هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییان داوەتە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەوەی چیتر مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن و هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە ڕادەگرن، گەر هێزەکانی پێشمەرگە ڕێکنەخرێنەوە و نەکرێنە هێزی نیشتمانی.
جگە لە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و هاوکاری کردنیان لە زۆر زانیاری دا، ئەمەریکا مانگانە بڕی 20 ملیۆن دیناری بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان کردووە، خواستی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانانیش بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانیان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و #پارتی دیموکراتی کوردستان#یە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
ڕزگار محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەڕڵەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت چەند جارێک لەگەڵ هاوپەیمانان کۆبووینەتەوە، ئاگاداریان کردینەوە تا بە حیزبەکانمان بڵێین، گەر هێزەکان یەکنەخرێنەوە و لەدەرەوەی وەزارەت بمێننەوە، هاوکاریەکانیان ڕادەگرن و مامەڵەمان لەگەڵ ناکەن.
ئەو وتیشی هاوپەیمانان چاویان لەسەر هێزەکانی هەفتا و هەشتای یەکێتی و پارتی یە، کە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، هەرچەندە هەنگاو بە هەنگاو دەخرێنە سەر وەزارەت، بەڵام پڕۆسەکە زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.
سەرباری فشارەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام لایەنە سیاسییەکان و بە دیاریکراوی یەکێتی و پارتی خاوەنی هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیانن، ئەم هێزانە لە بری فەرمان وەرگرتن لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، فەرمان لە حیزب و بەرپرسە حیزبییەکانەوە وەردەگرن.
بەهۆی ناکۆکی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و ناکۆکی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە، نزیکەی دوو مانگە، #شۆڕش ئیسماعیل# وەزیری پێشمەرگە دەوامی نەکردووە، ئەمەش هێندەی تر هێزەکانی هاوپەیمانانی نیگەران کردووە، بەو پێیەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی ئەوان لەگەڵ وەزیردایە.
ڕۆژی 19 ی ئەم مانگە، هاوپەیمانان پەیامێکیان ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵای هەرێم کردووە، جەختیان کردووەتەوە بەم شێوەی ئێستا ناتوانن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دا بکەن. [1]