مەحمود سەنگاوی: زۆرن ئەو کەسانەی کە لە ژیانی پێشمەرگایەتی و سیاسیمدا قەرزاریانم، سەعدە خانی هاوسەرم بە نموونە. ئەو زەمەنەی کە گیان باجی ئازادی و کوردایەتی بڤەیەکی گەورە بوو، بۆ ساڕێژی زامە قووڵەکانی گەلەکەمان بڕیاری هەڵگرتنی دەرمانی تفەنگ و فیشەکمان دا و ئاڵای بەگژداچوونەوەمان دژ بە ستەم و زوڵم و زۆری داگیرکەران هەڵکرد، سەعدە خانی هاوسەرم هاوشانی بەندە ناوی خۆی لە دەفتەری شۆڕشدا ناونووس کرد و کەشکۆڵی پێشمەرگایەتی کردە شانی و بووە هاوەڵی کەژ و کێو و نەهامەتییەکانی خەباتی چەکداری. سەعدە بێ ترس بوو لە ئاست مردن، شەڕ، چۆڵەوانی و ئاوارەیی. ئەو لە هەموو شت گەورەتربوو، لە خەم، ئازار، تەنیایی، بێنان و خۆراکی و هاوشانی بەندە لەم دێ بۆ ئەو دێ و لەم شاخ بۆ ئەو شاخ سەودای مەرگی دەکرد، ئەو بە سەخاوەتەوە باوەشی بە شۆڕش بۆ ئازادیدا کردبوو.
$خاوەن نیگایەکی پڕ لە هیوا$
سەعدە، خاوەن کەسایەتییەکی هێمن و پشوودرێژ و سەلار و سەنگین بوو، پڕاوپڕ بوو لە شکۆ و غیرەت و ملنەدان بۆ نەهامەتییەکان. ئەو کچە جووتیارێکی هەست ناسک بوو، هێمنی و سەلارییەکەی سەرنجی هەموو دەوروبەرەکەی ڕادەکێشا و زیرەکی و وریایی لە ڕوخساریدا دەدرەوشایەوە. زۆرن ئەوانەی لە ڕۆژگاری تەنگانەدا سەریان نەوی ناکەن و بێ ئومێدی ناخیان ناخوات و لە گۆڤەندی خەبات و تێکۆشاندا ملی هەورازی قووچ دەگرن و بێ پشوو ڕێ دەکەن، سەعدە خان لەم چەشنە ژنانە بوو، هەر ئەمە وای کرد سەعدە زوو لەگەڵ ئاوارەیی و دەربەدەرییدا خۆی تێهەڵکێش بکات و ببێتە جێگای متمانەی بەندە و ژنانی هاوخەباتی.
سەعدە، هەر ڕۆژێ لازم بووبێ گیانی نەزری من و منداڵەکانی بکات غائیب نەبووە، ئەو ڕۆژگارەی باری قورسی هەژاریی و ئاوارەیی تەنگی پێ هەڵچنین ئەو هەرگیز دانەچڵەکی و سڵی نەکردەوە و شانی دایە بەری و نیگاکانی پڕ پڕ دەکرد لە ئومێد و هەزاران جار لەو پێناوەدا گیانی خۆی گەیاندە قەراغی مەرگ.
$چەندین جار مەرگی بەزاندبوو$
مەخابن خۆشیی سەرکەوتنەکانی دوای ڕاپەڕین بۆ سەعدە کەم بوو، لە ناو کەفوکوڵی خۆشییەکانی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسدا مۆتەکەی نەگریسی نەخۆشی یەخەی پێگرت و نەیهێشت ماندوویەتی ڕۆژگاری شۆڕش و خەباتی دەرچێت و لەبەر بەرۆچکەی ماڵەکەیدا بحەسێتەوە. ئەو بە جەستەیەکی هیلاکەوە هیلاک لە دەربەدەریی و ئاوارەیی و نەهامەتی ڕووبەڕووی تاقەت پڕوکێنترین نەخۆشی بۆوە کە نەخۆشی شێرپەنجە بوو. بە چاوی پڕ لە ئومێد و دڵێکی بەهێزەوە ساڵانێکی زۆر بێ حەسانەوە لەگەڵ مەرگدا جەنگا و نەخۆشی چۆکی پێدانەدا.
کە بۆ کۆتا جار لە نەخۆشخانە و لە شاری ستۆکهۆڵم چاوم پێی کەوت بارودۆخی باش نەبوو، نەخۆشی بڕستی لێ بڕی بوو وەک ئەوەی چاوەڕێی کۆتا دیدارمان بووبێ و ئیدی بیەوێ ماڵاواییەکی یەکجارەکی بکات. باوەڕم بە مەرگی ئەو نەدەکرد ئاخر ئەو چەندین جار ڕووبەڕووی مەرگ ببووەوە و بەزاندبووی و هەمیشە بە کەشکۆڵێک لە خەم و ئازارەوە نیگاکانی پڕ پڕ دەکردن لە هیوا و ئومێد بۆ داهاتوو.
$یادگارییەکان وەک فلمێک دێنە بەرچاو$
بەداخەوە ئەو هاوڕێ بە ئەمەک و بە وەفایەی ژیانم، نزیکی دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە ناو تەم و مژی بەیانییەکی بێ نازدا جێی هێشتین و پێڵوی چاوە نەرمەکانی بۆ هەتا هەتایە لێک نا و ڕۆحی پەپوولە ئاسای لەو زستانە ساردەی ستۆکهۆڵمەوە بۆ ئەبەد باڵی گرتەوە و بۆ کۆتا جار گوزەرێکی بە ناو هەموو ئازارە پەنگ خواردووەکانی ناخیدا کرد.
کە هەواڵی ماڵاواییتم بیست، کسپەیەک لە ناخمەوە هات و کوڵی گریان بەربینی گرتم، پاڵم دایە دیوارێکەوە و تاس بردمییەوە، لە بارێکی دەروونی تایبەتیدا بووم، بیر و ئەندێشەم بۆ دەیان مەبەست باڵی گرتبووەوە، وەک ئەوەی فلمێکم بۆ لێ بدەن هەموو یادگارییەکانی هاتەوە پێش چاوم و بە ڕۆیشتنی برینێکی قووڵی لە دڵمدا کردەوە.
سۆراخی تۆ لە هەر دار و بەردێکی ماڵەکەت بپرسی. دەڵێن هەبوو نەبوو عەیامێک بەر لە ئێستا ژنێکی ڕووسووری پڕاو پڕ لە ئومێد هەبوو، عاشقێکی یاخی و عەوداڵێکی ئازادی بوو، مژدەی دڵی منداڵانی شەهید و فەقیر و هەژاران بوو. سبەینان پێش خۆر کەوتن ئازاری نەگریسی نەخۆشی خەوی لێ دەزڕاند و بە ئومێدەوە تا چێشتەنگاو دڵی دەدایەبەری و نیگاکانی پڕدەکرد لە عەشقی نوێ.
$وەفا و پاکی و بەئەمەکی$
سەعدە گیان تۆ لە چاوی مندا هەمیشە مەزن دەردەکەوی، لای هاوڕێ و دۆستەکانت لە قوتووی هەستیاندا هەڵگیراوی، لە یادەوەریشماندا وەکوو ژنێکی ڕووسووری بە ئەمەک بۆ هەمیشە نمایش دەکرێی. هەرچی بۆ تۆ بنووسرێت هێشتا ناگاتە ئاست وەفا و پاکی و بە ئەمەکیت، تۆ ڕۆیشتی و سەدان یادگاری و کۆڵێک خەم و پەژارەت بۆ جێهێشتین و بۆ ماڵاواییت گریانێک قوڕگی گرتووین هێندەی خەمەکانت گەورە و هێندەی ئازارەکانت بە سوێن.
تۆ ڕۆشتی و نەوتراوەکانیشت لەگەڵ خۆت برد و تا دێت خەمی لێرە نەبوونت گەورەتر دەبێت. کە لێرە نیت هەموو شتەکان بێ ناز دەچنەوە و هەموو ئازارەکانی دوای ڕۆشتنی تۆ وا بە بێدەنگی ناخمان دەخوات.
با دووریش بیت، بەڵام یاد و یادەوەریت هەمیشە زیندوو ڕادەگرین. [1]
#مەحمود سەنگاوی#، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی #گەرمیان#.
#2023-01-02#