سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێڕاق، لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە ڕێگری بکرێت لە بردنە دەرەوەی دۆلار و سنوورێک دابنرێت بۆ دۆخی خراپی دراوی ئێڕاقی و حکومەتی ئێڕاق بە بەرپرسیارێتی ئەرکەکانی هەڵبستێت.
#مستەفا کازمی# ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە بەشێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشوو کردووە لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە دۆسییەکانی گەندەڵی بە گوێرەی بڕیاری دادگا و بەڕێکاری یاسایی ئەنجام بدرێن و نابێت لەژێر هیچ فشارێکدا خەڵک بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیر بکرێت یان ئازاد بکرێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، پەیوەست بە نرخی دۆلاریش بەرانبەر دینار، جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە هاوکاری لەنێوان کەرتی گشتی، دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت هەبێت، حکومەتی پێشووش وتاری جوڵاندنی هەست و سۆزی شەقام و شاردنەوەی ڕاستییەکانی ڕەتکردەوە چونکە ئەو هەنگاوە گرفتەکانی زیاتر ئاڵۆز دەکرد.
هەروەها کازمى بەرگرى لە لیژنەى بنبڕکردنى گەندەڵى دەکات کە لە ساڵى 2020 و لەسەردەمى دەسەڵاتى ئەودا دامەزرا و بە گوتەى سەرۆک وەزیرانى پێشوو پێکهێنانى لیژنەکە لەسەر داواکاریى جەماوەرى بووە و هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنى بەبێ فەرمانى دادگەى تایبەتمەند نەکراوە.
سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئێڕاق دەڵێت، پاراستنی ژیان و ئاساییشی هاووڵاتیانی ئێڕاق ئەرکی هەموو لایەنەکانە و داواش لە هەمووان دەکات کار بکەن بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار و ڕاگرتنی ئەو پەرش و بڵاویەی سەبارەت بە سیاسەتی نەختینەیی دراوی بیانی و هەڵاوسانی ئابووری بڵاودەکرێتەوە. [1]