ناونیشانی بابەت: کۆمپانیا بیانییەکان و دەسەڵاتى سیاسییان
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
دواى ئەوەى کۆمپانیا پیشەسازییەکان بە تایبەت نەوتییەکان لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمەریکا توانى یان ڕۆڵى بەرچاو ببین لە پێشخستن و زیادکردنى سامانى وڵاتەکانیان وردە وردە بوونە خاوەن دەسەڵاتێکى کاریگەر لە بازنەکانى درووست کردنى بریار لە وڵاتەکانیان بە جۆرێک هەرکەسێک بەرەنگارییان ببێتەوە ماناى بەرەنگارى بوونەوەى سەروەرى وڵاتەکەی ئەگەیاند، تەنانەت هەر کاتێک لە هەرسووچێکى جیهاندا بەرژەوەندى ئەم کۆمپانیایانە کەوتبێتە مەترسىیەوە ئەوا زۆر بە ئاسانى داواى سوپا و یارمەتییان کردووە بۆ فریاکەوتنیان. مێژوو نموونەى ئەم حاڵەتانەى زۆر تۆمار کردووە لەوانە لابردنى (سانتۆس زیلا) ى سەرۆکى نیگاراگوا لە ساڵى 1909چونکە ناوبراو کۆششى دەکرد بۆ کەم کردنەوەى دەسەڵاتى کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لەسەر ئابوورى وڵاتەکەى.
سەرمایە دارەکان سەرەتا تەنیا کاریگەرییان لەسەر سیاسەتى وڵاتەکەیان هەبوو بەڵام لە قۆناغى دواتردا خۆیان بوون بە بریاردەر و سیاسەتمەدار، باشترین نموونەش لە سەدەى بیست دا (جۆن فۆستەر دالاس) ە کە چەندین ساڵ گەورەترین کۆمپانیاى دەبرد بەڕێووە پاشان بوو بە وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا. (داڵاس) خودى خۆى لە ساڵى 1953 سەرپەرشتى پڕۆسەى ڕووخاندنى حکومەتى (موسەدەق) ى لە ئێران کرد چونکە ناوبراو نەوتى ئێرانى خوماڵى کرد و زیانێکى گەورەى بە بەرژەوەندى کومپانیا ئەمریکى و ڕۆژاواییەکان گەیاند.
لە سەدەى بیست و یەکیشدا دەبینین (دیک چینى) جێگرى (جۆرج بۆش) ى سەرۆکى ئەمەریکا پشکێکى گەورەى لە کۆمپانیاى (هالبیرترن) ى نەوتى هەبوو، هەربۆیە دەستێکى باڵاى هەبوو لەدارشتنى نەخشەى ڕووخانى حکومەتى بەعس تابتوانن چەند گرێبەستێکى نەوتى لە ئێڕاق بەدەست بهێنن.
لە وڵاتى نێجیریاش کۆمپانیاى (شیل) ى نەوتى بە دەست تێکەڵاوى لەگەڵ پۆلیس و سوپاى ئەو وڵاتە هەرچى مانگرتن ونارەزایى هاووڵاتیان هەبوو سەرکوتیان کرد ئەو هاووڵاتیانەى بۆ نارەزایى دەربرین لە دژى شوێنەوارى گەران بەدواى نەوتدا هاتبوونە سەر شەقام چونکە بە هۆى نەوتەوە هەرچى ئاو و کشتوکاڵ و دارستانیان هەیە پیس ببون.
لە ئێڕاقیشدا دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم سەرۆک کۆماری ئەوسای ئێڕاق لە ساڵی 1963دا یاسای ژمارە (80) ى دەرکرد و بەوپێیە دەسەڵاتی کۆمپانیای (IPC) ى کەم کردەوە 99ى خاکی ئێڕاقی لە دەست کردەوە و لە پڕۆسەی گەران و پشکنیندا تەنیا 1ی بە دەست هێشتەوە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەستوەشانێکی گەورەبوو لە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیای (IPC) . ئەم هەنگاوەی عەبدولکەریم قاسم پاڵی بەکۆمپانیای ناوبراوەوە نا لە پشتی پەردەوە هەوڵ بۆلادانی ئەو حکومەتە بدەن، تا ئەوە بوو لە کۆتاییدا پشتیوانیان لە بەعسیەکان کرد و کودەتای 8 ى شوباتی ساڵی 1963یان ئەنجام دا کە تیایدا کۆتایی بە حوکمی قاسم هات. کە بەعسییەکان هاتنە سەر تەخت لە یەکەم بەیاننامەیاندا ڕایانگەیاند کە ئەم بزووتنەوە نوێیە کاردەکات بۆ زیادکردنی توانای داراییان و زامن کردنی بەردەوامی ڕۆیشتنی نەوت لەگەڵ مافی کۆمپانیاکان لە بەردەوام بوون لەسەر کارەکانیان. [1]