$هۆکارەی ئاراقکردنەوەمان چییە؟$
نووسینی: گۆران ئیبراهیم.
یەک لە تایبەتمەندترین دیاردەی مرۆڤەکان، ئارەق کردنەوەیە. لەوانەیە هەمووتان ئاگادار نەبن کە ئەگەر ئارەقکردنەوە نەبوایە، ئەوە ئەگەری زۆری هەبوو کە ئێستا بونمان نەبوایە و تاکە نیشانەیەک کە بونی ئێمەی دەربخستایە، لەوانەبوایە تەنیا چەند ئێسکێکی دۆزراوە بوایە.
هەندێ لە ئاژەلەکانی تری وەک ئەسپ و ئەیپەکان، ئارەق دەکەنەوە، بەڵام نەک بە شێواز و ئەندازەی مرۆڤەکان.
کاتێک ئەژدادە کۆنەکانمان خۆیان لە دەشتەکانی ساڤانای ئەفریقا بینییەوە کە چنۆڵگە و کەڵبەی تیژیان لەدەستدابوو، ڕووبەرووی گەورەترین کێشەی مانەوە بوونەوە. تەنانەت مرۆڤەکان توانای پێشبرکێکردنی ئاژەڵەکانی تریشیان نەبووە. لە ئێستاشدا، پشیلەیەک، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ پێشی خێراترین مرۆڤ بداتەوە.
یەک لەو شتانەی کە ئێمەی هێشتەوە، میکانیزمی سارکردنەوەی لەشمان بوو لە ڕێگەی ئارەق کردنەوە. ئاسک و پڵنگەکان زۆر لە ئێمە تیژتر ڕادەکەن، بەڵام، وەک پێشتر باسمان کردووە بە درێژی، لەبەر ئەوەی ئارەق ناکەنەوە وەک ئێمە، لە کاتێکدا کە پلەی گەرمی لەشیان بەرز دەبێتەوە، بە تەواوی دەروخێن، دەکەون و ناتوانن یەک هەنگاو بنێن. ئا لەو کاتانەشدا بووە کە ئەژدادە کۆنەکانی ئێمە، هەر وەک هەندێ لە خێڵەکانی ئێستای ئەفریقا، لە ڕێگەی بەردەوام ڕاکردنێکی لەسەرخۆ، توانیویانە ئەو ئاژەڵانە بگرنەوە.
ڕێژەی لوو ئارەق ڕژێنەرەکان sweat glands ی مرۆڤ، دە بەرابەر ئەوەی شەمپانزیەکان دەبێت و هیچ ئاژەڵێکی تر، بە ئەندازە و شێوازی مرۆڤ، ئارەق ناکاتەوە.
لە ساڵی 2015دا، لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوت کە شێوازە دەربڕینی جینێکی تایبەتی کە بە Engrailed 1 (کورتکراوەکەی EN1) ناسراوە، یارمەتیدەرە لە چری لووی ئارەق ڕژێنەرەکان eccrine glands لەناو مشکەکاندا. دەرکەوت کە ئەو جینە، شێوازە پرۆتینێک دەرژێنێت کە لە کاتی گەشە کردندا، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خانە پێنەگەیشتوەکانی پێست، بگۆردرێت بۆ eccrine glands.
پرسیارە گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە چ شتێک بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو جینە چالاکتر بێت و بەو شێوەیە ئەو پرۆتینە دەرببرێت لەناو مرۆڤەکاندا؟
وەڵامەکەشی وەک لە لێکۆڵینەوەیەکی تازەدا دەرکەوتووە، وابەستەیە بەو (رێکخەری جینانە)ی کە بە enhancer regions ناو دەبرێن. بە تایبەت سەرنج درا ئەو میوتەیشنانەی کە لە جینی ناوسراو بە hECE18 ڕویداوە، بۆتە هۆکار بۆ زیاتر چالاک بوونی جینی EN1 لە پێستدا.
سەرنج درا ئەگەر ئەو میوتەیشنانەی کە لە جینی hECE18 مرۆڤەکاندا ڕویداوە، لاببردرێت، شێوازە جینی hECE18 شەمپانزیەکان دەهێنێتە کایەوە. واتە شێوازە جینی hECE18 مرۆڤ، وەک شێوازە جینی hECE18 ی شەمپانزیاکانی لێ دێت و بەو هۆکارەش، جینی EN1 کەمتر چالاک دەبێت کە ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ دروست بوونی ڕێژەیەکی زۆر کەمتری لوو ئارەق ڕژێنەکان.
ئەم دۆزینەوەیە زۆر گرنگە، چونکە لە زۆربەی کاتەکاندا، تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، هەر وەک زمان یاخود شێوازی کارکردنی مێشک، دەبەسترێتەوە بە زۆر جینی جیاواز جیاوازەوە کە لەلایەن جینە ڕێکخەرە جیاوازەکانەوە کاریگەرییان تێکراوە. لێرەدا یەک جینی تایبەت، واتە hECE18 هۆکار بووە بۆ زیادبوونی لوو ئارەقرژێنەرەکان، ئەمەش زۆر سەرنجراکێشەرە. [1]