$دەروازەیەک بەڕووی پڕۆسەی تەئویلدا (بەشی یەکەم)$
نووسینی: #خەسرەو مەحمود میراودەلی#
$پێشەکی$
$لە سەرەتای هاتنی ئیسلامدا تەنیا (قورئان) وەک دەقی ئیسلامی ئامادەیی هەبوو، لەبەرانبەریشدا تەنیا چەند گرووپێکی دیاریکراو لە نەتەوەی عەرەب لە نیمچە درووگەی عەرەبیدا وەرگر و بیسەری بوون. بەڵام لەدوای فتوحاتی ئیسلامی و ئاشنابوونی عەرەب بەمیللەتانی تر و، دوورکەوتنەوەی سەردەمی سرووش و هاتنە خوارەوەی قورئان، وردە وردە ژیری تێکەڵ بەدەق دەبوو، ئەم دۆخەش هاتنە ئارای زانستە ئیسلامیەکان و ئەو هەموو یاسا و ڕێسا و بڕیارە عەقڵیانەی لێکەوتەوە کە لەپێناو دەقدا دادەنران.$
خودی ئیجتیهادیش بۆخۆی هەر بریتییە لەم دۆخە کە ژیری ئازادانە چالاکی خۆی لەبەرانبەر دەقدا دەنواند و، هەوڵی چارەسەری ئەو بابەت و کێشە نوێیانەی دەدا کە هەلومەرجی نوێ بەناچاری هێنابونیە کایەوە و، نەدەکرا زانا و بیریارانی ئەو کاتە لێی بێدەنگ بن و، بەپاساوی پاراستنی دەق لەلادان و باوەڕ لە گومڕایی، خۆیان لەو مەسەلە تازانە بدزنەوەو بەناچاری یاخود لە نەزانییەوە بێدەنگی هەڵبژێرن.
دیارە قسەکردن لەسەر $(ئیجتیهاد)$ یاخود بوونی ئیجتیهاد بۆ خۆی بەڵگەی ئازادکردنی عەقڵە بەڕووی لێکدانەوەی نوێ و جیاواز و ناکۆتادا، بێگومان کە بواریش بۆ خوێندنەوە واڵاکرا، تەفسیر و ڕاڤەی دەق بەزۆر ئاڕاستەی جودا و تێڕامانی قوڵدا دەبات، ئەم دۆخەش بە شێوەیەکی سرووشتی $(تەئویل)$ دێنێتە ئاراوە، واتە جۆرێک لەتەفسیر و لێکدانەوەو عەقڵکاری کە لەمانای ڕووکەش و ڕواڵەتیانەی دەق لابدات و هەوڵی خوێندنەوەی دیوی ناوە و (نادیار) و (نەوتراو) ی دەق بدات.
تەئویلیش بۆ خۆی هەر بریتییە لەگواستنەوە لەمانای ڕوکەش $(ظاهر)$ەوە بۆ مانای ناخ و قوڵایی $(باطن)$ و، بونی هۆشیارییە بە مەجازیبونی دەق. بوونی سەرجەم جیاوازی و ناکۆکیەکانی نێوان گروپە فیقهی و کەلامی و ئسوڵیەکان لەئامادەگی تەئویل و شەرعیەتدان پێیەوە سەرچاوەی گرتووە، کە زەرورەتی خودی شەرعیەتدانە بە ئیجتیهاد.
ئەم هەلومەرجەش کە لەئێستادا ئامادەیە، درێژکراوەی دۆخی داخرانی دەرگای ئیجتیهادە، واتە قەدەغەکردن و حەرامکردنی تەئویل و ئازادیی خوێندنەوەو تەفسیرە، لێرەشەوەیە کە ئەم یاساغکردنی ئیجتیهادە دەرگای بەڕووی بەردەوامیدان بەتەفسیر و تەئویلدا داخستوە.
کەوتە هەڵوێستەکردن لەسەر تەئویل، بەخشینی جۆرێک لەهۆشیارییە بەنهێنیەکانی ئەم دۆخە کۆنزەرڤاتیڤ و ترادسیۆنالیەی عەقڵی ئیسلامی لەمڕۆدا گیرۆدەی بووە.
$لەنێوان تەفسیرو تەئویلدا$
(فسره: أوضحە وبينه) واتە: کە دەگوترێت: تەفسیری کرد، واتە ڕونیکردەوە و ئاشکرایکرد. (التفسیر) کە کۆ (جمع)یەکەی (تفاسیر)ە، مانای: التأویل، الکشف، الإیضاح، البیان، الشرح.
(أول الکلام) (قسەکەی تەئویلکرد): فسرە وقدرە (تەفسیری کرد و خەمڵاندی. أول الرؤیا (خەونەکانی –تەئویلکرد): عبرها (تەعبیری بۆ کردن: لێکی دانەوە).
ئەسفەهانی سەبارەت بە(تأویل) دەڵێت: (التأویل من اڵاَوْل أی الرجوع إلی اڵاصل ومنە الموئل للموچع الذی یُرجَع إلیە وذلک هو ڕد الشیء إلی الغایە المراد منە علماً کان أو فعلاً) واتە: (تأویل) لە (اڵاَوْل) ەوە هاتوە کە واتای گەڕانەوە بۆ ڕیشەو بناغەیەو، (موئل) یش لەوەوەیە کە بۆ ئەو شوێنە بەکاردێت کە خەڵکی بۆی دەگەڕێنەوە و، گەڕاندنەوەی شتە بۆ ئەو ئامانجە کە مەبەستە لێی ئیدی زانست بێت یان کردار.
جورجانیش دەڵێت: (التفسیر: فی اڵاصل: هو الکشف والإظهار)، واتە تەفسیر لە ڕیشەدا (واتە ڕیشەکەی لە فەرهەنگی زماندا) بریتییە لە کەشفکردن و ئاشکراکردن و دەرخستن، یەکسەر بەدوایدا دەڵێت: لەشەرعیشدا: ئاشکراکردنی مانای ئایەتەکەو، بابەت و مەبەستەکەی، چیرۆکەکەی و، ئەو هۆکارەیەتی کە تێیدا دابەزیوە، بەدەربڕینێک کە دەلالەتە ڕوکەشەکەی بیگەیەنێت.
لای زانا پێشینەکانی زمانی عەرەبی و موفەسیرەکانیان (تأویل) بەهاو واتای تەفسیر هاتوە، لە (خەلیلی فەراهیدی)ەوە هاتوە: (والتأوّل والتأویل: تفسیر الکلام الذي تختلف معانیه)، واتە: (تأوّل) و (تأویل) بریتین لە تەفسیرکردنی ئەو قسەیەی کە ماناکانی جیاواز دەبن.
(خازین) ی موفەسسیر پێی وایە تەفسیر زانستی ڕیوایەتە و کۆڵەکەکەی ئەو فەرمودانەیە کە لە پەیامبەر و هاوەڵانەوە گواستراونەتەوە، بەڵام (تەئویل) زانستی (دیرایەت) ە، لەبەر ئەوەی پڕۆسەیەکی درووستی تێگەیشتنە بۆ دەقەکان و ڕێبازگەلێکی دیاریکراو بۆ چارەسەریان و هەڵێنجانی مانای حەشاردراو لێیان، دەگرێتە بەر.
(زەرکەشی) یش، هەمان ڕەوتی گرتۆتەبەر و، پێی وابوە: (موفەسسیر گوێزەرەوەیەو، موئەوویل، واتە تەئویلکار، کاری هەڵگۆزینە....
تەئویل لە ژیانی هاوەڵاندا نەبۆتە دیاردە لەبەر ئەوەی هێشتا پێغەمبەر لەناویاندا بوەو، ئایینەکە لە سەرەتایدا بوە، بەڵام (ژیانی هاوەڵان بەجێگیری و هێمنی مایەوە هەتا جیاوازیی و ناکۆکی سیاسی لەنێوانیاندا هاتە ئاراوەو، جیاوازی و ناکۆکی لەمەسەلەکانی ئایینیشدا بەدوای ئەو جیاوازیە سیاسیانەدا هاتن، لەسەرەتادا لەدەوری خەلافەت و دەربارەی ئەو کەسە بو کە خاوەنی مافە لەخەلافەتدا، ئەشعەری (کۆچکردو لە330کۆچی) دا دەڵێت (یەکەمین جیاوازی کە لەنێوان موسوڵمانانداو لەدوای پێغەمبەرەکەیان ڕوویدا، جیاوازییان بوو لەئیمامەتدا).
لەپاشانداو لەدوای هاوەڵان کۆمەڵێک لەپیاوانی پێشین (سلف)، لەنموونەی: (موجاهیدی کوڕی جەبر) ی مەککی (104 کۆچی) و (عەتیەی کوڕی سەعد) ی کوفی (111 کۆچی)، بە چەند هەوڵێکی فیکری هەستان، بۆ تەئویلکردنی (متشابهات)ی قورئان بەتەئویلێکی مەجازیانە، کە پشتی بەشێوازەکانی عەرەبی و بنەماکانی دەبەست، بەڵام هەوڵەکانیان کۆکردنەوەو ڕێکخستنی میتۆدیانەی نەبوو.
لە (موجاهید)ەوە دەگێڕنەوە کە پێی وابوە کە (الراسخون فی العلم: ڕەگيان داکوتا لە زانستدا) کە لە ئایەتی 7ی سورەتی (ال عمران)دا هاتوە، تەئویلکردنی (موتەشابیه) دەزانن، بەمەش دەرگای تەئویلی بۆ ئەوانە کردەوە کە بەدوای خۆیدا هاتن.
تەئویلی ڕێکخراوی پشتبەستوو بە میتۆدێکی عەقڵی، لەروی مێژوییەوە بە موعتەزیلەوە پەیوەستە کە پێیانوابوە دورخستنەوەی ئەو تێڕوانین و سیفاتانەی لەگەڵ سرووشتی خواوەندێتیدا ناسازێن تەنیا بەوە دەبێت کە مەجازیانە تەئویل بکرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە هەندێکجار تەئویلی موعتەزیلەییانەدا هەیە لە ناڕەوایی و زیادەڕەوی و هەوڵدان بۆ ئەوەی دەقی قورئان بکەنە بەڵگە بۆ درووستیی ئەو بۆچونە ئایینی و مەزهەبیانەیان کە بڕوایان پێیان هەبو، بەڵام ئەو کارەی دەستیان پێکرد، تاکە چەکێک بو بۆ زاڵبون بەسەر مەسەلەی (تەشبیه) و (موشەببیهە) دا و، سەرجەم موسوڵمانان گرتیانە بەر لەگەڵ چەند هەموارکردنێکی کەمدا.
ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە هەموو خوێندنەوەیەک بۆ ئایەتەکانی قورئان کە لەڕوکەشێتیی مانای دەقەکان لایدابێت، ئەوا بەگوێرەی دوورکەوتنەوەی لەو ڕوە ڕواڵەتیەو ڕۆچوون بەودیوی دەقدا، لەتەئویل نزیکبۆتەوە، کەواتە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا جۆرێک لەتەئویل هەر ڕویداوەو بەئاکام گەیشتوە، لێرەشەوەیە کە (ئەبو زەید) سەبارەت بەجیاوازی نێوان (التفسیر بالمأثور) و (التفسیر بالرأي)، واتە جیاوازی نێوان (تفسیر) و (تأویل)دا دەڵێت: (کارێکی پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین جیاکاریی نێوان ئەم دو ئاڕاستەیە لەواقیعی عەمەلیدا- یەکلاکەرەوە نەبوە بەم ڕونیەی کە مەسەلەکە لەئاستە تیۆریەکەیدا تەرحی دەکات، لەبەر ئەوە پەڕتووکەکانی (التفسیر بالمأثور) لەهەندێک ئیجتیهاداتی تەئویلیی لای هەندێک لەموفەسیرە کۆنەکان خاڵیی نەبووە، ئەو موفەسیرانەی لەسەرەتاکانی ژیانیاندا هاوسەردەمی هاتنە خوارەوەی دەق بون لەنموونەی (ابن عباس)، لەلایەکی دیکەشەوە پەڕتووکەکانی (التفسیر بالرأي): تەفسیرکردن بە بۆچون و عەقڵ) یان تەفسیرکردن بە تەئویل، لەو ڕاستیە مێژویی و زمانیانە کە پەیوەستن بەدەقەوە، خۆیان بێئاگا نەکردووە. کێشەکەش خاوەنی ڕەهەندی میتافیزیکیانەی خۆیەتی کە زانا کۆنەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا لێی بەئاگانەبوون، گەرچی ناڕاستەوخۆش خۆیانیان لێ لادابێت.
کێشەکەش بریتییە لەوەی: چۆن بکرێت بگەینە مانای (بابەتیانە)ی دەقی قورئان؟ ئایا لەوزەی مرۆڤدایە، بەو سنوردارێتی و کەموکوڕیەیەوە کە بگاتە مەبەستی خوا لەو کەماڵ و ڕەهاییەیدا؟! هیچ یەکێک لەدو کۆمەڵەکە بانگەشەی ئەگەری ڕودانی ئەمەیان نەکردووە، بەڵام ئەنجامی مەسەلەکە ئەوەیە تەئویلگەراکان ئازادتر بون لە تێگەیشتن و کردنەوەی دەرگای ئیجتیهاددا.
هەوڵدان بۆ ئیکتیفاکردن بەتەفسیر و دەستبەرداربوون لە تەئویل، گەرچی بەعەمەلی پڕۆسەیەکی مەحاڵ و نامومکینە، مانای سووربوونە لەسەر یەک مانا و یەک تەفسیری ڕوکەشانە بۆ دەق، واتە لە بنەڕەتدا بڕوانەبونە بە بەردەوامیی پڕۆسەی تەفسیرکردن و خوێندنەوەی قورئان و داخستنی دەرگا بەڕوی نوێبونەوەیدا. لە کاتێکدا کە هەموو تەفسیرێکی نوێ، یاخود هەمو قسەکردنێکی نوێ لەسەر تەفسیر، بەزەرورەت ئیجتیهادە، ئیجتیهادیش ئیشکردنی عەقڵە لەدەقدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی لەواقعدا هەیە.
هەر بۆیە هیچ کەسێک لەئاکامدا لەبەکارهێنانی ڕوانین و بەگەڕخستنی ژیری داناماڵرێت، تەنانەت ئەوانەش کە بانگەشەی ئەوە دەکەن مەعریفە بەدەقە نەک بەژیری (رأي) لەمەشدا هەر لەبۆچونێکەوە سەرچاوە دەگرن، واتە تەئویلکارن. لەبەر ئەوە جیاوازییەکە لەنێوان چەند جۆرێک لە تەفسیر و ئیجتیهاداتدایە. کەسانێکی دەقگەرا هەبوون زانای کەموێنە بون و بەژیری هەڵوێستەیان لەسەر حەقیقەتی سەرسامکەر کردووەو مانای مەزنیان هەڵێنجاوە. عەقڵگەرایانێکیش هەبوون کە لە نەقڵگەراکان پتر بە دەقەوە خۆیان هەڵواسیوەو لەوان زیاتر بەتەقلیدەوە نووساون. [1]