$ئیخوانی تونس؛ لە درووستبوونەوە تا لە دەسەڵاتخستن$
نووسینی: #حەسەن یاسین#
لە کۆتایی مانگی تەمموزی ڕابردوو، بۆ بەدەنگەوەهاتنی شەقامی تونس، سەرۆک کۆماری وڵات قەیس سەعید، بە داخستنی پەڕڵەمان ڕایگەیاند: کە سەردەمی حوکمڕانیی ئیخوان لە تونس کۆتاییهات. ئیخوان لە تونس بەناوی حزبی نەهزە کاریان دەکرد، جگە لەوەی لە پەڕڵەمان زۆرینەبوون و سەرۆکی پەڕڵەمان ڕاشد غەنوشی سەر بەوان بوو، فەرمانڕەوای وڵاتیش بوون.
لە ساڵی 1969 هەریەک لە ڕاشد غەنوشی و عەبدولفەتاح مۆرۆ و ئحمێدە نێفەر، بە مەبەستی دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی سیاسیی دینی، کە ئیسلام سەرچاوەی بێ و هەوڵبدا بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەواییەکی ئیسلامی لە تونس، یەکەمین کۆبوونەوەیان کرد. لەنیسانی 1972 لە ماڵی شێخ عەبدولقادر سەلامە لە شاری مرناق کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئیسلامی (جەماعەتی ئیسلامی)یان درووستکرد.
لە سەرەتای درووستکردنی کۆمەڵەی ئیسلامی، بە لاساییکردنەوەی حەسەن بەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلمین لە میسر، کە 10 ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆمەڵەکەی تەرخانکرد بۆ لایەنی عەقیدە و بانگەواز، ڕاشد و هاوەڵەکانیشی بڕیاریاندا خۆیان لە کاری سیاسی بەدووربگرن و لە مزگەوتەکاندا ئەڵقەی ڕۆشنبیریی عەقیدەیی ئیسلامی پێکبهێنن. ئیدی چەندین کۆمەڵەی لەبەرکردنی قورئانیان پێکهێنا. لە ساڵی 1972 شێخ عەبدولقادر سەلامە دەستیکرد بە دەرکردنی گۆڤاری (ئەلمەعریفە) وەک مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی کۆمەڵەکەیان. لە 20ی مارتی 1972 لە مزگەوتی گەورەی سوسە چالاکییەکی گەورەی بانگەوازیان ڕێکخست و بەوهۆیەوە هەریەک لە غەنوشی و مۆرۆ و زۆریتریش دەستگیرکران و پاش ماوەیەک وەزیری داد محەمەد بن لونە لای سەرۆکی تونس بورقێبە واسیتەی بۆ کردن و ئازادکران. لەنێوان ساڵانی 1977 و 1979 گروپێک لەوانەی بە چەپی ئیسلامی ئاماژەیان بۆ دەکرێت، لە کۆمەڵەی ئیسلامی جیابوونەوە، چونکە لەڕووی فیکر و عەقیدەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی کۆمەڵەکە نەدەگونجان. دیارتینی ئەوانەی جیابوونەوە ئحمێدە نێفەر و سەلاحەدین جورشی بوون. لەنێوان 11 و 13ی ئابی 1979، بەنهێنی، لە شاری مەنوبە و بە ئامادەبوونی 60 ئەندام، یەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی ئیسلامییان بەست و تێیدا دەستووری کۆمەڵەکەیان پەسەندکرد!.
لە ڕۆژانی 9 و 10ی 1981، بەنهێنی، کۆنگرەی دووەمی کۆمەڵەکەیان بەست، کە هاوکاتبوو لەگەڵ ڕاگەیاندنێکی سەرۆکی تونس حەبیب بورقێبە، کە تێیدا جەختی لەوە کردبۆوە کە ڕێگر نییە لەوەی لەپاڵ حزبی فەرمانڕەوا، حزبی تریش درووستببن و بێنەناو مەیدانی کاری سیاسییەوە، ئەوەبوو کۆمەڵەی ئیسلامی ناوی کۆمەڵەکەیان گۆڕی و کردیان بە حەرەکەی ئیتیجاهی ئیسلامی. لەو کۆنگرەیەدا جەختیان لەسەر خۆبەدوورگرتن لە کاری توندوتیژی و دیاریکردنی ڕێبازی فیکریی بزووتنەوەکە و پەیکەری ڕێکخراوەیی کرد.
ڕۆژی 6ی حوزەیرانی 1981 ڕاشد غەنوشی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، دامەزراندنی بزووتنەوەکەی ڕاگەیاند و لەهەمان کاتیشدا داوایەکیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی قانوونی پێشکەش بە حکومەت کرد و هیچ وەڵامێکیان لە حکومەتەوە پێنەگەیشت. ئیدی بزووتنەوەکە بەردەوامبوو لە کاری نهێنیی خۆی و لەو پێناوەدا گەلێک جار سەرکردەکانی دەستگیرکراون. کە لە 7ی نۆڤەمبەری 1987 زەینەلعابدین بن عەلی کودەتای بەسەر سەرۆک بورقێبە کرد، بزووتنەوەی ئیتیجاهی ئیسلامی پشتگیریی خۆی بۆ کودەتاکە دەربڕی، لە بەرانبەردا سەرۆکی نوێی وڵات هەموو زیندانییە ئیسلامییەکانی ئازادکرد، کە ڕاشد غەنوشی یەکێکبوو لەوان. لە شوباتی 1989دا بزووتنەوەکە ناوی خۆی کرد بە بزووتنەوەی نەهزە (رابوون) بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەستووری نوێی وڵات، کە دامەزراندنی حزبی سیاسی لەسەر بنچینەی دینی، ڕەتکردبۆوە!.
لە 1ی مارتی 2011دا، دوای شۆڕشی تونسییەکان بەسەر دیکتاتۆری وڵات زەینەلعابدین، نەهزە مۆڵەتی قانوونی وەرگرت و لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیدا لە کۆی 217 کورسی، 89 کورسی (42 %)یان مسۆگەرکرد و حکومەتێکی ئیئتیلافییان پێکهێنا، لەوکاتەوە تا کۆتایی مانگی ڕابردوو، ئیخوان موسلمینی تونس فەرمانڕەوای وڵات بوون و جگە لە سەرۆک کۆمار، زۆربەی جومگەکانی وڵاتیان بەدەستەوەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک پێشتریش لە نووسینی تردا باسمکردووە، ئیسلامییەکان (بەتایبەت ئیخوان)، جگەلەوەی ناتوانن فەرمانڕەواییەکی باشی وڵات بکەن، ناتوانن بەپاکی هاوبەشیی هیچ لایەکیش قبووڵ بکەن، بۆیە تونس لەسەردەستی حزبی نەهزە، بەرەو دواوە گەڕایەوە، گەندەڵی زیادیکرد، فەرمانڕەوایی وڵات خرایە خزمەت ئامانجەکانی ئیخوانی نێودەوڵەتی، هاوکاریی تورکیا کرا بۆ پەڕاندنەوەی چەکدار و چەک و تەقەمەنی بۆ لیبیا، خزمەتگوزاریی؛ ڕووی لە کزیی بوو، وڵات خرایە نێو هاوپەیمانێتیی تورکی-قەتەری، دۆخی تەندرووستی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕووی لە داڕمان بوو، هەموو ئەمانە خەڵکی هێنایەسەر جادە و سەرئەنجام بۆ بەدەنگەوەهاتنی شەقام، سەرۆک کۆمار قەیس سەعید کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد بۆ لەدەسەڵاتخستنی حزبی نەهزە، ئیدی ئیخوان لە تونسیش شکستیان خوارد و لاپەڕەیەکی تریان خستەسەر تۆماری شکستی ئیخوان لە فەرمانڕەوایی!. [1]