوو مووسا جابر ئیبن حەیان (721_813)ز، لە دوایشدا ئەبو بەکر محەمەد ئیبن زەکەریا ئار_ڕازی، توانیان چەندین کردار بکەن کە جێگەی توێژینەوە و تێڕامان بێت، هەرچەندە لە لای هەردووکیان گۆڕانی کانزاکان بوون بۆ ئاڵتوون، کە ئێکسیر هاندەرێکی کرداری بوو، بەو واتایەیی بەرهەمهێنانەوەی ژیان لە شتێکی دیکەدا و گۆڕانکاری تەواوەتی لە کانزاکەدا. هەردوو ئەلکیمیستەکە لەسەر کۆمپاوندی “ئاوی قورس” دەیاننووسی، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا مینیڕاڵ ئەسیدەکان(ترشە کانزاییەکان) بدۆزنەوە، کە فێرخوازە عەرەبەکان زیاتر توانای دۆزینەوەی بەڵگەیان هەبوو وەک لە فێرخوازە چینی و هندییەکان. هەروەها جابر ئیبن حەیان بە باوکی “ئەلکیمی” دادەنرێت.
زۆرێک لە وێنە کردارییەکانی ئەلکیمیستەکان ئەوەمان بۆ دەخەنەڕوو، کە پیاوێک دەبینین سەرقاڵە بە کردارە کیمیاوییەکانەوە لەوانە؛ سووتان، دڵۆپاندن، تواندنەوە، پوختەکردن و ڕاهاتنییان لەگەڵ هەر کردەیەکی دیکەدا کە بووەتە هۆکاری کارکردن.
لە ساڵی 1404 بڕیارێک بە فەرمانی پاشا هێنری چوارەم دەرچوو، کە ڕەوایەتی دەدا بە قەدەغەی درووستکردنی ئاڵتوون یان زیو بە میتۆدە ئەلکیمییەکان، کە هۆکارەکەی بەهۆی ئەلکیمیستە فێڵبازەکانەوە بوو. بێرنارد تریفس(1406_1490)ز ئەلکیمیستێکی ئیتاڵی بوو، دەگەڕا بە دوای ئەوەی کە بیردۆزی بەردی فەیلەسووفی بچەسپێنێت، تا ئەو کاتەی مردیش لە تەمەنی 84 ساڵیدا، یەکێک لە وانەی کە بەشداری کردبوو لە توێژینەوەکەیدا، ماستەر هێنری بوو لە ڤییەنا، ساڵی 1464ز، یارمەتی بدات لە سەلماندنی بیردۆزەکەیدا، بەڵام؛ ئەوەبوو لە دواییدا فێڵی لێ کرد، ئەو کە ئەلکیمیستێکی فێڵبازبوو، چەند فێڵێکی هەبوو بۆ چاوبەستکردنی کەسە خۆشباوەڕەکان، یاخود ئەو کەسانەی خەریکی توێژینەوە بوون، وەک؛ بەکارهێنانی دەفری تواندنەوەی کانزای دوو بناغەیی کە دەتوانرا ئاڵتوونی تێدا بشاردرێتەوە، یاخود زیادکردنی وردکەی ئاڵتوونی بۆ ناو ئەو پارچە خەڵوزانەی لە ناو دەفرەکە دەکرا، یانیش سادەتر لە هەمووی، لە پێشدا تواندنەوەی هەندێک ئاڵتوون لە جیوەدا و پاشان دڵۆپاندنی جیوەکەو مانەوەی ئاڵتوونەکە بە تەنها، کە لەو سەردەمەدا خەڵکی بە بیریدا نەدەهات ئەم کردارە بتوانرێت بکرێت. یەکێک لەو ئەلکیمیستانەی بێ هیوا دەبێت لە کارەکەی، جۆرج ڕیپلێیە(1415_1490)ز کە ئەلکیمیستێکی ئینگلیز بوو، کاتێک دەگات بە چۆنییەتی درووستکردنی ئاڵتوون، لەسەر پێخەفی سەرەمەرگی دانبەوەدا دەنێت کە ژیانی خۆی بە فیڕۆ داوە لە سەرکەشییەکی بێ بەرهەمدا و ئەوانەشی هاندا کە چاوییان بە نووسینەکانی دەکەوێت، بیانسووتێنن بەوەی کە ئەوانە لەسەر تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بەند نین، بەڵکو تەنها لەسەر مەزەندەکردنێکی ڕووت بەندن. هەروەها ئەلکیمیستەکان کەسانێک نەبوون وەک؛ شازادەکان پۆشاکی خاوێن و جوان لەبەر بکەن، پاراسیلۆس(1493_1541)ز کە ئەلکیمیستێک و فیزیکزانێکی ئەڵمانی بوو، وە بە یەکێک لە پێشەوایانی شۆرڕشگێڕی پزیشکی دادەنرێت لە سەردەمی ڕێنیسانسدا، سەبارەت بە ئەلکیمیستەکان دەڵێت: ” تەمبەڵی پیشەی ئەوانە نییە، شانازیکردن و بە خۆداهەڵنازینیش هەروەها، یاخود لەبەرکردنی پۆشاکی ئاوریشمی و هەندێکجاریش دەرخستنی مستیلەکانی دەستیان، شمشێری زیوی بە خۆیانەوە بکەن، دەستکێشی سەرنج ڕاکێش و جوان بە دەستەکانیانەوە بکەن، بەڵکو؛ بە هەوڵ و تێکۆشانەوە شوێن کارەکانیان دەکەون، و تەواوی شەو و ڕۆژەکانیان لە پەنای کورە ئاگرینەکانیاندا بە ئارەقکردنەوە بە ڕێدەکەن، کاتەکانیان لە دەرەوە بە ڕابواردنەوە بەسەر نابەن، بەڵکو لە تاقیگەکانیاندا بەسەری دەبەن. پەنجەکانیان لە نێو خەڵوز و قوڕ و پیسی دەنێن، نەک مستیلە ئاڵتوونییەکان، لەسەرخۆ و ڕەشهەڵگەڕاون هاوشێوەی ئاسنگەر و کرێکارە کان_لێدەرەکان، شانازی ناکەن بە هەبوونی ڕووخسارێکی پاک و جوانەوە”. ئەو تاقیکردنەوانەی ئەلکیمیستەکان دەیانکرد، زیاتر کردارەکانیان لە ڕووی چۆنیەتییەوە بوو، بەو واتایەی دەرەئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان وەک؛ کەرەستەکانی سرووشت سەیر دەکرد(ئاسمان، زەوی، ئاگر، ئاو) بەو واتایەی سرووشت کارتێکراوبوو لە لایەن ئەلکیمیستەکانەوە. کەرەستەکانی بەردەستیان کە تاقیکردنەوەکانیان پێ ئەنجامدەدا، سەدە لە دوای سەدە گۆڕانکاری بەسەردا دەهات، بیرکردنەوەی ئەلکیمیستەکان گەشەی دەکرد.
جین ڕێی(1583_1645)ز کە فیزیکزانێکی فەڕەنسی بوو، سەرنجی لە سووتانی کانزاکان دابوو، پێی وابوو دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین ئاوێتە، ئەو کێشی توخمەکانی قوڕقوشم و تەنەکەی دۆزییەوە، بەهۆی کرداری سووتانەوە، هەروەها لەگەڵ تایبەتمەندی هەوادا، چوون باوەڕی وابوو کاتێک هەوا گەرمتر دەبێت ئەوا چڕتر دەبێت، هەروەها ئەو هۆکارەشی کە بووە هۆی ئاسانکردن و زیاتر بەرەو پێشچوونی ئەم بۆچوونانە، دۆزینەوەی پەستانپێو بوو لە لایەن ترۆسیلی لە ساڵی (1643)ز. لە دوای ئەم کردارانەوە بوونی ئەلکیمیستەکان و کردارەکانیان کەم دەبووەوە، هەوڵدەدرا کار بە میتۆدە زانسیتییەکان بکرێت و کەرەستەی نوێ بەرهەمبهێنرێت. ڕۆبێرت بۆیڵ(1627_1691)ز کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کیمیستری(کیمیاگەری نوێ) دادەنرێت، هەروەها دامەزرێنەری گرنگترین یاسای گازەکانە بە ناوی (یاسای بۆیڵ)، پێی وابوو قەبارەی گازەکان کەمدەکەن لەگەڵ زیادبوونی پەستان وە بە پێچەوانەوە، ئەگەر پرسیار لە ئەلکیمیستەکان بکرایە، چی ڕوودەدات کاتێک ماددەیەک لە هەوادا دەسووتێت؟ ئەوا بە متمانەوە وەڵامیان دەدایەوە؛ کە ماددەکە جیادەبێتەوە یاخود شیدەبێتەوە بۆ شتی سادەتر لە خۆی، بۆیڵ دەیوت: ئەو کردارە چەند زانیارییەکمان دەداتێ کە ئاڵۆزترە لە بنچینەی ماددەکە، هەروەها زیادبوونی کێش بەهۆی سووتاندنەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ جێگیری ئەو ماددەیەی کە بە ئاگرەکەی سووتاندنەکەی پێ دەکرێت. جۆن مایۆ(1640_1679) ئەوەی دۆزیەوە کە بەرگەهەوا پێک دێت لە دوو ماددەی جیاواز، ئەوانیش “چالاک و ناچالاک” هەروەها بۆیڵ تاقیکردنەوەکانی پەسەند کردبوو، پێی وابوو کە سووتانی ماددەکە بەهۆی هەموو بەرگە هەواوە نییە، بەڵکو؛ بە تەنیا پەیوەستە بە بەشێکی زۆر چالاکی بەرگە هەواوە. جۆرج ئیرنست ستاهل(1659_1734) کە کیمیستێکی ئەڵمانی بوو، وای کرد بیردۆزی فلۆجیستۆن کارپێکەر بێت بۆ کیمیاگەری نوێ و لە سەدەی هەژدەیەمدا لەسەر دەستی ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ دانی پێدانرا وەک بیردۆزێک بۆ کردە کیمیاوییەکان، کە ئەلکیمی بە تەواوەتی لە کۆتای سەدەی هەژدەیەمدا پشتی پێ نەبەسترا و کیمیای مۆدێرن شوێنی گرتەوە، بە هۆی بوونی ئەنتۆنیۆ لاڤوازێوە(1743_1794)ز، ئەو کیمیاگەرێکی فەڕەنسی بوو، لە پاریس لە دایک بوو، لە لایەن باوکییەوە پەروەردەیەکی زۆر باش کرابوو، هەروەها زۆر چێژی لە زانست دەبینی هەمیشە هەوڵی فێربوون و زانینی دەدا، کەسێکی وردبین بوو، زۆر بە وردی تاقیکردنەوەکانی ئەنجامدەدا، توانی گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەکاندا بکات، ئەویش گۆڕینی لە “چۆنیەتییەوە” بۆ “چەندێتی” و گرنگییەکی زۆری دەدا بە بوونی “کێش” لە تاقیکردنەوەکانیدا.
تاقیکردنەوەکانی لاڤوازێ، ئەوەی نیشاندا کاتێک ئاوی دڵۆپێنراو، گەرم دەکرێت لە دەفرێکی شووشەییدا(6)، هەندێک لە ماددەی دەفرەکە دەتوێنێتەوە و ئەو ماددە ڕەقە سپییەی کە بەهۆی کوڵانەکەوە دەستکەوتووە، هەمان ئەو ماددەیەیە کە لە دەفرە شووشەییەکە جیابۆتەوە. تاقیکردنەوەکانی بە هەمان شێوە ئەوەیان سەلماند کە ئاوەکە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت، کاتێک بەم کردارەدا دەڕوات؛ لە کۆتایی کردارەکەدا، هەر وەکو؛ سەرەتا وایە، ئەویش بە تەنها ئاو هیچ شتێکی دیکە نا. کە هەشت جار ئەم کردارەی بەسەر ئاوی دڵۆپێنراودا تاقیکردەوە. بەم جۆرە لاڤوازێ بەهۆی توێژینەوەکانییەوە، توانی بەشێک لە بنچینە ئەزموونییەکانی ئەلکیمیستەکان تێکبشکێنێت، وە میتۆدێکی تاک و تەنیای ناساند کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت توێژینەوە لە گۆڕانە کیمیاییەکان بکرێت؛ میتۆدێک کە هاوسەنگی بەردەوام تێیدا پارێزراوە. لاڤوازێ لە دوای ئەم کردانەوە، تیشکی خستە سەر سووتاندنی ماددەکان، بە تایبەتی تەنەکە(7). بۆیڵ گریمانەی ئەوەی کردبوو کە زیادبوونی “کێش” بەهۆی سووتاندنەکەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ جێگیری ئەو ماددەیەی کە بە ئاگرەکەی کرداری سووتاندنەکەی پێ دەکرێت؛ جین ڕێی وای دانا کە زیادکردنی “کێش” بەرهەمی تێکەڵبوونی هەوایە لەگەڵ ماددەکەدا؛ جۆن مایۆ پێی وابوو کە بەرگەهەوا، دوو جۆری جیاواز هەوای تێدایە، یەکێک لەوانە یەکدەگرێت لەگەڵ ماددە گەرمکراوەکەدا، لاڤوازێ ویستی بە تاقیکردنەوەیەک ئەم بۆچوونانە تاقیبکاتەوە، بە سووتاندنی بڕێکی کێشراوی تەنەکە لە دەفرێکی شووشەیی داخراودا، کە دەفرە شووشەییەکەشی لە پێشتردا کێشابوو، گەر بۆچوونەکەی بۆیڵ ڕاستبوایە، ئەوا کێشی تەنەکەکە و دەفرە شووشەییەکە لە کۆتاییدا گەورەتر دەبوو لە کێشی سەرەتای دەستپێکردنی کردارەکە؛ ماددەی ئاگرەکە(8) دەبێت بە ناو دەفرە شووشەییەکەدا تێپەڕێت و لەگەڵ ماددەکەدا یەکبگرێت، ئەگەر هیچ گۆڕانێک نەبێت لە کێشی گشتی کەرەستەکاندا، ئەگەر هەوا چووە ناو دەفرە شووشەییەکە لە کاتی کرانەوەیدا، دوای کرداری سووتانەکە، کێشی گشتی گەورەتر بوو لە سەرەتای کردارەکە، ئەوا پێویستە کە بیرۆکەکەی “ڕێی” وەربگرین یاخود بیرۆکەکەی “مایۆ”. تاقیکردنەوەکانی دیکە وای لە لافوازێ کرد، بڵێت؛ ئەو بەشەی هەوا کە لەگەڵ تەنەکەکە یەکی گرتووە جیاوازتر بووە لەو بەشەی کە لەگەڵ کانزاکەدا یەکی گرتووە، هەر بۆیە خۆی تەرخانکرد بۆ دۆزینەوەی ئەوەی، کە ئایا جۆری جیاوازی هەوا بوونی هەیە لە بەرگەهەوادا؟ و ئەگەر جۆرێکی زیاتری هەوا هەبێت، ئەوا سرووشتی ئەو هەوایە چییە؟ کە لەگەڵ کانزاکەدا یەکدەگرێت لە کرداری سووتانەکەدا. ئەوەی خستەڕوو کە دەبێتە هۆی ئەوەی، کانزایی دوای سووتانەکە ئەو بڕە هەوایە دەربدات کە لە کاتی درووستبوونیدا دیار نەماوە، بۆ بەراوردکردنی ئەم هەوایە بە بەرگەهەوا. هەر لەم کاتەدا بوو کە جۆزێف پریسلی(1733-1804)ز سەردانی پاریسی کرد، ئەویش خەریکی تاقیکردنەوە بوو لەسەر هەوا، شتێکی دۆزیبۆوە کە دەکرا لە ڕێگەی ئەم دۆزینەوەیەوە ئەلکیمی گۆڕانکاری تەواوەتی بەسەردا بێت و بگۆڕێت بۆ کیمیستری(کیمیاگەری نوێ) بەڵام؛ نەیدەزانی دۆزینەوەکەی چ واتایەک دەدا، بۆیە کاتێک لە پاریس لاڤوازێ دەبینێت، پێی ڕادەگەیەنێت کە جۆرێکی نوێی هەوای دۆزیوەتەوە، کە بەدەستدێت لە ڕێگەی سووتاندنی جیوەوە. لاڤوازێ پێشکەوتنێکی گەورەی لە دۆزینەوەکەی پریسلیدا بینی؛ هەربۆیە تاقیکردنەوەکەی ئەوی دووبارە کردەوە و ئەوەی ڕاگەیاند: ئەو هەوایە یان گازەی پریسلی لە ڕاپۆرتە تاقیگەییەکەیدا(9) ئاماژەی پێ کردبوو، هیچی زیاتر نییە لە پاکترین فۆڕمی ئەو هەوایەی کە هەموومان هەڵیدەمژین، ئەم هەوایەی ئامادەکرد و چەند ماددەیەکی جیاوازی تێدا سووتاند، ئەوەی دۆزییەوە کە زۆرینەی بەرهەمەکانی ئەم سووتانانە تایبەتمەندی ترشەکانیان هەیە، ناوی لەم “هەوا” تازەیە نابوو “ئۆکسجین” کە بە واتای “بەرهەمهێنانی ترش” دێت. لە دوای ئەم دۆزینەوەیەی لاڤوازێوە، کەرەستە و بیرکردنەوە ئەلکیمییەکان بە تەواوەتی وەلانران و ڕەت کرانەوە و جێگەی گرنگیپێدان نەمان، واتە لە کۆتای سەدەی هەژدەیەم کیمیای مۆدێرن بە تەواوەتی دەستی پێکرد، بۆیە لاڤوازێ توانی ناوی توخمەکانی هایدرۆجین، کاربۆن، ئۆکسجین بنێت. هەروەها گرنگی ئۆکسجینی لە ئاگرگرتن و هەناسەداندا دۆزییەوە، ئەوەی بڵاو کردەوە کە ئاو پێکهاتەیەکە لە هایدرۆجین و ئۆکسجین. هەروەها لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بە دەستی شۆڕشگێڕەکانی پاریس لە سێدارە دەدرێت. ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ بە “باوکی کیمیاگەری نوێ” ناسرا، لە دوای لاڤوازێوە کیمیستری بەردەوامی بەخۆی دا و زۆر باشتر لە ڕابوردوو گەشەی دەکرد، کەسانی داهێنەری خوڵقاند، بەشێک لەوانیش (بارزیلیۆس جۆن)، (ج، ج، تۆمسۆن)، (جۆن دالتۆن)، (ماری کوری) و چەندانی دیکە، کە لە ئێستادا گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە.
پاشکۆ:
-ئەلکیمی: سەرەتا لە لای یۆنانییەکان بە “ئەلخیمێیا” یاخود “ئەلکیمی” ناسێندرابوو، هەروەها لای عەرەبەکانیش بە “ئەل_کیمیا” ناسرابوو، لە ئێستا بە “ئەلخیمیا” وەریدەگێڕن، پاشانیش لە سەدەی سێزدەیەمی زایینیدا فەڕەنسیەکان پێیان دەوت “ئەلکوێمێ” و لە سەدەی چواردەدا پێی دەترا “ئەلکیمیێ” پاشان “ئەلکیمیێ”. وشەکە بە واتای (کیمیاگەری کۆن) دێت، لە زمانی کوردیشدا هێشتاکە وشەیەکی زانستیمان بۆ زانستی “کیمیا” دانەهێناوە، چوون ئەویشمان لە زمانی عەرەبییەوە (الکیمیاء) وەرگرتووە.
-ئاوی قورس: بریتییە لە فۆڕمێکی دیکەی ئاو کە ڕێژەیەکی زۆر ئایزۆتۆپی دوانی_هایدرۆجینی تێدایە وەک لە ئاوی ئاسایی، ناخورێتەوە چوون دەبێتە هۆکاری ژەهراوی بوون.
-بیردۆزی فلۆجیستۆن: لە بيردۆزە کيمياييە سەرەتاييەکادا، کەرەستەيەکی گريمانەيی نێو ئاگرە، کە هەموو ئەو ماددانەی تێدايە کە يارمەتی سووتان دەدەن. لەم تێڕوانينەوە، دياردەی سووتان، ئەوەی کە ئێستە ئۆکساندنی پێ دەوترێت، بەهۆی بەرەڵابوونی فلۆجیستۆنەوەيە، و ئەو ماددەيەی کە ناسووتێت و دەمێنێتەوە لەسەر شێوازی پاشماوە و خۆڵەمێش. [1]